بەڵگەنامەیەکی 230 لاپەڕەیی دادگایەکی ئەمریکا نهێنیی “کارە نایاساییەکان”ی مەسرور بارزانی و براکانی ئاشکرا دەکات

0
98

SNN-

بەڵگەنامەیەکی 230 لاپەڕەیی دادگایەکی ئەمریکا، زۆر نهێنی لەبارەی ژیانی مەسرور بارزانی و براکانی ئاشکرا دەکات، بەتایبەت بردەنە دەرەوەی پارە و سپیکردنەوەی لەڕێی کڕینی موڵک و ماڵەوە لە ئەمریکا. ئێستا مەسرور بارزانی و چەند کەسێکی بنەماڵەکەی بە تاوانی جیاجیا کەیسیان هەیە و لە داهاتوودا دادگایی دەکرێن. بەڵگەکانی دادگا دەریانخستووە، کە بەتەنیا مەنسور بارزانی 700 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکا سپیکردووەتەوە. هەروەها مەسرور بارزانی و براکانی تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی یاسای دژەتیرۆری ئەمریکا و سپیکردنەوەی پارە.

سەرەتای دۆسیە و بەڵگەنامەکان
بەگوێرەی بەڵگەیەکی دادگای ناوچەیی ئەمریکا، کە بۆ دادگای ویلایەتی دێلاوێر نێردراوە و کۆپییەکی دەست کەناڵ8 کەوتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کەسێکی دیکەی دیاری ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی و براکانی خۆی، کە لە دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتی دادی ئەمریکادا ناویان هاتووە، بە چەندین داوای یاسایی فیدڕاڵی تۆمەتبار دەکرێن، لەوانە پێشێلکردنی یاسای نیشتمانیی ئەمریکا و یاسای دژەتیرۆر، سپیکردنەوەی پارە لەگەڵ هاوکارە تۆمەتبارەکەیان، کە ناوی “جۆناسان مۆر”ە و لە ڕێگەی ئەم کەسەوە و بە پشتیوانیی دارایی مەسرور بارزانی، کارە نایاساییەکان کراون.

بەپێی بەڵگەنامەکەی دادگای ئەمریکا، چەند هاووڵاتییەکی ئەمریکیی دیکەش تۆماتبارکراون بە دامەزراندنی کۆمپانیای ساختە و لادان لە ڕێوشوێنە یاساییەکان، کە بریتین لە تۆمەتباران “لێسلی سپۆڵتۆر و ویلیام گرین” لە ویلایەتی دێلاوێر، ئەمانە نوێنەر و کارمەندی ئەو کۆمپانیایەن کە نوێنەرایەتی تۆمەتبارانیان کردووە و کاریان بۆ جۆناسان مۆر کردووە، کە بەگوێرەی دادگاکە ماوەی دەیان ساڵە لەگەڵ مەسرور بارزانی و کەسێک بەناوی هەڤاڵ دۆسکی کاری نایاسایی دەکات.

700 ملیۆن دۆلارەکەی مەنسور بارزانی
لە چەند بەڵگەیەکی نوێی وەزارەتی دادی ئەمریکادا ناوی مەنسور بارزانییش وەکو هاوکارێکی تۆمەتبار “جۆناسان مۆر” هاتووە، کە تۆمەتبارکراوە بە گەندەڵی و فێڵکردن لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و بەدەستهێنانی نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار بە ڕێگەی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارەی نێودەوڵەتی، ساختەکاری دژ بە یاساکانی وەزارەتی جەنگ و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشی نەتەوەیی.

جگە لە مەنسور بارزانی، هەریەکە لە سیروان بارزانی، مەسرور بارزانی، وەیسی بارزانی و موکسی بارزانی لەو دۆسیەدا ناویان هاتووە.

