ئاشتى هه‌ورامى پیاوى گرێبه‌سته ره‌شه‌كان چۆن كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێمى به ئه‌مڕۆ گه‌یاند؟
بنكۆڵكارى: تیمى رۆژنامه‌نووسانى SNN
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ئێستادا خاوه‌نى زیاتر له 60 گرێبه‌ستى نه‌وتی و 27 پاشكۆى گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان كه كه‌رتى و‌زەى هه‌رێم به گشتى و نه‌وت و غازى سروشتیان پێ رێكخراوه به درێژایى ماوه‌ى 14 ساڵ، به‌ڵام كلیلى سندوقى داخراوى ئه‌م گرێبه‌ستانه كه ئاشتى هه‌ورامى، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمه بۆ كاروبارى وزه ماوه‌ى نزیكه‌ى ساڵێكه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆى به هه‌رێمى كوردستانه‌وه نه‌ماوه، توێژه‌رێكى بوارى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانیش ده‌ڵێت: “گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان زیاتر له قازانجى كۆمپانیاكانن، ئه‌مه‌ش گومان دروستده‌كات”.
ئێستا ساڵى 2020ه، ساڵێك به‌سه‌ر ته‌مه‌نى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تێپه‌ڕیووه، ماوه‌ى 14 ساڵه كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێم به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌ستى به وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى وزه‌دا كردووه، ماوه‌ى حه‌وت ساڵه ئه‌م حكومه‌ته كه خاوه‌نى چوار پارێزگایه به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى سیاسه‌تى به سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانى راگه‌یاندووه، خاوه‌نى 60 گرێبه‌ستى نه‌وتییه، به‌ڵام هه‌مان ئه‌م هه‌رێمه كه دانیشتووانه‌كه‌ى له زۆرترین ئه‌گه‌ردا شه‌ش ملیۆن كه‌س تێناپه‌ڕێنن و ماوه‌ى 15 ساڵه خاوه‌نى كابینه‌ى یه‌كگرتووى حكومه‌ته، له مانگى ئابدایه و هێشتا مووچه‌ى مانگى ئازارى دابه‌شنه‌كردووه، له ساڵى 2013ه‌وه یاساى بودجه‌ى نییه و رۆژانه هاووڵاتییان ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئاماره‌كانى خۆكوشتن به‌هۆى هه‌ژارییه‌وه تێیدا له هه‌ڵكشاندان، بێكاریی و كۆچى گه‌نجان هێڵى سوورى تێپه‌ڕاندووه، به وته‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت، “27 ملیار دۆلار قه‌رزدارى كۆمپانیا بیانى و ناوخۆییه‌كانه”، هه‌میشه‌ش كه باسى ئابوورییه‌كه‌ى و ئه‌م دۆخه ده‌كرێت كه ئێستا تێیدایه ته‌نیا هاوكێشه‌یه‌كى ئاڵۆز دێته پێشچاو كه لایه‌كى لێى نووسراوه “نه‌وت” لایه‌كه‌ى تریشى لێى نووسراوه “گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان، ئاشتى هه‌ورامى و نێچیرڤان بارزانى”، ئه‌م هاوكێشه‌یه هێنده ئاڵۆزه كابینه له‌دواى كابینه شكسته داراییه‌كانى ده‌خرێته ئه‌ستۆ، به‌ڕاده‌یه‌ك ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیرى دارایی ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێم له كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا به راشكاوانه ده‌ڵێت: “لای هەمووان ئاشكرایە كە سیاسەتی نەوت لە رابردوودا شكستی هێناوە”، هه‌ربۆیه له‌ناو ئه‌م هه‌موو گێژاوه‌دا زۆرینه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان ده‌پرسن، كامانه‌ن ئه‌و گرێبه‌سته نه‌وتییانه‌ى كه كوردستانیان به ئه‌مڕۆ گه‌یاندووه؟ كێ له پشت ئه‌و گرێبه‌ستانه‌وه‌یه؟ شێوازى كردنى ئه‌م گرێبه‌ستانه چۆنه؟ ئاشتى هه‌ورامى كه “واژووى به‌سه‌ر زۆرینه‌ى گرێبه‌سته‌كانه‌وه هه‌یه” بۆچى ئێستا هیچ رۆڵێكى دیارى نییه و ده‌رناكه‌وێت؟ په‌یوه‌ندى شێوازى كردنى ئه‌م گرێبه‌ستانه به كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداوه چییه؟
لای هەمووان ئاشكرایە كە سیاسەتی نەوت لە رابردوودا شكستی هێناوە
ئاشتى هه‌ورامى كێیه و چۆن بووه وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان؟
عه‌بدوڵا عه‌بدولڕه‌حمان، ناسراو به “ئاشتى هه‌ورامى” له ساڵى 1948 له شاره‌دێى ته‌وێڵه له ناوچه‌ى هه‌ورامان سه‌ربه پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه له‌دایكبووه، پاش ماوه‌یه‌ك ژیان له هه‌ورامان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى چوونه‌ته باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق، له ساڵى 1971 بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسى له به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت له زانكۆى به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه، هه‌مان ساڵ چووه‌ته شارى به‌سره و بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ له‌و شاره وه‌ك ئه‌ندازیارى نه‌وت له كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عێراق كاریكردووه، دواتر كۆچى كردووه بۆ ئه‌وروپا، له ساڵى 1975 ده‌ستى