“بڕیارى دووباره‌ سزادانه‌وه‌ى گوهدار زێبارى ئابڕووچوونێكى نوێى دادگاى هه‌ولێره‌”

0
429

SNN
هەرچەندە بڕیاربوو پێنشجەممە 16ی ئازار، یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ناوی گوهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە 7 مانگ حوکمدرا بە تاوانی “گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی”. یەکێک لە پارێزەرانی ئەو دۆسێیەش دەڵێت: “سکاڵەکە دەبوو لەلایەن کۆمپانیای تۆیۆتا یان دایۆوە بکرایە، کەچی ئاسایش و داواکاری گشتی هەولێر لە بری ئەوان سکاڵایان تۆمارکردووە”.

پارێزەر بەشدار حەسەن، سه‌رۆكى تیمى پارێزه‌رانى ده‌ستگیركراوانى بادینان له‌و باره‌یه‌وه‌ بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، “ئەو بابەتەی گوهدار زێباری کاتی خۆی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆنی جۆری دایۆی Daewoo کڕبوو پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت لەسەر بۆنیتەکەی دەبووایە لۆگۆی دایۆی لەسەر بێت، بەڵام کاتی خۆی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە گۆڕیویەتی و کردویەتی بە لۆگۆی تۆیۆتا Toyota”.

ناوەڕاستی ساڵی 2020 گوهدار زێباری و چەند کەسێک کە دواتر بە “زیندانیانی بادینان” ناویان دەرکرد، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی (1) لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران.

بەڵام بەشدار حەسەن دەڵێت: “گوهدار کە لە ساڵی 2020 بەو ماددەیە دەستگیرکرا لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، پاشان پێی حوکمدران، هیچ کارێکیان نەکردبوو کە بە تێکدانی ئاسایش دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبوو”.

ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنی تایبەتی بۆ ئەو زیندانیانە دەرکرد، بەپێی لێبوردنەکە 80٪ حکومی ئەو سزادراوانە کەمکرایەوە، بەوەش گوهدار زێباری ئه‌مڕۆ رۆژی ئازادکردنی بوو.

پارێزەر بەشدار حەسەن له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، “کەسوکار و دایکی گوهدار بە جۆرێک ئامادەکاری بۆ رۆژی ئازادی كوڕه‌كه‌ى كرد بوو کە سبەی هەموومان بانگهێشتکرابوین بۆ نیوەڕۆخوان، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دادگای هەولێر ئەو حوکمەی دا”.

‌پارێزەرەکەی گوهدار ئه‌وه‌شى وت: “ئەو بابەتەی دوێنێ کە دادوەری دادگای کەتنی هەولێر کە گوهدار زێباری سزا دا بە ماددەی 279 ، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تۆمەتە ناڕەوایەی کە خراوەتە پاڵ گوهدار زێباری ناگونجێت، بەڵکو ئەوە سەرپێچییە”.

ئەو پارێزەرە بڕیارەکەی دادگای هەولێری بە “ئابڕوچوون” ناوبرد و وتی: “بەڕاستی ئەوە (ئابڕووچوونه‌) لەبەر ئەوەی ماددەی 279 باسی نیشانەی هاتوچۆ و ژمارەی ئۆتۆمبێل دەکات، دەڵێت: ئەگەر کەسێک ئەوانە ساختە بکات پێویستە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلەکان ئەو سکاڵایە تۆماربکەن”.

بەشدار حەسەن جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، “بەهیچ جۆرێک لەڕووی یاساییەوە ناکرێت ئاسایش یان کەسێک بێت لەبری ئەو دوو کۆمپانیایە سکاڵا تۆمار بکات، ئەوە بابەتی نیشانەی بازرگانیە دەبێت یەکێک لە کۆمپانیاکان دەعواکە بجوڵێنێت کە (عنصر جزائی) تێدا نییه،‌ بەڵکو پێبژاردنه (غەرامە)”. وتیشی: “سکاڵاکە تەنها لە لایەن داواکاری گشتی و ئاسایش لەسەر گوهدار تۆمارکراوە”.

پارێزەر بەشدار حەسەن ئەوەشی وت: “ئێمە دوای نەورۆز ئەو بڕیارە (تەمیز) دەکەینەوە و دڵنیاشین لە دادگای تەمیز ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵەیەکی زۆر زۆر گەورەیه”.

بە وتەی پارێزەر بەشدار حەسەن، “هیچ کام لە پارێزەران ئاگاداری ئەو سکاڵایە نەبوون پێشتر”، لەو رووەوە بەشدار حەسەن دەڵێت: “نەمانزانی ئەو سکاڵایە چۆن و لەکوێ و لەکەیەوە هاتووە؟! تەنانەت ئێمە نەمانزانیووە تیمی پارێزەران ئاگادار نەبووین ویستویانە هەر بە دزیەوە حوکمی بدەن و کەس نەیزانێت، لەکۆتا جار گوهدار زێباری کە بردویانە بۆ دادگا خۆی تەلەفونی لە پۆلیسێک وەرگرتووە و پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە ئێمە لە دوا ساتەکانی کۆتایی پێڕاگەیشتین بۆ ناو دادگا و پارێزەرێکم رەوانە کرد، چونکە خۆم لە دادگای هەولێر نەبووم بەپەلە گەیشتە ناو دادگا و پێڕاگەیشت بێ ئەوەی بوار بدەن ئێمە پەڕاوەکە بخوێنینەوە بزانین بابەتەکە چییە یەکسەر دادگا حوکمی دا بەداخەوه”.

وتیشی: “ئێمە هیچ ئاگادارنەبووین و هیچ کەس بە ئێمەی نەوتووە مادام موەکیل (گوهدار) مان لە زیندان بێت پێویستە دادگایی کردنەکە ڕابگیرێت و ئاگاداری پارێزەرەکەی بکرێتەوە ، دەبووایە ئیدارەی چاکسازی بەشی یاسایی ئاگادارمان بکەنەوە، من خۆم هەفتەیەک پێش ئێستا سەردانم کردوون و سەیری پەڕاوی گوهدار زێباریم کردووە و پێیان ڕاگەیاندم کە هیچی لەسەر نەماوە نییە و لە 16ی مانگ ئازاد دەکرێت. ئێمە تووشی شۆک بووین کە ئەمڕۆ ئەو حوکمەی دادگا درا”.

بەشدار حەسەن دەشڵێت: “هەر لە خۆڕا ئەو سکاڵایەیان کردووە تەنها بابەتەکە سیاسیە و دەستێکی سیاسی لە پشتە و دادگا بۆتە دیلی بەردەستی ئاسایش و حزب”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this