سکاڵاکان لە لایەن نووسەر و لێکۆڵەر و چالاکوانی بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “میهتاب مۆر”ەوە بەرزکراوەتەوە، کە پێشتر هاوسەری “جۆناسان مۆر” بووە، کە تاوانباری سەرەکییە لە دۆسیەکەدا. مەهتاب دەڵێت تۆمەتباران هەوڵیان داوە لە ڕێگەی هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە یان پێدانی پارە، سکاڵاکار پاشگەزبکەنەوە. بەڵام ئەو ڕازی نەبووە و هەموو ئەم مەلەفانەی بردووەتە دادگا، کە ئێستا هەموو دادگای ئەمریکا سەرقاڵن بەم دۆسیەی بنەماڵەی بارزانییەوە. ئاخر بەدەستهێنانی 700 ملیۆن دۆلار لە کاری نایاساییدا لە ئەمریکا لەلایەن مەنسور بارزانییەوە شتێکی ئاسان نییە و تێپەڕێ، کڕینی دەیان موڵک و ماڵی ملیۆنان دۆلاری لەلایەن مەسرور، مەنسور، موکسی و وەیسی بارزانییەوە بووەتە هەڵا. جا ئەگەر سەیری بەڵگەکان بکەین، هەموو ئەو موڵک و ماڵ و پارە سپیکردنەوەیە لەنێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2017 کراون و کڕدراون، بەتایبەتی لەماوەی 2014 بۆ 2017 مەسرور بارزانی دەیان کۆشک، ڤێلا، رێستۆرانت و شوێنی بازرگانی بە هاوپشکی لەگەڵ براکانی کڕیوە، ئەوە لەکاتێکدا لەو ساڵانەدا هەرێمی کوردستان لە گەرمەی شەڕی داعشدا بوو، خەڵک ژیانی نەبوو، مووچەی نەبوو، کەچی ئەوان بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار موڵک و ماڵیان لە ئەمریکا کڕیوە، بەتایبەت لە ویلایەتی ڤێرجینیا.

دۆسیەکانی سیروان بارزانی
جگە لە مەسرور بارزانی و براکانی، ناوی کەسێکی دیکەش لە هەمان بنەماڵە لەناو دۆسیەکانی دادگای ئەمریکا هەیە، کە ئەویش سیروان بارزانییە.

سکاڵاکە بە ڕوونی باس لەوە دەکات، کە جۆناسان مۆر، نوێنەرایەتی سیروان بارزانیشی کردووە، کە بە سیروان سابر مستەفا لە دۆسیەکاندا ناوی هاتووە و خاوەنی کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆمە، کردوو. جا لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەو دادگایەدا جۆناسان مۆر وەک پارێزەری مەسرور بارزانی ناسرابوو. بەڵام نوێنەرایەتییە یاساییەکەی مۆر لە یەک کاتدا چەندین بارزانیی گرتووەتەوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە تەلارسازە یاساییە یەکخراوەکەی خێزانی بارزانییەکان لە ئەمریکا، نەک تەنها پارێزەر و نوێنەری یەک برا.

بڕیاری دوو ملیار دۆلاریی دادگای نێودەوڵەتیی بازرگانی (ICC) دژی سیروان بارزانی / کۆڕەک
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی پێنسیلڤانیا بڕیارێکی ناوبژیوانیی ٢ ملیار دۆلاریی دژی سیروان بارزانی و کۆرەک تێلێکۆم بۆ فێڵ، دزینی پارە، و گەندەڵی پشتڕاست کردەوە — کە لە دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە دوبەی دادگایی کرابوو. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی چالاکدایە لە دادگایی ناوچەیی نیویۆرک (دۆسیەی ژمارە 1:25-mc-00077).

