ئەحمەد نەجم بەڕێوەبەری کەناڵ 8 “یەکێک لە کارەکانی میدیا هۆشیارکردنەوەی خەڵکە”

ئەحمەد نەجم
SNN
لە یادی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، پانێڵێکی زانستی لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان لەسەر ئیتیکی میدیا و جەنگ بەڕێوەچوو، تێیدا ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی حکومەت لە کاتی قەیرانەکان و شێوازی ڕووماڵی هەندێک دەزگای میدیایی گیرا.
چالاکیی زانستی لە یادی ڕۆژنامەگەریدا
بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، چالاکییەکی زانستیی دوو ڕۆژەی بەبۆنەی یادی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕێکخست. ڕۆژی پێنجشەممە 23-04-2026، پانێڵێک لەژێر ناونیشانی “میدیای کوردی و جەنگ؛ لە نێوان بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا” بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا ئەحمەد نەجم، سەرۆکی بۆردی کەناڵ 8؛ د. پێگاه عەلی مەردان، دکتۆرا لە دەروونناسی؛ پ.د. سامان فەوزی، پسپۆڕی یاسا و ئیتیک؛ و د. هەژان خالید، مامۆستای پەیمانگە بەشدار بوون.
ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی حکومەت لە کاتی قەیراندا
ئەحمەد نەجم، سەرۆکی بۆردی کەناڵ 8، لە پانێڵەکەدا تیشکی خستە سەر ڕووماڵی میدیایی لە کاتی قەیرانەکاندا و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە بۆ ئەوەی ڕێنمایی بداتە میدیاکان کە چۆن ڕووماڵ بکەن. ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت لە کاتی قەیرانەکاندا وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی تووشی شۆک دەبێت و هیچ ڕێنماییەکی نییە، تەنانەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوێکیش ڕێنمایی بڵاونەکردووەتەوە.
بەرپرسیارێتیی میدیا لە گواستنەوەی جەنگدا
سەرۆکی بۆردی کەناڵ 8 باسی لەوە کرد، بڕیاری “ڕووماڵنەکردنی جەنگ” سەرکەوتن نییە و نابێت دەستخۆشی لەو میدیایانە بکرێت کە وا دەڵێن، چونکە گواستنەوەی جەنگ ئەرکێکی گرنگە. وتیشی: “ئەگەر تۆ ڕووماڵی نەکەیت، میدیایەکی وڵاتێکی دیکە بۆت ڕووماڵ دەکات”. هەروەها چیرۆکێکی کامەران نەجمی برای گێڕایەوە کە ئاژانسێکی نێودەوڵەتی وێنەی تەقینەوەیەکی کەرکووکی بڵاونەکردووەتەوە (13 کوژراو) تەنیا لەبەر ئەوەی وێنەی تەقینەوەیەکی موسڵیان لای بووە کە 30 کوژراوی تێدابووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانی پێوەرە میدیاییەکان کە زیاتر جەخت لەسەر کاریگەریی ژمارەی قوربانییەکان دەکەنەوە.
پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان و سزادانی کەمتەرخەمان
سەبارەت بە سەلامەتیی پیشەیی، ئەحمەد نەجم ئاشکرای کرد کە پەیامنێرێکیان لە ڕۆژئاوای کوردستان چووەتە نزیک مووشەکێکی نەتەقیو، بەڵام ئەو سزای پەیامنێرەکە و بەرپرسەکەشی داوە، چونکە نابێت دەستخۆشی لە کەسێک بکرێت ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە. ڕەخنەی لەو خاوەن میدیایانەش گرت کە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی وڵاتانی دراوێ، ژیانی ڕۆژنامەنووسەکانیان دەخەنە مەترسییەوە و داوایان لێدەکەن “گەرمی بکەن” بێ گوێدانە مەترسییەکان.
سەربەخۆیی، بێلایەنی و جیاوازییەکانی کەناڵ 8
ئەحمەد نەجم تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئاساییە دەزگایەکی میدیایی سەربەخۆ نەبێت، بەڵام ناکرێت “بێلایەن” نەبێت. ڕەخنەی لەو میدیایانە گرت کە بینەری فەیک لە وڵاتانی وەک بەنگلادیش بە پارە دەکڕن یان پێشکەشکارەکانیان ناچار دەکەن لەبەردەم شاشە بگرین تاوەکو لایک و کارلێکی زیاتریان بۆ بێت. باسی لەوەش کرد، کەناڵ 8 لە سەرەتاوە ڕووماڵی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە، لە کاتێکدا هەندێک دەزگا تەنیا کاتێک ڕووماڵیان کرد کە بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا نزیک بووەوە.
ڕووماڵکردنی کێشە نێوخۆییەکان بەرامبەر دۆسیە جیهانییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەخنەی لەو دەزگایانە گرت کە بنکەکەیان لە هەولێرە و شانازی بەوەوە دەکەن پەیامنێریان لە ئۆکرانیا هەیە، بەڵام ئامادە نین کێشەی خەڵکی گوندی “لاجان” بگوازنەوە. جەختی کردەوە کە کەناڵ 8 ڕووماڵی کێشەکانی لاجانی کردووە و لە هەمان کاتدا ڕووماڵی پڕۆژەی “لالەزار”یشی لە سەرەتاوە تا کۆتایی کردووە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس لۆمەی کەناڵەکەیان کردووە.
پێشێلکارییە میدیاییەکان لە کاتی ململانێکاندا
پ.د. سامان فەوزی، لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هەندێک میدیا زۆر بە ئاسانی زانیاریی شوێنی مووشەک و بۆردومانەکانیان بڵاودەکردەوە بێ ئەوەی گوێ بدەنە پرەنسیپە میدیاییەکان. باسی لەوەش کرد کە هەندێک میدیای کوردی پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی نەبوون و بە درێژکردنەوەی ماوەی ڕووماڵەکانیان، بوونە هۆی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و شڵەژانی ئابووری و ترس لە ناو دڵی هاونیشتمانیاندا.
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێشعەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش
هەواڵی زیاتر
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
20كاتژمێر لهمهوپێش -
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
21كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
20كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









