هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا؛ ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ترەمپ چییە؟

0
30

شارەزایەکی ئابوری رایدەگەیەنێت، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە شێوەیەک نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و نەوتی خاوی ئەمریکیش بۆ 87 دۆلار دابەزی. شرۆڤەکارانی ئابووری ئەم دابەزینە بۆ ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ترەمپ و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکە دەگێڕنەوە.

د.نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابوری لە عێراق وردەکاری دابەزینی نرخی نەوتی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیەنێت ، ئەرکی بەپەلەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا بریتییە لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی “حاڵەتی دڵەڕاوکێ” لەسەر نرخەکان. ئەمەش لە ڕێگەی ڕوونترکردن و پێشبینیکردنی پرۆسەکانی ئازادکردنی یەدەگی نەوت، ڕێنماییەکانی بەستراو بە سزا ئابوورییەکان، پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی، و چاودێریکردنی بازاڕی گرێبەستە داهاتووەکان.

لێدوانەکانی ترەمپ و ڕێژەی پێوانەیی هەناردەی ئەمریکا

ئاماژەی بەوەکردووە، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئەو وڵاتە، هۆکاری سەرەکی بوون لەپشت دابەزینی نرخی نەوتی برێنت و ئەمریکی.

هاوکات، هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ کە 6.4 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن پابەندبوو بە ئازادکردنی 172 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژی خۆی. لە لوتکەی ئەم پرۆسەیەدا، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا 10 ملیۆن بەرمیل لەو یەدەگە ئازادکرا، کە لەبری پاڵاوتنی لە ناوخۆدا، ڕاستەوخۆ هەناردەی دەرەوە کرا بۆ تێرکردنی بازاڕەکانی جیهان.

هۆشداری لە کەمبوونەوەی خێرای یەدەگی فریاگوزاری

روونیکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم ستراتیژییە بە شێوەیەکی کاتی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخەکان کردووە، بەڵام ئەم توانایانە سنووردارن. بەهۆی بەردەوامیی هەناردەکردنەوە، یەدەگی بازرگانی و فریاگوزاری ئەمریکا بە خێراییەکی کەم وێنە ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە و کۆی گشتی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ نزیکەی 445 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. شرۆڤەکاران دەڵێن کاتێک ئەم کۆگانە کۆتاییان دێت، بازاڕەکانی جیهان ڕووبەڕووی فشارێکی قورسی بەرزبوونەوەی نرخ دەبنەوە.

ئامانجی کۆتایی: نەهێشتنی “باجی دڵەڕاوکێی کاتی شەڕ”

ئەو شارەزایانی ئابورییە ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت تەنها پشت بە دەستکاری سیاسی نرخەکان ببەستێت، چونکە بازاڕەکانی داهاتوو بە هەڕەشەی سیاسی کۆنترۆڵ نابن و ئەوەش سیولە لە بازاڕەکاندا وشک دەکات.

بەڵکو ئامانجی سەرەکی ئیدارەی ئەمریکا کەمکردنەوەی “باجی دڵەڕاوکێ” (Panic Premium) و گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ بەرمیلە نەوتی ڕاستەقینە. لە کاتی شەڕ و گرژییەکاندا، کێشەکە نەمانی نەوت نییە، بەڵکو دەستبەسەرداگرتن، دواکەوتن، بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تەمین) و زەحمەتبوونی دابینکردنی داراییە. بەپێی چەمکی نوێی بازاڕی وزە:

“ئەو نەوتەی بەهۆی مەترسی یاسایی یان سەربازییەوە نەتوانرێت بگوازرێتەوە، متمانەی پێ نەبێت، بیمە نەکرێت، یان نەگاتە پاڵاوگەی گونجاو، بە دابینکردنی تەواو و بەشێک لە خستنەڕووی بازاڕ هەژمار ناکرێت.”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this