مەنسوور بارزانی تۆمەتبارە ناوبراوەکەی وەزارەتی دادە
جگە لەوەی سکاڵان بەشێوەیەکی بەرچاو تیشکی خستبووە سەر مەسرور بارزانی (سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان). بەڵام ئەو بارزانییە دیاریکراوەی وەک قۆڵبری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناوی زۆر هاتووە، مەنسور بارزانییە، کە 700 ملیۆن دۆلاری لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە فێڵ خواردووە. بەپێی ئەوەی لە دۆسیەکانی دادگادا هاتووە، مەنسور بارزانی پارەی گەندەڵیی لە ڕێگەی سندووقی NYJD Trustـەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی بەڵێندەری یەکەم دەستیبگات بە بەنزین-ی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

جا بەپێی کەیسە نوێیەکە کە لەسەر مەنسور بارزانی کراوەتەوە، دەرکەوتووە سندووقی NYJD کورتکراوەی ناوی منداڵەکانی مەنسور بارزانییە (ناسر، یاسر، جولیا و دەیڤد یان داود)

مەنسور بارزانی کۆشکەکەی بێڤەرلی هیلزی هەر بە پارەی ئەم سندووقە کڕیوە کە کردوویەتی بە ناوی منداڵەکانییەوە و ئەو پارانەی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای خواردووە خستووەتە ئەم سندووقە، ٣٠ ملیۆن دۆلاری پارەی سپیکراوەی گرێبەستی ئاژانسی لۆجسیتیکی بەرگری ئەمریکاشی لەم سندوقەوە ڕاکێشاوە بۆ کڕینی ڤێلاکەی بیڤەرلی هیلس. ئێستا ئەم سندوقەی مەسرور بارزانی کە سەدان ملیۆن دۆلاری تێدایە و بەناوی منداڵەکانیەوەیەتی ئێستا وەزارەتی دادی ئەمریکا دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت.

وردەکاریی زیاتر لەسەر کۆشکەکەی بێڤەرلی هیلز
کۆشکی بێڤەرلی هیلز — کڕین بە ٢٠ ملیۆن دۆلار + نۆژەنکردنەوە بە ١١ ملیۆن دۆلار

سکاڵای دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتی داد (پێشەکیی A کە هاوپێچی تۆمارە نوێیەکەیە) بە وردی ڕوونی دەکاتەوە کە موڵکەکەی بێڤەرلی هیلز چۆن کڕدراوە:

● ١٢ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی بانکی ئەلیکترۆنییەوە لە سندوقی NYJDـەوە بۆ کۆمپانیایەکی ئەسکڕۆ لە لۆس ئەنجلس لە نیسانی ٢٠١٨ گوازراوەتەوە

● 8 ملیۆن دۆلار قەرز لە بانکی مەین ستریت، کە بە بڕوانامەیەکی سپاردن وەک بارمتە دانراوە

● کۆی نرخی کڕینەکە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بووە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی وەهمی بەناوی 945 Foothill Rd LLC، کە سۆدابێ خۆشدامان خاوەنە سوودمەندەکەیەتی

● ١١.٦ ملیۆن دۆلاری دیکە لە سندوقی ئەمانەتی NYJD بەکارهێنراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی موڵکەکە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی بیناسازیی سانتا بارباراوە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢، کە مەلەوانگە و جاکوزییەکی گەرمی لەخۆگرتووە.

ئەو کەیسە کۆنەی کە لەسەر چۆنێتی کڕینی ئەم ڤێلایەی مەنسور بارزانی کرابووەوە، ئەم وردەکارییانەی تێدا نەبوو، بە شێوەیەکی گشتی باسی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری لە خانووبەرەی ئەمریکیدا کردبوو. هیچ کام لەم وردەکارییە تایبەتانەی مامەڵەکە باس نەکرابوون.

