لەشکری رۆژ مەترسی بۆ سەر مووچەی پێشمەرگە دروست دەکەن

0
811

SNN-عەلی حەمە سەعید

ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمانی سەرۆكی پێشووی هەرێم و سەرۆكی ئێستای پارتی بڕیاری دروستكردنی هیزی پێشمەرگەی رۆژ (لەشکری رۆژ)ی دەركرد، بەوتەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم ژمارەی ئەو هیزانە زیاد لە 12هەزارە و مووچەی مانگانەیان زیاتر لە 900 هەزار دینارە و لەسەر بودجەی وەزارتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن، پەرلەمانتارێكی عێراقیش ئاماژە بەوەدەكات بوونی ئەو هیزە بیانوو دەداتە عێراق بۆ ئەوەی مەترسی زیاتر لەسەر هەلوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە دەربكات.

باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: گرفتێكی زۆر گەورە ڕووبەڕووی هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە بەگشتی بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هیزێكی بیانی كە هاووڵاتی هەریمی كوردستان نین بە بڕیاری حزبێكی سیاسی و لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و دەستوەردان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دروستیكردوون، ئەویش هێزی پێشمەرگەی رۆژە كە ژمارەیان دەگاتە 12 هەزار كەس و هەروەها پارتی ئازادی كوردستان (پاك) كە لەلایەن ( حسێن یەزدان پەنا) سەرۆكایەتی دەكرێن.

مووچەی مانگانەیان لە 900 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات و مووچە

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی 14 سالە ئەم هێزانە مووچە و بودجەیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو هێزی زێرەڤانی دابینكراوە، لەكاتێكدا ئەو كەسانەی لەم هێزانەدا كۆكراونەتەوە ناسنامەی وڵاتێكی دیكەیان هەیە و هاووڵاتی عێراق یان هەرێمی كوردستان نین، بۆیە لە ئێستادا كە وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نەبووە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بنیرێت حكومەتی هەرێم هۆكارە بۆ ئەوە چونكە دەزانێت ئەگەر لیستی هێزەكانی پێشمەرگە بنێرێت بۆ عێراق دەردەكەوێت كە كەسانێك هەن خەڵكی هەرێمی كوردستان نین و پارە و مووچە لەسەر هەرێم وەردەگرن، ئەوەش پێچەوانەی یاسا بەركارەكانە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگەی خولی پینجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانمان ژمارەی ئەو هێزانە زیاد لە 12 هەزار كەسە و مووچەی مانگانەیان لە 900 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات و مووچە و بودجە و چەك و پێداویستیەكانیشیان لەسەر هێزەكانی زێرەڤانی دابیندەكرێت كە دواجار دەچێتەوە سەر بودجە و خەرجی وەزارەتی پێشمەرگە.

بوونی ئەو هیزانە پێچەوانەی دەستوری عیراق و یاسا بەركارەكانە

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوكاتەی كە لە پەرلەمان بووین چەندین جار بە نوسراوی فەرمی داوامان لە حكومەتی هەرێم كردووە كە زانیاری تەواومان لەسەر دروستكردنی هێزی ڕۆژ پێبدات، بەڵام ئامادەبوو هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو هێزانە بداتە پەرلەمان، بۆیە بوونی ئەو هیزانە پێچەوانەی دەستوری عیراق و یاسا بەركارەكانە چونكە ئەو كەسانەی ئەو هیزانەیان پیكهیناوە خەڵكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانن و پەیوەندییان بەهەرێمی كوردستانەوە نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لەلایەن هەر كەسێكەوە سكاڵا تۆمار بكرێت لەسەر نادەستوریی بوونی ئەو هێزانە بەدڵنیاییەوە دادگا بڕیار لەبەرژەوەندی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە نادات، چونكە ئەوانە خەڵكی وڵاتێکی دیكەن و هاتوون لەسەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان مەشق و ڕاهێنانیان پێبكرێت ئەمە جارێكی دیكە پێچەوانەی دەستوری عێراق.

دوور نییە بڕیار لەسەر ڕاگرتنی مووچەی هیزەكانی پێشمەرگە بدرێت

سۆزان مەنسور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكیتی بە SNNی ڕاگەیاند: بێگومان بوونی هەرهیزێكی بیانی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان یان عێراق كە مووچە و بودجەیان لەسەر حكومەتی هەرێم بێت ئەمە پێچەوانەی دەستورە، چونكە ناسنامەی ئەو كەسانەی لەو هێزانەن هاووڵاتی عێراقی نین، ئەمەش مەترسییە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر سكاڵایەك لەدادگای باڵای فیدراڵی تۆمار بكرێت، دادگا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە دەربكات یاخود بەلایەنی كەم بڕیار لەسەر ڕاگرتنی مووچەی هیزەكانی پێشمەرگە بدات.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNNهێزی پێشمەرگەی ڕۆژ، كە ساڵی 2011 لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دروست كران، سەرەتای خۆڕێكخستنی لەشكری ڕۆژ، لە ڕیزەكانی ئەلقاعیدە و ئیخوان موسلیمیندا بوو، كە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێناسە دەکرد‌، ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دروستكردنی ئەو هێزانە سەرەتا بۆ ئەوەبوو وەك باڵانسی هێز بەرانبەر هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە بەكاریان بهێنێت، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانی لە ڕۆژئاوای كوردستان جێگیر ببن روویانکردە هەرێمی كوردستان، ئەندامەكانیان لە كامپەكانی بنەسڵاوە، خنس و بەعشیقە لە لایەن سوپای وڵاتێكی دراوسێی عێراقەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێكرا.

تێچووی مووچەی مانگانەیان دەگاتە نزیکەی 15 ملیار دینار

لە 12/4/2012 بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئێستای پارتی، ئەو چەكدارانە لەسەر میلاكی هێزەكانی زێرەڤانی، وەكو هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ یاخود لەشکری رۆژ ناسێنران، لەكاتێكدا ئەو چەكدارانە پێشتر ناوی (پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا‌)یان لەخۆیاننابوو.

تەنیا تێچووی مانگانەی مووچەکانیان جگە لە پێداویستییەکانی دیکەیان، دەگاتە نزیکەی 15 ملیار دینار، بەوپێیەی مووچەی مانگانەی هەر پێشمەرگەیەکیان بە گوێرەی پلەکانیان لە نێوان 900 هەزار دینار بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this