رێککەوتننامە نهێنییەکانى 31ى ئاب، چۆن هەرێمى کوردستانیان کردە مەیدانى جەندرمەى تورکى؟
بنکۆڵکارى: تیمى رۆژنامەنووسانى SNN
“سەرەتا رژێمى بەعس رازینەدەبوو بەوەى هاوکارى پارتى دیموکراتى کوردستان بکات، هەربۆیە ئەو حزبە پەناى بردە بەر تورکیا، دواى گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا سەرئەنجام رژێمەکەى سەدام حسێنى رازیکرد، لێرەوە پرۆسەى گفتوگۆى سێ قۆڵى دەستیپێکرد، هەرسێ لا کەوتنە گفتوگۆ کردن، ئیتر لەو رۆژەوە بە فەرمى دەرگاى هەرێمى کوردستان خرایە سەرپشت بۆ تورکیا و پارتى دیموکراتى کوردستانیش بووە ئەو حزبەى کە سیاسەتى ئەوان جێبەجێى دەکات”.
دواى تێپەڕبوونى 24 ساڵ بەسەر رووداوەکانى رۆژى 31ى ئابدا، هێشتاش باسکردن و یادکردنەوەى ئەو رۆژە مشتومڕى زۆرى لەسەرە، لەنێوان (خیانەت) و (دەستکەوت)دا یەکلانەبووەتەوە، چونکە ئەگەر لە لایەنگرێک یان بەرپرسێکى پارتى دیموکراتى کوردستان بپرسیت، ئەوا زۆر بە روونى پێت دەڵێت: “31ى ئاب، رۆژى سەروەرى و رزگاربوونى پارتى دیموکراتى کوردستانە لەو پیلانەى بۆ لەناوبردنى دانرابوو”، بەڵام ئەگەر لە کەسێک بپرسیت کە لە روانگەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانەوە بابەتەکە ببینێت، وەڵامەکەى بەمشێوەیەیە: “31ى ئاب، خیانەتێکى نەتەوەییە کە تێیدا رێگەدرا بە هێنانى دەبابەى بەعس، ئەو رژێمەى هەرێمى کوردستانى کیمیاباران و ئەنفال کرد”، ئەگەر هەمان پرسیاریش لە هاووڵاتییەکى ئاسايی کورد بکەیت کە رۆژى 31ى ئابى بینیبێت ئەوا دەڵێت: “ئەو رۆژەیە کە هێزێکى کوردى لەپێناو سڕینەوەى هێزێکى تر پەناى بردە بە دووژمنەکەى، بە کورتى و کوردى: دوژمنى دوژمنەکەم دۆستمە”، بەڵام ئایا دیوى دووەمى ئەم رووداوە چییە؟ ئەو بەڵگەنامە نهێنییە رەشانەى کە لە پشت ئەم رووداوەوە هەن و تا ئێستا بە نادیارى ماونەتەوە چى لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکەن؟ ئەو دۆخەى کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت چ پەیوەندییەکى بەو رووداوەوە هەیە کە دوو دەیە زیاترە روویداوە؟
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت، 31ى ئاب، تەنیا رۆژێک نییە وەک ئەوەى باسدەکرێت، بەڵکو ئەو رۆژە دەرئەنجامى پیلانێکى وردى داڕێژراو و شەڕێکى دوو ساڵەیە کە لە مێژووى نوێى کورددا بە “شەڕى براکوژى” یان “شەڕى ناوخۆ” ناویلێنراوە، چونکە ئەم شەڕە لەنێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵى 1994ەوە دەستیپێکردبوو. لە بەردەوامى ئەم شەڕەدا، لە هاوینى ساڵى 1996 یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان ناوچەکانى ژێر دەستەڵاتى خۆى لەنێو خاکى هەرێمى کوردستان زیاتر کردبوون، پارتى دیموکراتى کوردستانیش بە پێچەوانەوە لە پاشەکشەدابوو، ئەمە بەردەوامبوو تاوەکو شەوى 18ى ئابى 1996، لەو شەوەدا یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە قۆڵى ڕواندزەوە هێرشى فراوانى بۆ سەر پارتى دیموکراتى کوردستان دەستپێکرد، لە ئەنجامدا قەزاى شەقڵاوە و شاخى سەفینى کۆنترۆڵکرد، نزیکبووەوە لە کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچانەى کە تا ئێستاش خێزانى مستەفا بارزانى، دامەزرێنەرى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەسعود بارزانى، سەرۆکى ئێستاى پارتى دیموکراتى کوردستان تێیدا نیشتەجێن و بە ناوجەرگەى هێزى خۆیانى دەزانن، لێرەوە ئیتر ترسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لەناوبردن و لەدەستدانى دەستەڵاتى بەتەواوەتى دروستبوو، گفتوگۆکانى ئەو حزبە لەگەڵ حکومەتى تورکیا و رژێمى بەعس دەستیپێکرد. رۆژگار تێپەڕی تاوەکو 22ى ئاب، نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئازاد بەروارى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرمانى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان نامەیەکیان ئاراستەى سەدام حسێن، دیکتاتۆرى پێشووى عێراق و سەرۆکى حزبى بەعسى عێراق کرد بۆ ئەوەى هاوکارییان بکات لە بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، ئەو دیکتاتۆرەش پاش وەرگرتنى دەستەبەرى رووبەڕوونەبوونەوەى لە ئەگەرى بەزاندنى هێڵى دژە فڕینى 36 بە سەرکردایەتى کوڕە بچووکەکەى بەناوى قوسەى کە ئەوکات تەمەنى 30 ساڵبوو 40 هەزار سەرباز و 500 تانک و چەکى قورسى رەوانەى هەولێر کرد، لە شەش لاوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانى ژێر دەستەڵاتى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، پرۆسەکە لەژێر ناونیشانى “اب متوکل على اللـە”، بەڕێوەچوو، پارتى دیموکراتى کوردستان گەیشت بە ئامانجەکەى و هەژموونى خۆى سەپاند و زۆرینەى هێزەکانى یەکێتیش لەو ناوچانەى تێیاندابوون کشێنرانەوە.
