دۆناڵد ترەمپ: هێشتا دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی ڕێکبکەوین

0
88

SNN

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوامی دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هێشتا رێی تێدەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەمموز، دۆناڵد تره‌مپ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، “بەڵێ، پێموایە رێککەوتن ڕێی تێدەچێت، بەدڵنیاییەوە وا بیردەکەمەوە”، وتیشی، “دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵیان گەیشتینە ڕێککەوتن، پاشان ئەوان وتیان: ناتوانین ئەم ڕێککەوتنە واژۆ بکەین. پێویستە بەردەوام بین لە دانوستاندن لەسەری”.

ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن “هێرشێکی گەورەی دیکە” ئەنجام دەدات و ڕونیکردەوە، “تواناکانی هێرشبردنی ئێران لەناودەبەین”.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی “نیوز ماكس” وتویەتی، ئێران هێشتا خاوەنی هەندێک موشەک و توانای سنوردارن، بەڵام ئەوانمان گێڕاوەتەوە بۆ سەردەمی بەردین.

ئەو لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە سوپای ئەمریکا رایگەیاندوە، بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک، گەڕێکی نوێی هێرشەکانی دژی ئێران دەستپێکردوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، “ئەو گورزانە بەردەوام دەبن لە گەیاندنی زیانی قورس بە هێزەکانی ئێران و لاوازکردنی تواناکانیان بۆ هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان و کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز”.

تره‌مپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرنامەی “هیو هیومێت شۆ” رایگەیاند، “ئەمشەو بە توندی لێیان دەدەین و سبەینێش بە توندی لێیان دەدەین، هیچ شتێکیش نییە کە بتوانن لەم بارەیەوە ئەنجامی بدەن”.

جەختیکردەوە، “رەنگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دو بۆ سێ هەفتە بخایەنن”، روونیکردەوە، واشنتن یان لە ڕێگەی دانوستانەوە یان بە چارەسەری سەربازی سەردەکەوێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران تاقیکردنەوەیەک بو و ڕێزیان لێنەگرت”، بەڵام ناتوانێت بڵێت ئایا ئاگربەستەکە کۆتایی هاتوە یان نا.

ترەمپ دیسانەوە جەختی کردەوە کە “ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت”، و وتیشی، “ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان هەبوایە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا بەکاریان دەهێنا”.

ئاشکراشی کرد، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێگەی ئەتۆمی “بیکاكس ماونتن” لە ئێران تێکدەشکێنێت و وتی، “چیاکانی بیکاكس لەناودەبەین، بە ئێرانییەکان بڵێن با ئامادە بن”.

رونیشیكرده‌وه‌، “ئێمە بە وردی چاودێری چیای بیکاكس دەکەین. هیچ چالاکییەک لەوێ نابینین، ئەوان لە دۆخی ئەتۆمی خۆیاندا باش نین، هەر کاتێک ببیستین چالاکی هەیە، دەیتەقێنینەوە، بۆیە حەز ناکەن باسی بکەن، بەڵام پێدەچێت لە کاتێکی تاڕادەیەک نزیکدا گورزێک لە بیکاكس بدەین”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this