كردووه‌ته‌وه به پیشه‌كه‌ى و وه‌ك ئه‌ندازیار له ده‌ریاى باكوور له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى به‌ریتانیا كاریكردووه و تا ساڵى 1982 له‌و كاره به‌رده‌وام بووه، پاشان ده‌ستیكردووه به خوێندن، له ساڵى 1987 بووته خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دكتۆرا له پسپۆڕى (ئه‌ندازه‌ى یه‌ده‌گى نه‌وت) له وڵاتى به‌ریتانیا، له‌پاش به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و بڕوانامه‌یه ده‌ستى كردووه به كارى وانه‌وتنه‌وه و راوێژكارى و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ریش له چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كارى كردووه، پاش دروستكردنى كابینه‌ى حكومه‌تى یه‌كگرتووى هه‌رێم و نه‌مانى سیستمى دوو ئیداره‌یى له ساڵى 2005، ئه‌و كه‌سایه‌تییه له‌سه‌ر داواى به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆمارى ئێستاى عێراق گه‌ڕایه‌وه هه‌رێمى كوردستان، له ساڵى 2006 به فه‌رمى كه یه‌كه‌مجار وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم دامه‌زرا، بووه وه‌زیرى ئه‌و وه‌زاره‌ته له پشكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، چوار جار هه‌مان پۆستى وه‌رگرتووه‌ته‌وه تاوه‌كو كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كه پۆسته‌كه‌ى له وه‌زیره‌وه گۆڕا بۆ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه.
چۆن پۆسته‌كه‌ى له وه‌زیره‌وه گۆڕا بۆ یاریده‌ده‌ر؟
له‌گه‌ڵ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى، دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى به وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان زۆرترین قسه و باسى له‌سه‌ربوو، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ش چیرۆكى شاراوه‌ى له پشته‌وه‌یه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى متمانه‌م به ئاشتى هه‌ورامى نییه، نایكه‌مه به‌شێك له كابینه‌كه‌م
به‌پێى زانیارییه‌كان كه له سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له چیرۆكه‌كه ده‌ستكه‌وتوون و نایه‌وێت ناوى بڵاوبكرێته‌وه، “له سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم مه‌سرور بارزانى به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تیكردووه‌ته‌وه كه ئاشتى هه‌ورامى وه‌ك وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان دووباره كاندید بكاته‌وه و ناوى بخاته ناو لیستى وه‌زیره‌كان، پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك ئه‌م داواكارییه‌ى ئاراسته‌كراوه هه‌ر رازینه‌بووه، پاش تێپه‌ڕبوونى ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تى توركیا و نێچیرڤان بارزانى فشارى خراوه‌ته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى دووباره ئه‌و پۆسته بداته‌وه به هه‌ورامى، هه‌ربۆیه به ناچارى پۆستێكى نوێى دروستكردووه به ناوى (یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه)، چه‌ند جارێكیش به روونى ئه‌وه‌ى به نێچیرڤان بارزانى وتووه: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ى متمانه‌م به ئاشتى هه‌ورامى نییه، نایكه‌مه به‌شێك له كابینه‌كه‌م”.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه زانیارى زیاتر له‌باره‌ى ئه‌م چیرۆكه نهێنییه‌وه ده‌خاته‌ڕوو و چۆنیه‌تى سنوورداركردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌زیرى پێشووى سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت: “مه‌سرور بارزانى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ورامى له نێچیرڤان بارزانییه‌وه نزیكه و خۆى وته‌نى: “متمانه‌ى پێى نییه”، ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنوورداركردووه، هه‌ستاوه به ده‌ركردنى فه‌رمانێك كه چوارچێوه‌یه‌كى داناوه بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌و یاریده‌ده‌ره‌ى، به‌پێى ئه‌و فه‌رمانه ئێستا ئاشتى هه‌ورامى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى نییه واژووى رێككه‌وتنى نه‌وتى بكات و داهاتى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان راده‌ستى حكومه‌ت بكات یان جوڵه‌ى پێوه‌بكات، هاوكات چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى پێدراوه وه‌ك: به‌دواداچوونكردن بۆ چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان، پێشنیاركردن بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى نه‌وت، داڕشتنى ستراتیژیه‌تى نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى، به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و فه‌رمانه تایبه‌تیانه‌ى كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه پێى ده‌درێن”.
