هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان

0
3443

SNN

بنکۆڵکاری-تيمی ڕۆژنامەنوسانی SNN

کە دەچيتە شاری هەولێر و لە بەشێکی شارەکە تا چاو بڕبکات بينا و باڵەخانەی بەرز و تەلاری نەخشێنراو دەبينيت و وا بير دەکەيتەوە؛ شتێک نييە لەو شارە بەناوی کێشەی خزمەتگوزاری و ئاو و ئاوەڕۆ و خەڵکی هەژار، بەڵام کاتێک چەند کیلۆمەترێک لە باڵەخانە بەرزەکان دووردەکەويتەوە دەبينيت چەندين گەڕەکی ئەو شارە نوقمی کێشە و گرفتن و بێبەشن لە سەرەتايترين مافەکانيان، کە بوونی رێگەوبان و ئاوەڕۆ و تەنانەت ئاوی خواردنەوەيە لە وەرزی هاویندا، ئێستای هەولێر لەرووی دیمۆگرافی و دانیشتووانەوە بەسەر دوو چین دابەشکراون چینێک هەولێر وەک دوبەیە بۆیان، بۆ چینێک هەولێر وەک قەڵا کۆن.

ئەوەی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر لە وەرزی زستاندا پێوەی دەناڵێنن، دروستبوونی لافاوە کە لە 2021/17/12 بووە هۆی گيانلەدەستدانی 12 کەس، بووە يەکێک لە رووداوە تراژيدييەکانی ساڵ لە هەرێمی کوردستان، چيرۆکی قوربانييەکانيش مايەی نيگەرانی هاووڵاتيان بوو بەتايبەت چيرۆکی خنکانی منداڵێکی تەمەن 10 مانگ کە تا ئێستا تەرمی ئەو، لەگەڵ هاووڵاتييەکی ديکە کە شوان بوو نەدۆزراوەتەوە.

باوکی دانەر بەمجۆرە چيرۆکی لەدەستدانی منداڵەکەی دەگێڕێتەوە:

شەوی لافاوەکە لەگەڵ هاتنەژوورەوەی ئاو بۆ ماڵەکەمان دەستی منداڵەکانم گرتوو چووينە دەرەوە، هەردوو منداڵەکەم خستە سەر ئۆتۆمبێلی ماڵە دراوسێيەکمان، بەڵام لافاوەکە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی هێنا و کێشای بەو ئۆتۆمبێلەدا و هەردوو منداڵەکەم کەوتنەخوارەوە، فرياکەوتم کوڕە گەورەکەم بگرمەوە، بەڵام دانەر کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلەکە و ئاو بردی ئەوەنە بينيم دوو جار دەستی بۆ بەرز کردمەوە وەک ئەوەی بانگم بکات فريای بکەوم بەڵام نەمتوانی پێی بگەم.

نەبەز ساڵح، باوكی دانەر بە SNNی وت “لەدەستدانی دانەر زۆر ئازاری داوین بەڵام ئێستا ئەگەر ئاسودەییەك بە دەروونمان بگات دۆزینەوەی تەرمەكەیەتی بەڵام هێشتا هیچمان لێوەدیار نییە، لەچەند شوێنی جیاوازیشەوە هاووڵاتیان بەخۆبەخشانە هاتوون بەدەممانەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەكە بەڵام هیچ ئەنجامێكمان دەستنەكەوتووە.

لە لایەكی دیكەوە لە ناحیەی دارەتوو گەڕان بەدوای تەرمی شوانە 20 ساڵانەكەدا بەردەوامی هەیە بەڵام جگە لە دۆزینەوەی ناسنامە و سویچی ماتۆڕسكیلەكەی هیچی دیکە نەدۆزراوەتەوە.

ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە لافاو گرتوويەتيەوە، وێنە:SNN

ئەوەی لە روودانی لافاوەکەی هەولێر جێگەی پرسيارە ئەوەيە هۆکاری دروستبوونی لافاو لەو شارە چييە وە کێ لێی بەرپرسە؟

SNN بەدواداچونی بۆ ئەو بابەتە کرد و بەشێک لە لايەنە پەيوەنديدارەکان بەمجۆرە وەڵاميان دايەوە:

بەرژەوەندی بەرپرسەكان خراوەتە پێش بەرژەوەندی هاووڵاتیانەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێی وایە هۆکارەکەی ئەوەیە كار بە ماستەرپلانی شارەکە ناكرێت و بەرژەوەندی بەرپرسەكان خراوەتە پێش بەرژەوەندی هاووڵاتیانەوە.

عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر روونیکردەوە: “راستە هەولێر ماستەرپلانی تایبەت بەخۆی هەیە بەڵام بەداخەوە كاری پێناكرێت، لەپێناو بەرژەوەندی چەند كەس و كۆمپانیایەكی دەستڕۆیشتوو ماستەرپلانەکە دەستکاریکراوە و شێوێندراوە، ئەم پرۆژە نیشتەجێبوونانەی کە تازە دروستکراون تۆڕی ئاوی باران و تۆڕی ئاوی قورسیان نییە، بەرپرسانی حکومەتیش چاوپۆشی لەم کەموکورتییانە دەکەن و بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو ناگرن، هەر ئەمەیە کە لافاو و کارەسات دروستدەکات”.

بەگوێرەی قسەکانی ئەندامەکەی پارێزگا، هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی لافاو لەو شارە زیادەڕۆییە بۆ سەر زەوی شارەوانی، دەشڵێت: “بەشێك لەو پرۆژە نیشتەجێبوونانەی كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دروستكراون لە هەولێر زادەڕۆییان كردووەتە سەر کەند و ڕێڕەوە سەرەكییە ئاوییەكانی شارەکە، پێشتر لە هەولێر سێ‌ كەندی گەورە و سروشتی هەبوون كە ڕێڕەوی ئاوی هەولێریان پێدا تێدەپەڕی بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا دەستكاری سروشتی ئەو كەندانە كراو هەرسێ‌ كەندەكە پڕكراونەتەوە و كراون بە پڕۆژەی نیستەجێبوون”.

زۆربەی كەندە سروشتییەكان پڕكراونەتەوە و لە جێگەیاندا پرۆژەی نیشتەجێبوون دروستكراون

هەر لەبارەی پڕکردنەوەی کەندە سروشتییەکانەوە، لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: “لەدوای سەردانێکی مەیدانیمان بۆ شوێنی روودانی لافاوەکە کردووە، بۆمان دەرکەوتووە كە زۆربەی كەندە سروشتییەكان پڕكراونەتەوە و لە جێگەیاندا پرۆژەی نیشتەجێبوون دروستكراون کە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاوی هەولێر گۆڕدراون”.

سەبارەت بە چاوپۆشیکردن لە کەموکورتییەکان، عەبدولڕەحمان وتی: “لە هەولێر كەسانی شایستە لە شوێنی شایستە دانەنراون هەر ئەوەش وایكردووە كە ئەو بەرپرسانەی هەولێر نەتوانن لە ئاست داخوازی هاووڵاتیان كاربكەن”.

لەلایەکی دیکەوە ئەندازیارێکی شارستانی شارەزا لە بواری ئاوەڕۆ نەبوونی رێژەی سەوزایی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی لافاوەکە دەزانێت.

لەوبارەیەوە دەڵێت: لەو پرۆژە نیشتەجێبوانەی کە تازە دروستکراون بەشی زۆری کراوەتە بینا و كەمترین رێژەی سەوزایی دەهێڵدرێتەوە بۆیە لەكاتی باران بارین زەویەكە ناتوانێت ئەو ئاوە هەڵبمژێت كە باریوە.

ئەو ئەندازیارە هۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوەی لافاوی هاوشێوە لەو شارە و دەڵێت: “بەهۆی ئەو بێ‌ پلانی و گەندەڵییەی كە لە پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆی شاری هەولێر ئەنجامدراون لەهەر حاڵەتێكی باران بارینی بەخوڕ مەترسی دووبارە دروستبوونەوەی لافاو لەئارادایە”.

