بەرنامە چاکسازییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاریگەریی لەسەر مووچە دەبێت

0
0

SNN

پسپۆڕی ئابووری، نەبیل ئەلمەرسومی، ئاشکرای کرد کە ئەو بەرنامەی چاکسازییە ئابوورییەی لەلایەن سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی، پێشکەش کراوە، کۆمەڵێک ڕێکار لەخۆدەگرێت، لەوانە: هەڵوەشاندنەوەی پاڵپشتیی حکومەت، بڕینی فۆرمی خۆراک، و کەمکردنەوەی تەرخانکراوەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و مووچە.

ئەلمەرسومی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی تۆڕی ساعە ڕایگەیاند: “حکومەتەکان دەڵێن هەڵئاوسانیان کەمکردووەتەوە، بەڵام بازاڕ شتێکی دیکە دەڵێت. ئێمە لە عێراق دەژین و دەزانین ئاستی نرخی کاڵاکان چۆن بەرزبووەتەوە، لە کاڵای بەکاربردنەوە تا دەگاتە ئۆتۆمبێل و شتەکانی دیکە، بەتایبەتی دوای داخرانی گەرووی هورمز نرخەکان زیاتر بەرزبوونەتەوە. قسەکردنیش لەسەر ڕێژەی هەڵئاوسانی 1٪ یان ٪2 تەنها تیرووانینێکی تیۆرییە و ورد نییە، چونکە ئاستی هەڵئاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەت دوای داخرانی گەرووەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتیی عێراقی.”

ئەلمەرسومی هۆشداری دا لەوەی کە “کەمکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە کاتێکی نەگونجاو دایە، لە سایەی ئەو سستییە ئابوورییەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت و پەککەوتنی نیمچە تەواوی کەرتی تایبەت و کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی دیکە، بۆیە پێویستە لە بڕیاری لەو شێوەیەدا پەلە نەکرێت، بەتایبەت کە ئەم بڕیارانە تەنها لەلایەن حکومەتەوە نادرێن، بەڵکو دەبێت بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بێت.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە “بژاردەکان سنووردار بوون، بەڵام هەندێک بژاردەی سەخت هەن، لەوانە فرۆشتنی سەرمایە و داراییەکانی دەوڵەت. با ئەزموونی ڕووسیامان بیر بێتەوە؛ تایبەتمەندکردنی (خصخصة) داراییەکانی حکومەت لە سایەی گەندەڵیدا ڕەنگە بە واتای بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بێت. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، تایبەتمەندکردنی پڕۆژە حکومییەکان بووە هۆی زیانی گەورە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و تێکچوونی ئاستی بژێوی.”

هەروەها ئاشکرای کرد کە “کەلێنی گەورە هەن کە لە سایەی گەندەڵیدا دەبنە هۆی خەمڵاندنی داراییە حکومییەکان بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی خۆیان، هەروەها فرۆشتنی ئەم داراییانە ڕووبەڕووی کێشەی کارمەندەکانی دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی بێکاری و تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی بارگرژیی جەماوەری.”

ئەلمەرسومی ئاماژەی بەوەش کرد کە “بارودۆخی دارایی لەم ساڵەدا زۆر باش نابێت بەهۆی نەبوونی سندوقی سەروەری، ئەمەش ڕەنگە پاڵ بە حکومەتەوە بنێت بۆ ڕاکێشانی پارە لە یەدەگی نەختینە. بەپێی ژمارە فەرمییەکان، یەدەگی دراوی بیانی بە بڕی 10 تریلیۆن دینار لە نێوان مانگی شوبات و ناوەڕاستی ئایاردا کەمی کردووە، لە بەرامبەردا خستنەڕووی نەختینەیی بۆ 113 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، واتە بە بڕی 8 تریلیۆن دینار زیادی کردووە، ئەمەش بژاردەکان سنووردارتر دەکات.”

ڕوونیشیکردەوە کە “فرۆشتنی داراییە حکومییەکان کە بە تریلیۆنەها دۆلار دەخەمڵێندرێن بە نرخێکی ڕەمزی، نە لە بەرژەوەندی دەوڵەتە و نە گەل، و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و پەیڕەوکردنی پرەنسیپی هەنگاو بە هەنگاو هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەلەفە، چونکە هەرچەندە ئەم ڕێکارانە لە تیۆریدا بە باش دەردەکەون، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی زۆر دەبنەوە.”

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە “بەرنامەی چاکسازیی ئابووری کە سەرۆکوەزیران پێشکەشی کردووە، هەڵوەشاندنەوەی پاڵپشتیی حکومەت بۆ سوتەمەنی، ئازادکردنی نرخەکان، و ڕەنگە سەرئاوخستنی دراو (تعويم العملة) لەخۆ بگرێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و مووچە. وادیارە تایبەتمەندکردنی پڕۆژە حکومییەکان بەشێکە لەم پاکێجە چاکسازییە، جگە لە ڕێکارەکانی دیکە وەک هەڵوەشاندنەوەی فۆرمی خۆراک و کەمکردنەوەی تەرخانکراوەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چەندین مەلەفی دیکە کە ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، حکومەت بەرەو جێبەجێکردنیان هەنگاو دەنێت.”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this