ئەو پارەیەی مەنسور بارزانی لە ئەمریکای خواردووە چۆنە؟ ئەمەش وردەکاریی زۆری هەیە لە بەڵگەنامە نوێیەکاندا
سکاڵاکەی وەزارەتی داد (بەڵگەی A) بە وردی پارەدانی گەندەڵی ئاشکرا دەکات: بەڵێندەری ١، ٠.٢٥ دۆلاری بۆ هەر لیترێک سووتەمەنیی فڕۆکەی جۆری JP8 داوە بە مەنسور بارزانی کە گەیەنراوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی ئاسمانیی هەریر، کە لە بەڵگەنامەکاندا بە بنکەی ئاسمانیی باشوور ناسراوە، کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ئەمینداری ١، ٢، و ٣ـەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمینداری ١ بوون، ڕێکخراوە — هەمووی وەک پارەدانێک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەر ڕێگریکردن لە ڕکابەرەکانی بەڵێندەری ١ لە گەیشتن بە بنکەکە.

کەیسەکەی هەڤاڵ دۆسکی
جگە لەو ناوانەی پاشگری بارزانییان پێوەیە، ناوێکی دیکەش لەو دۆسیانەی ئەمریکا هەیە، هەڤاڵ دۆسکی، ناوبژیوانی ١٢٥ ملیۆن دۆلاریی مەنسور بارزانی لەگەڵ ئاژانسی لۆجستیی بەرگری (DLA)

هەڤاڵ دۆسکی، خاوەنی کۆمپانیای ڕیپیت کۆنسەڵتەنتس ئێڵ ئێڵ سی، وەک یاریدەدەری تایبەت و ناوبژیوانی دارایی بۆ مەسرور و مەنسور بارزانی کاری کردووە. گرووپی کۆمپانیاکانی لەو ماوەیەدا بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلاریان لە ئاژانسی لۆجستیی وەزارەتی بەرگری وەرگرتووە.

وەیسی بارزانی، برایەکی دیکەی مەسرور بارزانی ناوی لە دوو دۆسیەدا دێت
وەیسى بارزانی (سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش) ئێستا تۆمەتبارێکی ناوبراو یان کەسایەتییەکی سەرەکییە، نەک تەنها لە چیرۆکی کڕینی بەرنامەی سیخوڕیدا، چونکە چەندین سکاڵای لەسەرە کە بە نایاسایی چەندین ئامێری سیخوڕی کڕیوە و لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان ڕێککەوتنی کردووە بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە کۆدی هەر مۆبایل و سیستمێک بشکێنێت کە مەبەستی بێت، ئەوە کەیسێکی زۆر گەورەیە لەسەری، چونکە بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەو ئامێر و داواکارییانەی وەیسی بارزانی لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی کردووە هیچ تایبەتمەندییەکی شەخی بۆ کەس نامێنێت و دەتوانێت مۆبایلی هەرکەسێکی ببینێت و گوێی لێ بگرێت، بۆ ئەمەش بەپێی کەیسەکەی پێشووە دەیان ملیۆن دۆلاری داوە. ئێستا وەسی بارزانی وەک یەکێک لە کەسە سەرەکییەکانی پیلانگێڕیی سپیکردنەوەی پارە لە تەنیشت مەسرور و مەنسوور بارزانی برایەوە ناوی دێت.

کەیسی ڕەوەند، یەکێک لە دۆسیەکانی دادگا دژی بارزانییەکان
کەیسی ڕەوەند داوایەکی یاسایی کۆمەڵکارییە کە لەسەر چەندین سکاڵا بونیادنراوە:

