راكان جبوری هاوردەكانی هاوزمانی دەكاتە خانەخوێ و كوردیش بە مێوانێكی چارە قورس ناوزەد دەكات

0
1283

SNN- عیماد جەباری

جارێكیتر راكان جبوری هانا بۆ هێزە سەربازییەكانی عێراق دەبات تاوەكو هاوكار بن لەجێگیركردنی عەرەبی بەدووی هاوردەی سەردەمی سەدام حسێن لەناوچە كوردنشینەكان و گوندنشینانی كوردی رەسەنیش كە خاوەن زەوییەكانن، وەدەربنرێن.

ئەمەش یەكەمجار نییە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئەو داوایە بكات، ساڵی رابردوویش بەهەمانشێوە داوایەكی ئاڕاستەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی سەڵاحەدین كرد بۆ هەمان مەبەست و دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەئاشكرا وتی: “ئەو خێزانە كوردانەی دانیشتووی گوندی پەڵكانەن، خەڵكی رەسەنی شارەكە نین و لەسوریا و ئێرانەوە هاتوون و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنە رەسەنەكانی خۆیان “.

لە18ی ئایاری 2020 راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك نوسراوێكی نهێنی ئاڕاستەی بارەگای پێشكەوتووی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك كردووە بەمەبەستی نیشتەجێكردنی عەرەبی هاوردە كە لەسەردەمی سەدام حسێن سوودمەند بوونە لەو زەوییانەی لەكورد وەرگیراونەتەوە.

لەنوسراوەكەدا، ئاماژە بەداواكارییەكی (عەلی حەواس هەسمی) دەكات كە یەكێكە لەو كەسایەتییانەی هۆزی شممەر كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ئەو زەوییانەی كورد كە لەسەردەمی سەدام حسێن پێیان بەخشراوە لەسنووری سەرگەڕان.

راكان جبوری لەنوسراوەكەیدا دەشڵێت: “لەقۆناغی یەكەمدا بیانگەڕێننەوە بۆ نێو ئەو خانووانەی گوندی پەڵكانە كە چۆڵكراون و لەقۆناغی دووەمیشدا زیادەڕۆكان دەربكەن كە مەبەستی گوندنشینانی كوردە و خاوەنی رەسەنی زەوییەكانن.

بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە سەعد حەربی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك بۆ SNN رایگەیاند: كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك دەستتێوەردان لەو كێشانەدا ناكەن كە پێویستە یاسا یەكلایی بكاتەوە نەوەكو هێزی سەربازی و لەو رووەشەوە دڵنیایی بەلایەنی کورد دراوە.

ساڵی رابردووش بەهەمانشێوە لەنوسراوێكیدا بۆ فەرماندەیی ئۆپارسیۆنەكانی سەڵاحەدین داوایكرد هاوكاری عەرەبەكان بن بۆ گەڕانەوە بۆ گوندی پەڵكانە كە لەرێگەی هێزی سەربازییەوە هەڵیانكوتایە سەر گوندەكە و خەڵكی سڤیلی كوردیش بەدار و بەرد رووبەڕوویان بوونەوە و ئاڵۆزیی دروستبوو.

عەلی دوبزی موختاری گوندی پەڵكانە بە SNNی وت: “لەدوای ساڵی 2017وە ئەو عەرەبە هاوردانە بەردەوام بەپشتیوانی نوسراوی دادگا و ئیدارەی كەركوك و بەهاوكاری هێزە سەربازییەكان هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە گوندەكە، بەڵام رێگرییان لێ دەكەین”.

وتیشی: “لەسەرەتادا بەفشاری هێز توانییان چەند خانویەك داگیر بكەن كە لەدوای ئەو رووداوانەی دواییەوە خێزانە كوردەكان بەجێیانهێشتبوو، بەڵام رێگریمان لێكردوون خانوی دیكە داگیر بكەن”.

لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2019 لیژنەیەك لەلایەن پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت پێكهێنرا بۆ بەدواداچوون سەبارەت بەگوندی پەڵكانەی ناحیەی سەرگەڕان، لەئەنجامدا بەپێی ئەو راپۆرتەی لیژنەكەی راكان جبوری، 50 خانوو جەردكران كە خێزانی كوردی تێدایە و پێویستە چۆڵبكرێن.

لەكاتێكدا بەوتەی خەڵكی گوندەكە، ساڵی 1975 دوای ئەوەی راگوێزراون و خانوەكانیان رووخێندراوە، عەرەبی شممەر هاتوونەتە سەر زەوی و زارەكان و بەهاوكاری حكومەتەكەی سەدام حسێن، ئەو خانوانە دروستكراون، بەڵام دوای ساڵی 2003 و گەڕانەوەی خەڵكە رەسەنەكەی، لەو خانوانەدا نیشتەجێبوونە كە ئێستا جارێكیتر راكان جبوری داوای دەكاتەوە.

لەسنووری پارێزگای كەركوك زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار دۆنم زەوی كورد كەوتووەتە بەردەم مەترسی عەرەبی هاوردەوە كە لەلایەن دادگا و ئیدارەی كەركوکەوە پشتیوانییان لێدەكرێت.

مەردان رەحمان سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتی جوتیارانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: لەسنووری سەرگەڕان 38 گوندی كوردی لەبەردەم هەڕەشەی تەعریبدایە كە یەكێك لەو كەسایەتییە عەرەبانەی شممەر عەلی حەواسە هەوڵی گەڕانەوە دەدات لەكاتێكدا پێشتر بەبڕی 20 ملیۆن دینار قەرەبوو كراونەتەوە و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

وتیشی: “ماوەی 15 ساڵە بەپێی دەستوور گرێبەستی عەرەبەكان هەڵوەشێندراونەتەوە، بەپێی یاساش ئەگەر 5 ساڵ گرێبەستەكەی كارا نەكەیتەوە ئەوە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام وادیارە لایەنێك بەهەموو دەسەڵاتی خۆی جارێكی دیكە هەوڵدەدات برەو بەسیاسەتەكەی سەدام حسێن بدات بۆ گەڕانەوەی تەعریب”.

سووتاندنی دەغڵودانی كورد و ئەو هێرشە تیرۆریستییانەشی بەناو داعشەوە دەكرێتە سەر گوندەكانی كورد لەدەوروبەری دوبز و داقوق-یش بەپلانێكی دیكەی تەعریب دادەنرێت بۆ ناچاركردنی گوندنشینانی كورد تاوەكو ناوچەكە چۆڵبكەن

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this