بەگوێرەى بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لە نووسراوى هەواڵگرێکى بەریتانى بۆ دەزگاى هەواڵگرى وڵاتەکەى دەستکەتوون، “پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەرامبەر یارمەتیدانى بۆ دووبارە سەپاندنەوەى هێز و هەژموونى خۆى و روودانى رووداوى 31ى ئاب، دوو رێککەوتنى کردووە کە یەکێکیان لەگەڵ حکومەتى تورکیا و ئەویتریشیان لەگەڵ رژێمى رووخاوى بەعسدا بووە”.
رێککەوتن لەگەڵ رژێمەکەى سەدام حسێن
بەپێى بەڵگەکان کە ناوەڕۆکى رێککەوتنەکانیان روونکردووەتەوە، “رێککەوتنى یەکەم بریتیبووە لە رێککەوتن لەگەڵ سەدام حسێن، پارتى دیموکراتى کوردستان رازیبووە بە رادەستکردنى سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەوکاتى عێراق کە ئەوکات لە هەولێر نیشتەجێبوون و ئاشکراکردنى شوێنى نیشتەجێبوونیان کە ئەوکات پێکهاتبوون لە: بەرەى تورکمانى، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، کۆنگرەى نیشتمانى، مەجلیسى ئەعلا، بزووتنەوەى مەلەکى دەستوورى، رێکخراوى کارى ئیسلامى، بزووتنەوەى ئاشوورى، حزبى شیوعى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان هاوکات پلانى دەزگاى هەواڵگرى ناوەندى ئەمریکاشى ئاشکرا کردووە بۆ سەدام حسێن کە بەهاوکارى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و ئۆپۆزسیۆنى عێراق سەرقاڵى رووخاندنى رژێمەکەى سەدام حسێن بوون”.
بەگوێرەى بەڵگەنامەکە، “لەو رۆژەدا بەشێوەیەکى ئاشکرا 22 سەرکردەى بەرەى تورکمانى و دەیان سەرکردەى کۆنگرەى نیشتمانى عێراق بەڕێبەرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لایەن هێزەکانى بەعسەوە دەستگیر کراون، دواتر سەرجەمیان لەسێدارە دراون، بارەگاى سەرجەم حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى عێراقیش داخراوە”.
بە رێبەرى پێشمەرگەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەزگاى هەواڵگرى عێراق دەیان سەرکردەى بەرەى تورکمانى و کۆنگرەى نیشتمانى کوشت
داود بەسرى، نووسەر و ستووننووسى عێراقى ئەو زانیارییانە پشتڕاستدەکاتەوە کە بەهۆى رێککەوتنى رژێمى بەعس و پارتى دیموکراتى کوردستانەوە دەیان سەرکردەى ئۆپۆزسیۆن لە هەولێر کوژراون و دەڵێت: “هەرچەندە لەدواى رووداوەکانى ساڵى 2003 و رووخانى رژێمى بەعس بەشێک لە تاوانەکانى سەدام حسێن دژ بە مرۆڤایەتى هەڵدرانەوە، بەڵام هیچ کەس ئامادەنەبووە فایلى ئەم رووداوە ڕەشە هەڵبداتەوە، نابێت لەبیرى بکەین کە لە رۆژى 2ى ئەیلول، بە رێبەرى پێشمەرگەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەزگاى هەواڵگرى عێراق دەیان سەرکردەى بەرەى تورکمانى و کۆنگرەى نیشتمانى دەستگیر کردن و کوشتنى”.
ئەو نووسەرە باس لە کاریگەرییە خراپەکانى ئەو رووداوە زیاتر دەکات و ئاماژە بەوەدەکات: “لە 31ى ئابدا 100 هەزار کەس ئاوارەبوون، سەدان خەڵکى بێ تاوان گیانیان لەدەستدا و ئەندام و لایەنگرانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە بەرچاوى خێزانەکانیانەوە کوژران، ئەمە شتێکى باوەڕپێنەکراوە”.