سپیکردنەوەی پارە: سکاڵاکاران لەم کەیسەدا دەڵێن، کە مەسرور بارزانی و هاوکارەکانی دەیان ملیۆن دۆلاریان لە ڕێگەی کۆمپانیای ساختەی ئەمریکی، ئەمانەتی دەرەوەی وڵات، و کۆمپانیای ڕووکەش، سپیکردووەتەوە — کە تێیدا کۆمپانیای یاسایی مۆر وەک ناوەندی دارایی ئەو شوێنە بووە پارەی لێوە دەرکراوە.
ئەنجامدانی تووندوتیژی: داواکاران دەڵێن بەشێکی پارە سپیکراوەکەی بارزانییەکان لە ئەمریکا بەکارهێنراوە بۆ بەرتیلدان، کردەوەی توندوتیژی و هەروەها بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران و چالاکوانانی دژیان.
لێپرسراوێتی پارێزەر: یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکی و نایاساییەکانی ئەم کەیسە ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ پارێزەرەکان دەکاتە ئامانج — بەو بیانووەی کە ئەوان واتە پارێزەرەکان تەنیا بریکار نین، بەڵکو یارمەتیدانی تاوانکاری بوون، بەمەش تەنیا کوڕانی بنەماڵەی بارزانی تێوە ناگلێن، بەڵکو ئەوەی کاری لەگەڵ کردبن با پارێزەریش بێت، هەر دەبێتە تاوانبار.
یەکێکی دیکە لەو کەیسانەی بەرامبەر مەسرور بارزانی و براکانی کراوەتەوە لەناو کەیسی ڕەونددا، دۆسیەی کوشتنی کچە مامۆستاکەی هەولێرە. کە براکەی بە ناوی شاخەوان سکاڵای کردووە.
بیرتانە خانمێک بەناوی جیهان تەها عەبدولڕەحمان، مامۆستا و داکۆکیکارێک بوو لە کوردستان، لەناو سەیارەکەی گیانی لەدەستدا، ئێستا دۆسیەیەک هەیە لە دادگای ئەمریکا کە ئەو کچە مامۆستایە بە فەرمانی مەسرور بارزانی ڕفێنراوە دواتر و بە سووتاندن کوژراوە.

مستەفا بارزانی، کوڕە دڵخوازەکەی مەسعود بارزانی لە مامەڵەی لامبۆرگینییەکدا ناوی هاتووە
مستەفا بارزانی وەک نێردەری پارە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی لامبۆرگینی ساڵی ٢٠٢١ ناوی هاتووە، بەپێی بەڵگەنامەکان مامەڵەیەکی کردووە بۆ نیشاندانی تێکەڵکردنی هەژمارەکان و خۆدزینەوە لە یاساکانی باجدان.

موکسی بارزانی، خاوەنی موڵکە گرانبەهاکانی ئەمریکا
بەڵگەی (H)ی سکاڵاکە (لیستی پەیوەندییەکانی خانووبەرە) ئاماژە بەوە دەکات کە موکسی بارزانی پەیوەستە بە چەندین موڵکی دیاریکراوی ئەمریکاوە: کە ئەمانە بەشێکیانن:

● باڵەخانەی بانکی چەیس لە 3109 شەقامی 16ی باکوور، ئۆرنج، تێکساس (بە پارەی کاش کڕدراوە، دوای دەستپێکردنی داوای یاسایی فرۆشراوە)

● موڵکێک لە 11776 Stratford House Place Unit 403, Fairfax County, VA (لەلایەن کاربەدەستی گەیاندنی بەڵگەنامەکانەوە وەک شوێنی نیشتەجێبوونی موکسی پشتڕاستکراوەتەوە)

● بەشێکی لە زنجیرەی فاستفوودی وێندیز لە ناوچەی فەیرفاکس، ڤێرجینیا

● موڵکی “باڵیۆزخانەی جۆرجیا” لە واشنتۆن دی سی

● کۆمپانیای One Park Crest Unit 1808 LLC لە مەکڵین، ڤێرجینیا (پەیوەست بە مەنسوور بارزانییەوە لە ڕێگەی موور و جولی سانفۆردەوە)

کەیسە کۆنەکە ئاماژەی بە ٣١ موڵک کردبوو لە سەرانسەری شەش ویلایەتدا، بەڵام ناوی هیچ موڵکێکی بەتایبەتی نەهێنابوو کە پەیوەست بێت بە موکسی بارزانییەوە.

