بەرپرسانی پارتی نایانەوێت توركیا لەو شوێنانەی هەرێم بكشێتەوە كە داگیریكردوون

0
183

عەلی حەمە سەعید-SNN
لەگەڵ ئەوەی بەهەوڵی یەكێتی و خودی بافڵ جەلال تاڵەبانی پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان قۆناغی زۆرباشی بڕیوە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ڕێكخراوی CPTی ئەمەریكی، توركیا نەك نەكشاوەتەوە لەو ناوچانەی داگیریكردووە بەڵكوو ژمارەی بنكە سەربازییەكانیشی زیادكردووە، بەرپرسانی پارتیش بێدەنگن.

كامەران عوسمان ئەندامی ڕێكخراوی CPTـی ئەمریكی بە SNNی ڕاگەیاند:لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە و لایەنی بەرامبەر نیازپاكی خۆیان نیشانداوە بەدانانی چەك و دووركەوتنەوە لە سنوورەكانی توركیا، بەڵام بە پێچەوانەوە سوپای توركیا لە بەرانبەردا بنكە و بارەگاكانی خۆی تۆكمە و زیاتر كردووە، هاوكات حكومەتی هەرێم هیچ دەستپێشخەرییەكی نەبووە كە سوپای توركیا لە خاكەكەی دەربكات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، سوپای توركیا لە مانگی سێی ئەمساڵ 118 جار و لەمانگی چوار 210 جار و لە مانگی پێنج 510 جار و لە مانگی شەش 550 جار هێرش و بۆردومانی خاكی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەڵام لە مانگی حەوت دوای مەراسیمی دانانی چەك ژمارەی هێرشەكان كەمبووەتەوە بۆ 18 هێرش و لە مانگی هەشت 16 هێرش و لە مانگی نۆ هێرش و لەمانگی ڕابردووش ژمارەی هێرشەكان گەیشتووەتە سفر.

عوسمان محەمەد، چاودێری سیاسی بە SNNی ڕاگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بە هاوپەیمانی نزیكی توركیا لەقەڵم دەدات هەر لە بەر ئەو هۆیەشە كە نایەوێت هێزەكانی توركیا لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان بكشێنەوە كە ساڵانێكی زۆرە داگیریكردوون، بەڵكوو بە پێچەوانەشەوە كارئاسانی زیاتری بۆ توركیا كردووە بۆ ئەوەی بنكە و بارەگای زیاتر بكاتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانن بێدەنگیان هەڵبژاردووە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەفەرمی داوای كشانەوەی سوپای توركیایان نەكردووە لە خاكی هەرێم.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this