قەرەبووکردنەوەی زيانلێکەوتووان

کارەساتی هەولێر جگە لەوەی پرسەی خستە چەندین ماڵەوە، زیانی زۆریشی بە ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان گەیاند، لەدوای رووداوەکان حکومەتی عێراق رایگەیاند کە بە بڕی دوو ملیار دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکاتەوە، بەڵام پارتی تاکلایەنە هاوکارییەکانی رەتکردەوە.

سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتی رەتکردنەوەی ئەو قەرەبووە، عەبدولڕەحمان موهەندیس بەرچاوڕوونی ئەوەی داوە کە “رەتکردنەوەی بڕی دوو ملیار دینارەکەی بەغدا بەتەنها پارتی لەپشتەوەبووە و فراکسیۆن و ئەندامانی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگا پێیان باش بووە کە ئەو پارەیە وەربگیرێت و ئەوەشمان بە یاداشتێک خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە بەغدا بكەین بڕێكی زیاتر هاوکاری دارایی رەوانە بكات، بەڵام ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری هەولێر کە لە پشکی حزبەکەیە تاكلایەنانە بڕیاریاندا کە نەدەبوو بەتەنها بڕیارێكی لەوشێوەیە بدەن چونكە ئەوە مافێكی هاووڵاتیانی هەولێر بوو کە لێی بێبەشکران”.

ئەوەشی ئاشکراکردووە: “فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێیان باش نەبوو كە ئەو بڕە پارەیە رەتبكرێتەوە و تەنانەت دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگاشمان بەجێهێشت”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: “پێمان سەیرە حكومەتی هەرێم بە ئاشكرا داوا لە بەغدا دەكات پارە بۆ مووچەخۆران بنێرێت بۆچی 200 ملیار دینارەكە قەبوڵ دەكەن و وەریدەگرن بۆچی ئەم دوو ملیار دینارە وەرناگرن، لەكاتێكدا ئێمە بەشێكین لە عێراق و ئەو پارەیەش دابینكراوە لە بودجەی لەناكاوی عێراق بووە و وەك هەر پارێزگایەكی دیكە مافی خۆمانە بۆماندابینبكرێت”.

هەولێر يەک مليار دۆلاری پێويستە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆ

ئەندامەکەی ئەنجومەن رەخنەی ئەوەش دەگرێت کە ئەوەسەرەڕای ئەوەی لەساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت تا ساڵی 2014 كە بودجەیەكی زۆر دەهاتە هەرێمی كوردستان نەتواندرا گرفتەکانی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر بكرێن و نەتوانراوە تۆڕی ئاوی قورس و تۆڕی ئاوی باراناو دروستبكەن و هەولێر لەوكێشە و گرفتانە رزگاربکەن، لەکاتێکدا ئێستا كە هەولێر فراوانبووە پێویستی بە بودجەیەكی زیاتر هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئاو و ئاوەڕۆ كە نزیكدەبێتەوە لە یەك ملیار دۆلار.

زيانەکانی لافاوەکەی 17ی مانگی رابردوو خۆی لە زيانی گيانی و ماديدا دەبينێتەو؛

زيانەگيانييەکان بەجۆرێکە، 12 کەس گيانيان لەدەستداوە کە لەنێوياندا هاووڵاتييەکی عەرەب و هاووڵاتييەکی ئێزدی، دوو هاووڵاتی نيپاڵی کە کارمەندی کارگە بوون، تا ئێستاش تەرمی 10 کەس دۆزراوەتەوە.

زيانە مادييەکانيش بەمجۆرەيە:  سێ هەزار و 287 کەس زەرەرمەندبوون، سێ هەزار و 161 خانوو ئاوی تێچووە، هەزار و 87 ئۆتۆمبێل زەرەرمەندبوون،  140 دوکان زەرەرمەندبوون، هەزار و 29 سەر مەڕوماڵات لەناوچوون، 24  ماتۆڕيش زەرەرمەندبوون، چەند شوێنێکی ديکەی بازرگانی زيانيان پێگەيشتووە.

رۆژی 19/12/2021، دوای دەرچوونی فەرمان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ”لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر” بەسەرۆکایەتی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر  دەستيان بە لێکۆڵينەوە کرد بەڵام تا ئێستا ئەنجامی بەدواداچونەکانيان رانەگەيەندراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this