کۆمپانیا نافەرمییەکانی دەرەوەی وڵاتی مەسرور بارزانی — تیگ هۆڵدینگز لیمیتد (BVI)
بەڵگەکانی سکاڵاکە ئەوە دەردەخەن کە کۆمپانیای تیگ هۆڵدینگز لیمیتد، کە کۆمپانیایەکی دوورگە ڤێرجینەکانی بەریتانیایە، ئەو دامەزراوە دەرەکییە دیاریکراوەیە کە بۆ خاوەندارێتیکردنی موڵکەکانی مەسرور بارزانی لە مەکڵین دروست کراوە. کە ئەمەیان تازە ئاشکرا کراوە و خراوەتە ناو بەڵگە و فایلەکانی دادگاکانی ئەمریکا.

ئەمانە بەشێک بوون لە دۆسیە 230 لاپەڕەییەکە، کە هێشتا شتی دیکەی تێدایە.

ئەم نهێنییانە چۆن ئاشکرا بوون؟
هەموو ئەم بابەتانە کاتێک ئاشکرا بوون، کە مەهتاب مۆر، هاوژینی جۆناسان مۆر سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمارکرد و ڕایگەیاند، کە هاوسەرەکەی ئیمپراتۆریەتێکی دارایی نهێنی دروستکردووە کە پەیوەندی بە کوڕەکانی مەسعود بارزانییەوە هەیە.

مەهتاب مۆر بۆچی ئەم سکاڵایەی کرد؟ چونکە مەهتاب و جۆناسان لە جیابوونەوەدا بوون، بەپێی یاسای ئەمریکا هەر دوو هاوسەر کە جیادەبنەوە دەبێت نیوەی سامانی پیاوەکە بۆ ژنەکە بێت، بەڵام جۆناسان ئامادەنەبووە ئەوە بکات و وتوویەتی سامانێکی وام نییە. ئینجا ژنەکەشی هاتووە و ئەم هەموو نهێنییەی ئاشکراکردووە. ئەو بەڵگانەی کە مەهتاب داوێتییە دادگا پێکدێن لە فایلی کۆمپانیاکان، بەڵگەنامە و تۆماری گواستنەوەی بانکی پارە، بەپێی ئەوەی ئەو ژنە داوێتییە دادگا، وە ئەو کارانەی کە کراون تەنها سوتفە و هەڵکەوتنێکی بازرگانی نەبووە ، بەڵکو وەک بڕبڕەی پشتی پلانێکن بۆ هێنانە ناوەوەی سامانێکی بێشووماری بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەمریکا و لەهەمان کاتتدا خاوەنە فەرمییەکەی کۆمپانیاکەی شاردووەتەوە.

جیابوونەوەی مەهتاب مۆر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆمەڵێک تۆماری ورووژاند، کە ئاشکرای کرد کە چۆن خێزانی بارزانی کە لە کوردستان دەسەڵاتدارن بە نهێنی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاریان خەرجکردووە لە بواری خانووبەرەی ئەمریکا، وە خاوەندارێتی ئەم موڵکانەش لە لایەن چینە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەوە ونکراون.

جیابوونەوەی مەهتاب راستییەکیشی دەرخستووە، کە ئەویش لەگەڵ هاوژینەکەی و مەسرور بارزانی و براکانیدا کاری کردووە، هەر ئەم ژنە واتە مەهتاب مۆر لانیکەم چوار ناوی جیاوازی بەکارهێناوە لەکاتی ئیشکردنی بۆ سپیکردنەوەی پارەکانی کوڕانی مەسعود بارزانی. ئەم گۆڕانکاریانەی ناوەکان لۆکاڵین، وە هەموو ناوەکانیش لە ناو کەیسەکاندا رەنگیداوەتەوە و هەر ناوێکی گرنگییەکی خۆی هەیە.