دیاركردنى چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌كاتێكدا پێشتر خۆى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ره‌هابووه بۆ ئاشتى هه‌ورامى، بڕیارێك نه‌بووه كه هه‌روا به ئاسانى تێپه‌ڕێت هه‌ربۆیه ئه‌م بابه‌ته‌ش بووه‌ته هۆكارى دروستكردنى كێشه له‌نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌و بێده‌نگیه‌یه كه ئێستا ئه‌و كه‌سایه‌تییه هه‌ڵیبژاردووه.
ئێستا من ئاگادارى هیچ سیاسه‌تێكى نه‌وتى نیم له هه‌رێم
به‌پێى زانیارییه‌كان، “له مانگى ئابى ساڵى 2019دا واته، ماوه‌یه‌كى كورت دواى ئه‌وه‌ى پۆستى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تى وه‌رگرتووه ئاشتى هه‌ورامى كێشه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ دروستبووه، هه‌ربۆیه له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم كردووه و پێى وتووه: “كاك مه‌سرور له هیچ بابه‌تێكى نه‌وتیدا پرس به من ناكات و راوێژم پێناكرێت، ئێستا من ئاگادارى هیچ سیاسه‌تێكى نه‌وتى نیم له هه‌رێم”، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و نامه‌یه نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى به مه‌سرور بارزانییه‌وه كردووه، به‌ڵام مه‌سرور بارزانى له وه‌ڵامدا وتوویه‌تى: ئه‌گه‌ر كاك ئاشتى ده‌یه‌وێت به‌راستى راوێژكارى بكات و ئاگادارى سیاسه‌تى نه‌وتى هه‌رێم بێت پێویسته بگه‌ڕێته‌وه كوردستان و وه‌ك وه‌زیره‌كانى تر له هه‌ولێر نیشته‌جێبێت، نه‌وه‌ك له ئه‌وروپا دابنیشێت و ئێمه بۆ هه‌موو شتێك پرسى پێ بكه‌ین، هه‌ربۆیه له‌دواى ئه‌و بابه‌ته‌وه ئاشتى هه‌ورامى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆ و دیارى به حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه نه‌ماوه و بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه”.
گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم چه‌ندن و واژووى كێیان له‌سه‌ره؟
هه‌میشه كه باس له پرۆسه‌ى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم ده‌كرێت ژوورێكى تاریك و هاوكێشه‌یه‌كى ئاڵۆز دێته پێشچاو، چونكه وه‌ك حه‌مه‌جه‌زا حه‌مه‌ساڵح، بریكارى پێشووى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم كه له ساڵى 2013 ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه ده‌ڵێت: “من كه كه‌سى دووه‌مى ئه‌و وه‌زاره‌ته بووم دۆسییه‌ى نه‌وت بۆم شه‌فاف نه‌بوو، ئیتر چۆن بۆ خه‌ڵكى شه‌فاف ده‌بێت”، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م گرێبه‌ستانه بۆ هه‌میشه به شاراوه‌یی نامێننه‌وه.
