سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار 20 ترلیۆن دینار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە دابین دەکات

0
77

SNN-

تەها دیفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بڕی 20 ترلیۆن دینار بۆ حکومەت دابین دەکات بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە.

دەبوو لە ساڵی داهاتوو جێبەجێ بکرێت

دیفاعی لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی “الحد الفاصل”دا ڕایگەیاند: “حکومەت  دەمێکەیە بژارەی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاری تاوتوێ کردووە و بڕیار بوو ئەم گۆڕانکارییە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگیربکرێت، بەڵام بڕیارەکە هاووڵاتییان و پەرلەمانتارانی سەرسام کرد، سەرەڕای ئەوەی سەرکردە و فراکسیۆنەکان ئاگاداری بوون.”

پلانی حکومەت

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، محەمەد شیاع سودانی بە تەنیا بەرپرسیاریەتیی قەیرانی دارایی ئێستای لەسەر نییە، بەڵکو بەردەوامیی قەیرانەکە حکومەتی خستووەتە بەرامبەر چارەسەرێک کە “خۆشترینیان تاڵە”. هەروەها ڕەخنەی گرت لەوەی دەبوو حکومەت ئامادەکاری پێشوەختەی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز، لەبری ئەوەی بارگرانی لەسەر گەنجینەی دەوڵەت دروست بکات بە قەرزی ناوخۆیی.

حکومەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵی قاچاغچییەتیی دۆلار بکات

ڕوونیشی کردەوە، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ساڵانێکە نەیانتوانیوە کۆتایی بە دەستبەسەرداگرتنی فرۆشتنی دراو لەلایەن هەندێک لە بانکەکانەوە بهێنن، هەروەها حکومەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵی قاچاغچییەتیی دۆلار بکات، کە کڕینی ئاڵتون لە ئیمارات یەکێک لە ڕێڕەوەکانییەتی.

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی داوای لە حکومەت کرد ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی خۆراک و دڵنیاییدان بە شەقام.

سەبارەت بە هەڵوێستی پەرلەمانیش وتی: “پەرلەمان دابەشبوونی بەخۆیەوە بینیوە؛ لە نێوان لایەنێک کە بەدوای نمایشکردنی ڕاگەیاندنیدا دەگەڕێت و لایەنێکی تر کە دژی بەرزکردنەوەی نرخەکەیە، لە کاتێکدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پشتیوانی لە بڕیارەکەی حکومەت کردووە.”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this