مەهتاب چەندین ناوی گۆڕیوە
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٠، مەهتاب مۆر لە ژێر چەندین ناودا دەرکەوتووە، ماتی لۆلاڤار، مەهتاب “ماتی” حوجەتی، و ماتی فەین – کە هەریەکەیان بەستراوەتەوە بە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی پیشەییەوە. مەهتاب دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی لەسەر ئێران دامەزراند، لە کەیسەکەدا کە ئەم کۆمپانیایە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی لۆبیکردنەوە هەبوو، دواتر وەک کۆماریخوازێک خۆی بۆ کۆنگرێس کاندید کرد و دۆڕا بەڵام ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە مەهتاب لە گۆڕەپانی سیاسیدا شوێنی خۆی بکاتەوە.

بەڵگەنامەکانی دادگا و کۆمپانیاکان ناسنامە گۆڕاوەکانی مەهتاب مۆر باس دەکەن و ئەم ناوانەی بەکارهێناوە، ماتی لۆلاڤار، مەهتاب حوجەتی، ماتی فاین و لە کۆتاییدا مەهتاب مۆر — بە یەک ژیاننامەی بەردەوام ژە هەمووی هی یەک کەسن.

دادگا قسەکانی مەهتاب دەکاتە بەڵگە
دادگای ئەمریکا بەردەوامی ناسنامەکانی مەهتاب بە گرنگ وەرگرتووە، چونکە هەم پەیوەندییەکانیان بە خێزانی بارزانی و هەم مەبەست ڕوون دەکاتەوە. وە ئەوەی کە گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە ئەمە تەنها قسەی ژنێکی جیابووەوە نییە لە هاوسەرەکەی، بەڵکو هاوبەشێکی ئەو بازرگانییە بووە و بەڵگەی پشراستکەرەوەش هەیە لە دادگا، مەهتاب بەپێی شارەزاییەکەی سەلماندوویەتی کە چۆن ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە بە شاراوەیی کاردەکەن و مامەڵە دەکەن. ئەو ژنە چەندجارێک لە دادگا ئەم قسەیەی کردووە، جۆناسان مۆر، وەک پارێزەرێک لە واشنتن یارمەتی کوڕەکانی بارزانی داوە کە دامەزراوەیەکی یاسایی دروست بکەن کە سامانەکەیان بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە. ساڵانێکە لەگەڵ ئەو خێزانە کاردەکات، لەنێویاندا مەسروور بارزانی.

کڕینی 31 موڵک لە شەش ویلایەتی ئەمریکا
لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە ساڵی 2025دا دەریخستووە کە بارزانییەکان لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2019 بەلایەنی کەمەوە 31 موڵکیان کڕیوە لە شەش ویلایەتی ئەمریکیدا، کە بەهاکەیان زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە. ئەم کڕینانە لە ڕێگەی کۆمپانیای دەرەوەی ئەمریکا و کۆمپانیای توێکڵ( بەو کۆمپانیایانە دەوترێت کە لەسەر کاغەز هەن بەڵام لە واقیعدا بوونیان نییە) ئەنجامدراون بۆ شاردنەوەی خاوەندارێتییەکەیان.

نیگەرانی سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا ئەم کارانە یاسایی بوون یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە پارەکە لە کوێوە هاتووە. کوڕەکانی بارزانی خاوەنی پیشەی سیاسی و ئەمنین، نەک بازرگانی تایبەت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە تەنیا پشکەکانیان لە ئەمریکا 100 ملیۆن دۆلاری تێدەپەڕێنێت.

جا ئەبێ بۆ خەڵک ڕوون بێت ئەم ژمارەیە تەنها بەشێکە لە وێنەکە، یەک لێکۆڵینەوەیە و یەک وڵات و ماوەی کاتێکی سنووردار دەگرێتەوە. ئێستا دادگاکە لێکۆڵینەوە دەکات کە ئایا لە چەند وڵاتی دیکە و لەماوەی ساڵانی دوای ئەوە چی تریان کڕیوە و لەکوێی دیکە پارەی نایاساییان بەدەستهێناوە و چەند سەد ملیۆنی دۆلاری دیکەی کوردستانیان بردووەتە دەرەوە.