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2006ه‌وه به واژووى نێچیرڤان بارزانى و ئاشتى هه‌ورامى، 60 گرێبه‌ستى نه‌وتی ئه‌نجامداوه له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كى بیانى ئه‌م گرێبه‌ستانه 27 پاشكۆیان هه‌یه كه به‌ته‌واوه‌تى به نادیارى ماونه‌ته‌وه، به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه له گرێبه‌سته‌كانه‌وه ده‌ستكه‌وتوون، “زۆرینه‌یان ماوه‌كه‌یان له 7 ساڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات و له 25 ساڵدا كۆتایی پێ دێت و واژووى نێچیرڤان بارزانى و ئاشتى هه‌ورامییان له‌سه‌ره، گرنگترین نموونه‌ى ئه‌و گرێبه‌ستانه بریتین له:
– بلۆكى (بجیل) له ئاكرێ گرێبه‌ستێكى بۆ كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (Kalegran Ltd) سه‌ربه كۆمپانیاى (MOL)ى هه‌نگارى بۆ ماوه‌ى حه‌وت ساڵ بۆ دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و غازى سروشتى له 889 كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌دا.
– بلۆكى ئه‌تروش گرێبه‌ستێكى بۆ كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (General Exploration Partners (GEP) به مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى له 269 كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌دا.
– بلۆكى به‌رده‌ڕه‌ش گرێبه‌ستى بۆ كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (Komet Group S.A) بۆ وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى له 269 كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌دا.
– بلۆكى تۆپخانه گرێبه‌ستى بۆ كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (Talisman Energy) بۆ وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى له 582 كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌دا.
– له ساڵى 2000 گرێبه‌ستێك كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (Gulf Keystone Petroleum) بۆ بلۆكى شێخادى.
– گرێبه‌ستێك كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (Reliance Exploration and Production DMCC) تایبه‌ت به بلۆكى ساریته بۆ ماوه‌ى 12 ساڵ به مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى.
ئه‌نجامدانى ئه‌م گرێبه‌ستانه ئه‌گه‌ر له رووكاردا سه‌یریان بكرێت كارێكى ئاساییه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى كه شاره‌زاییان له كه‌رتى نه‌وتى هه‌یه هه‌مان بیركردنه‌وه‌یان نییه و به كاره‌سات بۆ كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێم گوزارشتیان لێده‌كه‌ن، چونكه پێیانوایه، “ئه‌م گرێبه‌ستانه به كه‌سى كراون و ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان تێدا نییه، بۆیه له‌برى ره‌حمه‌ت بوونه‌ته زه‌حمه‌ت بۆ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان”.
ئاشتى هه‌ورامى زۆر شاره‌زایه
كارلۆ فراپى، توێژه‌ر له به‌شى ئاسیا و باكوورى ئه‌فریقا له زانكۆى كاڤۆسكارى ده‌ڵێت: “سیاسه‌تى به ناوه‌ندیی كردنى بڕیاره‌كان له وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم هاوتا له‌گه‌ڵ به‌كه‌سیكردنى گرێبه‌سته‌كان زۆر به باشى په‌یڕه‌وكراوه، چونكه ئاشتى هه‌ورامى، كه له ساڵى 2006ه‌وه ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه‌ده‌بات زۆر شاره‌زایه له‌و بواره‌دا و به‌رپرسیاره له‌وه‌ى كه جۆرى گرێبه‌سته‌كانى به شێوه‌ى (گرێبه‌ستى به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش) كردووه” كه رێگه به كۆمپانیاكان ده‌دات قازانجێكى زۆر بكه‌ن و رێگه‌ى مانه‌وه و داگیركردنى كێڵگه نه‌وتییه‌كانیان بۆ خۆش ده‌كات”.
هاوكات ئاشتى هه‌ورامى، له‌و كاته‌ى كه وه‌ك وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان كارى ده‌كرد به روونى به كه‌سیكردنى ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ى له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئاشكرا كرد، چونكه له به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا وتى: “كاتێك كه بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ ده‌بم یان گه‌شت ده‌كه‌م، كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان په‌یوه‌ندیم پێوه‌ده‌كه‌ن و پێم ده‌ڵێن: دكتۆر له‌وێ ماوى؟ ئه‌گه‌ر له‌وێ نه‌بیت ئێمه‌ش له كوردستان ئیش ناكه‌ین!”.