رێککەوتنى پارتى دیموکراتى کوردستان و تورکیا
رێککەوتنى دووەمى پارتى دیموکراتى کوردستان لەپێش رووداوەکانى 31ى ئاب، بریتییە لەو رێککەوتنەى کە لەگەڵ حکومەتى ئەوکاتى تورکیا کراوە، لەپێناو بێدەنگبوونى تورکیا.
بەگوێرەى بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لەبارەى ناوەڕۆکى ئەو رێککەوتنەوە دەستکەوتوون، “کاتێک کە پارتى دیموکراتى کوردستان داواى لە رژێمى بەعس کردووە یامەتیبدات، رژێمى بەعس رازینەبووە، چونکە پێیوابووە بە بەزاندنى هێڵى 36 دەکەوێتە بەر هێرش، لەو پێناوەدا پارتى دیموکراتى کوردستان پەناى بردووەتە بەر تورکیا، هەرسێ لایەن کەوتوونەتە گفتوگۆ، پاشان گەیشتوون بەو ئەنجامەى کە تورکیا بێدەنگبێت لە سنووربەزاندى بەعس، لە بەرامبەردا دەست واڵا بکرێت لە هێنانى هێز بۆ ناو خاکى هەرێمى کوردستان و هێرشکردنە سەر پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لەناو خاکى هەرێمى کوردستان”.
لەدواى ئەو رووداوەوە تا ئێستا حکومەتى تورکیا بە فەرمى پێى خستووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستان و عێراق لە ئێستادا، “ئەو وڵاتە زیاتر لە 17 بنکەى سەربازى لە هەولێر و دهۆک هەیە و سێ بنکەى هەواڵگریشى هەیە لەناو خاکى هەرێمى کوردستان کە دەکەونە: ئامێدى، باتوف لە زاخۆ و سەنتەرى دهۆک”، لە ئێستاشدا پاش تێپەڕانى 24 ساڵ وەزارەتى بەرگریی تورکیا هەردوو ئۆپراسیۆنى “چنگى هەڵۆ” و “چنگى پڵنگ” لەناو خاکى هەرێمى کوردستان بە هاوکارى بنکە سەربازى و هەواڵگرییەکانى لەدژى پارتى کرێکارانى کوردستان بەڕێوەدەبات.
جوێڵ وینگ، شیکهرهوهى دۆخى عێراق و نووسهرى کتێبى (Musings on Iraq) لە باسى بەهێزى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و حکومەتى تورکیا کاریگەرییەکانى ئەو وڵاتە لەسەر پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت: “ئهوه راستییەکى حاشاههڵنهگره که بۆ تورکیا پارتى دیموکراتى کوردستان هاوپهیمانێکى گرنگه له ناو عێراقدا، بۆ پارتى دیموکراتى کوردستانیش بهههمانشێوهیه”.
پارتى دیموکراتى کوردستان ناچاربوو لەپێناو خواست و ویستێکى کاتى خۆیدا سیاسەتەکانى ئەوانى تر بۆ هەمیشە جێبەجێبکات
هاوکات بەپێى راپۆرتێکى ئاژانسى هەواڵى ڤالات کە لەبارەى رووداوەکانى 31ى ئابى 1996 نووسراوە، “بەهۆى رازیبوونى بەو مەرجانەى کە بەسەریدا سەپێنراون لە رێککەوتننامەکانیدا چیتر پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو حزبە نییە کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک سەرکردەى نیشتمانى و رۆشنبیرى کورد و مستەفا بارزانى دایانمەزراند، چونکە ناچاربوو لەپێناو خواست و ویستێکى کاتى خۆیدا سیاسەتەکانى ئەوان بۆ هەمیشە جێبەجێبکات”.
تورکیا بۆ ئێمە تەنیا دراوسێیەک نییە، بەڵکو زۆر گرنگە
هاوکات بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستانیش کاریگەرى ئەو رێککەوتننامانەى رابردوو و بەهێزى پەیوەندییەکانیان لە ئێستادا ناشارنەوە، چونکە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى هەرێمى کوردستان و جێگرى سەرۆکى پارتى لە ساڵى 2009 باس لە پەیوەندییەکانى تورکیا و هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت: “من هەمیشە بە گرنگییەوە سەیرى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا دەکەم، چونکە تورکیا بۆ ئێمە تەنیا دراوسێیەک نییە، بەڵکو زۆر گرنگە بۆ ئێمە”.
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
رۆژانە 35 منداڵ لە غەززە دەکوژرێن
46 خولهك لهمهوپێش -
لە كۆی 22دەروازە كاری 18یان بە ئەلیكترۆنی كراوە
11كاتژمێر لهمهوپێش -
گەورەترین پێشانگای تایبەت بە نمایشکردنی پەلەوەر و باڵندە لە سلێمانی کرایەوە
18كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021