فەهمی بورهان: پارێزەری كەركوكییەكان دەبین

0
385

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات لەهەر پلەو پۆستێكدای بین خۆمان بە پارێزەری ماف و داواكارییەكانی كەركوك و كەركوییەكان دەزانین، و ڕێگە نادەین هیچ ناحەقییەك بەرامبەر بە كوردانی ئەم سنورە بكرێت وداوا رەواكانیان بە لایەنی پەیوەندیدار دەگەیەنین.

فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: ئەركی ئێمەیە كە بە بێ‌ جیاوازی بەرگری لە ماف و داواكاری هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای كەركوك و سەرجەم ناوچە دابڕاوەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكەین، بۆ ئەومەبەستەش بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی سنوورەكە هەیە و بە مەیدانیش سەردانی كوردانی كەركوكمان كردووە و گوێمان لە كێشەو گرفتەكانیان گرتووە.

ئاماژەی بەوشكرد، هەمیشە خۆمان بە خزمەتكاری هاووڵاتیان زانیوە و داوا رەواكانی كەركوكییەكانمان بە لایەنی پەیوەندیدار گەیاندووە و ئەوەی لەتواناماندا هەبووە كێشەو گرفتەكانمان چارەسەر كردوون، هاوكات ڕێگەش نادەین هەر ناحەقییەك بەرامبەر بەهاووڵاتیانی خۆمان لە كەركوك بكرێت و پارێزەری وەرگرتنەوەی مافەكانیان دەبین.

سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی زیاتر لە كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیان تیبگەین و ئەو ئەركەی پێمان سپێردراوە بە باشی جێبەجێی بكەین، لە نزیكەوە و بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان دەكەین و خۆمان بە بەشێك لەچارەسەری كێشەو گرفتەكانی كەركوكییەكان دەزانین.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this