بۆچى گرێبه‌سته‌كان له جۆرى (به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش)ن؟
له كه‌رتى وزه و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كاندا سێ جۆرى سه‌ره‌كى گرێبه‌ستى نه‌وتى هه‌یه كه بریتین له: گرێبه‌ستى به‌كرێگرته، گرێبه‌ستى خزمه‌تگوزارى و گرێبه‌ستى به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش.
گرێبه‌سته‌كانى حكومه‌تى عێراقى سه‌رجه‌میان له جۆرى (خزمه‌تگوزاری)ن كه تێیدا حكومه‌تى ناوه‌ندى دوو بۆ شه‌ش دۆلار له هه‌ر به‌رمیله نه‌وتێك ده‌دات به كۆمپانیاكان، به‌ڵام سه‌رجه‌م گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم له جۆرى (به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش)ن كه تێیدا حكومه‌ت ناچاره داهات و قازانج له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى وه‌به‌رهێن دابه‌ش بكات، مافى ئه‌وه‌شى پێده‌درێت له گرێبه‌سته‌كاندا شیرینى و پاره‌ى پێشه‌كى وه‌ربگرێت.
گرێبه‌ستى كێڵگه‌ى نه‌وتى ته‌قته‌ق كه له 21ى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2006 له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و هه‌ردوو كۆمپانیاى (Genel Energy) و (Addax Petroleum) كراوه بۆ 951 كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه، واژووى ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى پێشووى سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم، مورات یازجى، له كۆمپانیاى گنه‌ڵ ئینێرجى و جه‌یمس پارسى له كۆمپانیاى ئه‌داكسى له‌سه‌ره یه‌كێكه له نموونه‌كانى گرێبه‌ستى به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش، له‌م گرێبه‌سته‌دا حكومه‌تى هه‌رێم پێنج ملیۆن دۆلارى پێشه‌كى وه‌رگرتووه كه دوو ملیۆن دۆلارى شیرینى گرێبه‌سته‌كه‌بووه و دوو ملیۆن دۆلاریشى به بیانووى پڕۆگرامه‌كانى گه‌شه‌پێدانى مرۆیی و گه‌شه‌دان به تواناى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌رگیراوه.
له گرێبه‌سته‌كه‌دا، “زۆرترین ئاسانكارى كراوه بۆ دوو كۆمپانیاكه و له یه‌كێك له خاڵه‌كانیدا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه ئه‌گه‌ر له ماوه‌ى ساڵێكدا نه‌یانتوانى یان به هه‌ر هۆكارێك ویستیان گرێبه‌سته‌كه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه ده‌توانن نامه‌یه‌ك بنێرن بۆ حكومه‌تى هه‌رێم و ئاگادارى بكه‌نه‌وه و گرێبه‌سته‌كه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه”.
هاوكات له گرێبه‌سته‌كه‌دا قۆناغ دیاریكراوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كێڵگه‌یه گه‌شه‌ى پێ بدرێت تا ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى رۆژانه‌ى بگاته یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له پاش چه‌ند ساڵێك، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه پاش 14 ساڵ نه‌وه‌ك ئه‌و كێڵگه‌یه نه‌یتوانیوه بگات به‌و ئاسته و ئه‌وه‌ى له گرێبه‌سته‌كه‌دایه جێبه‌جێنه‌كراوه، به‌ڵكو به‌پێى داتاكانى كۆمپانیاى گنه‌ڵ ئینێرجى، “ئێستا رۆژانه 11 هه‌زار و 960 به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
له‌وه تێناگه‌م كه چۆن حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌م گرێبه‌ستانه به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت
له‌باره‌ى ئه‌م گرێبه‌ستانه‌وه كامیل مه‌هدى، توێژه‌رى عێراقى كه خاوه‌نى توێژینه‌وه‌یه‌كى به‌راورد كاریه له‌سه‌ر گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت: “حكومه‌تى هه‌رێم زۆر نه‌رمى نواندووه له گرێبه‌سته‌كانیدا له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان، به به‌راورد به حكومه‌تى عێراق، من هێشتاش له‌وه تێناگه‌م كه چۆن حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌م گرێبه‌ستانه به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت”.
ئه‌و توێژه‌ره ئاماژه به‌وه‌شده‌كات: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى گرێبه‌سته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم له جۆرى به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌شه، كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان زۆر سوودى لێده‌بینن، به تایبه‌تى له ئه‌گه‌رى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتدا، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م بابه‌ته گومانى تێدایه، له‌وانه‌یه بۆ په‌رده‌پۆشكردنى بابه‌تێكى دیاریكراو ئه‌مه كرابێت”.
گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان چۆن ده‌ستیان خستووه‌ته قوڕگى حكومه‌تى هه‌رێم؟
چۆنیه‌تى ئه‌نجامدانى ئه‌م گرێبه‌ستانه پاش 14 ساڵ به‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و ته‌نانه‌ت ئاشتى هه‌ورامیشى گرتووه، چونكه له دادگا جیاوازه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات به تۆمه‌تى پابه‌ند نه‌بوون به مه‌رجه‌كانه‌وه حكومه‌تى هه‌رێم چه‌ندین جار سزاى وه‌رگرتووه و بوونه‌ته كێشه‌ش بۆ گفتوگۆكانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
یه‌كێك له‌و كه‌یسانه‌ى كه تا ئێستاش به كراوه‌ى ماوه‌ته‌وه ئه‌و داوایه‌یه كه كۆمپانیاى دانستى پێترۆڵیۆم له دژى حكومه‌تى هه‌رێم و ئاشتى هه‌ورامى، له دادگاى (Queens Bench Division, Commercial Court) له 14ى ئابى 2019، به‌رزیكردووه‌ته‌وه و تۆمه‌تباریان ده‌كات به “هه‌ڕه‌شه‌ى نایاسایی، ده‌ستوه‌ردانى نایاسایی، شكاندنى مه‌رجى گرێبه‌ست”.
هاوكات حكومه‌تى ناوه‌ندى ئه‌م گرێبه‌ستانه به نایاسایی ده‌زانێت چونكه پێشتر وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند، “سه‌رجه‌م ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى كه حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامیداون له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان نایاسایین، ئێمه رێوشوێنى تایبه‌تیان به‌رامبه‌ر ده‌گرینه‌به‌ر، چونكه له ده‌ستوورى عێراقدا جێگه‌یان نابێته‌وه”، هه‌ربۆیه له ئێستادا كه هه‌رێم و به‌غدا له لێوارى رێككه‌وتندان ئه‌م گرێبه‌ستانه بوونه‌ته كێشه، چونكه “هه‌رێم به‌هۆى ئه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كان ده‌ستیان به‌ستووه به ده‌ستى كۆمه‌ڵێك كۆمپانیاى بیانییه‌وه ئاماده نییه هه‌نارده‌ى نه‌وت بخاته ژێر ده‌ستى به‌غدا و ده‌یه‌وێت ته‌نیا داهاتى نه‌وت راده‌ست بكات”.
ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له په‌رله‌مانى عێراق ئه‌م بابه‌ته به كێشه ده‌زانێت و پشتڕاستیده‌كاته‌وه كه “حكومه‌تى هه‌رێم ته‌نیا ده‌یه‌وێت داهاتى نه‌وت راده‌ستبكات، نه‌وه‌ك هه‌نارده‌ى نه‌وت”.
ئه‌وه زۆر روونه كه شه‌هرستانى هه‌موو فه‌رمانه‌كانى له ئێرانه‌وه وه‌رده‌گرێت
ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى رقى حكومه‌تى به‌غدا به‌رامبه‌ر به هه‌رێم له بابه‌تى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كاندا ریشه‌یه‌كى مێژووى هه‌یه، چونكه به‌پێى به‌ڵگه‌یه‌كى ویكیلیكس، “له گفتوگۆیه‌كى نهێنیدا ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى پێشووى سامانه سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ چه‌ند نوێنه‌رێكى بیانى ره‌خنه‌ى له عێراق و وه‌زیرى نه‌وتى پێشووترى عێراق حسێن شه‌هرستانى گرتووه و وتوویه‌تى: ئه‌وه زۆر روونه كه شه‌هرستانى هه‌موو فه‌رمانه‌كانى له ئێرانه‌وه وه‌رده‌گرێت”.
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
رۆژانە 35 منداڵ لە غەززە دەکوژرێن
50 خولهك لهمهوپێش -
لە كۆی 22دەروازە كاری 18یان بە ئەلیكترۆنی كراوە
11كاتژمێر لهمهوپێش -
گەورەترین پێشانگای تایبەت بە نمایش‌کردنی پەلەوەر و باڵندە لە سلێمانی کرایەوە
18كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووه‌م 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021