ئەم بەڵگەنامانە تەنها لیستی موڵکەکان نەبوو، بەڵکو ئەو بەڵگەنامە تایبەتە بوو کە لەگەڵیدا هاتبوو. ئەم ئیمەیڵانە کە لە ڕێگەی دادگاییکردنی مەهتاب مۆرەوە ئاشکرا بوون، رێگە خۆشکەر بوون بۆ ئەوەی کە تا ئێستا نەبووە هێندە بە دیاریکراوی و روونی باسی ئەم جۆرە نهێنییانە بکرێت کە لە بارزرگانی بازنەی کوردیدا بکرێت.

کاری هاوبەشی کۆمپانیاکانی مەسرور و مستەفا بارزانی
بەپێی ئەوەی کە لە بەڵگەکانی دادگادا هاتووە دەڵێت، لە کوردستان، گرووپی ستێر وەک زیاتر لە تەنها کۆمپانیایەک سەیر دەکرێت. زۆرجار خەڵک بە گروپێکی بازرگانی گەورە وەسفی دەکەن کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە و زۆرێکیان لە مێژە پێیانوایە کە خاوەندارێتیەکەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دەکرێت. سەلماندنی ئەمە قورس بووە چونکە خاوەندارێتی لە ڕێگەی چینە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەوە شاراوەتەوە. بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن پڕۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵی OCCRP ەوە ئاماژەیان پێکراوە باس لەوە دەکەن کە مەسرور بارزانی خاوەنی کۆمپانیای ستێر گرووپە، یان لانیکەم زۆربەی پشکەکانی لەخۆدەگرێت. هەروەها ئەوەش نیشان دەدەن کە سەدان ملیۆن دۆلار کە پەیوەندییان بە کڕینی موڵکەکانی ئەمریکاوە هەیە پارەکەیان لە کۆمپانیای ستێر و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەست بە بارزانییەکانەوە ڕۆشتووەتە ئەمریکا.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨دا، ڕاوێژکارێکی باج داوای لە جۆناسان مۆر کردووە کە تۆمارەکانی کۆمپانیاکەی مەسرور بارزانی لە دەرەوەی وڵات، ستێر گرووپ ئێف زێد ئەی، پێشکەش بکات، کە بریتی بوون لە بەڵگەنامەکانی تۆمارکردن و بڕوانامەکانی “باوەڕپێکراوی” لە دوورگەکانی بریتش ڤێرجن.

ئینجا جگە لە ستێر گرووپی مەسرور بارزانی، چەند کۆمپانیایەکی دیکەی براکانی مەسرور بارزانی ناویان لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە کە پارەیان بۆ ئەمریکا ناردووە، لەوانە کۆمپانیای گۆڵدن ئیگڵ گڵۆباڵ (GEG) کە بە تەواوی خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مستەفا بارزانی، ناسراو بە بابۆ.

جا ئێستا ئەوەی کە دادگا و میدیاکانی ئەمریکای شۆک کردووە، گوێبیستبوونی هەندێک وشەن، وەک “کۆمپانیای دەرەوەی وڵات،” “کۆنترۆڵی هاوبەش،” “پارەی خێزان.” کە ئەمانە لە بەڵگەنامەکاندا هاتوون و بەم ناوانە مەسرور بارزانی و براکانی پارەیان بردووەتە ئەمریکا . ئەم دەستەواژانە زۆر جار لە ئەو شوێنانەیە کە کارەکان لە ئۆفیسی دواوە دەکەن و بە دەگمەن بە ئاشکرا دەنووسرێن، بەڵام جیابوونەوەی ئەم دووکەسە مەهتاب و جۆناسان ئەم تۆمارانەی خستە ڕوو و بوونە بەڵگەی دادگایی.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this