بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتار پێویستی بە ئەنجومەنی شورا نابێت

0
1064
دانیشتنێکى پەرلەمانی کوردستان | فۆتۆ: نووسینگەى راگەیاندنى پەرلەمان

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات سەر لەبەری دانیشتنی حەوتی ئایار بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتار(سۆران عومەر) هەمووی نایاسایی بوو، بۆیە ئێستا بە بڕیارێكی یاسایی سەرۆكی پەرلەمان ئەو بڕیارە نایاساییە هەڵوەشاوەتەوە و پێویستیش ناكات ڕەوانەی ئەنجومەنی شورا بكرێت.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە ڕوونی ئەوە خراوەتەڕوو كە تەنها لە چەند حاڵەتێكدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنەكان بەڕێوەبەرێت كە سەرۆكی پەرلەمان لە ژیاندا نەمابێت یان مۆڵەتی وەرگرتبێت یاخود دەستی لەكاركێشابێتەوە، بۆیە هیچ یەكێك لەو حاڵەتانە لە دانیشتنەكەی حەوتی ئایار بەرجەستە نەبوون و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان پێشێلكراوە، چونكە خودی سەرۆكی پەرلەمان لەناو بینای پەرلەماندا بووە ئەو ڕۆژە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە مادەی 18 لە خاڵی 12 بە ڕوونی ئەوە نوسراوە كە ئاڕاستەكردنی نوسراو بۆ فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم تەنها لە دەستەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندایە، هاوكات بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لەماوەی 24 كاتژمێردا هەر بابەتێكی گشتی و گرنگ زیاد بكرێت بۆ دانیشتنی پەرلەمان ئەگەر دانیشتنی پێشوو بەكراوەیی مابویەوە، بۆیە لە دانیشتنەكەی حەوتی ئایاردا ئەو خاڵەش پێشێلكراو لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا نەبوو.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی ڕوونكردەوە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان، بۆیە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەك هی ئەوە نییە ڕەوانەی ئەنجومەنی شورا بكرێت، هەرچەندە ناردنی ئەم بابەتە تەنها لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندایە.

 

ئەنجومەنی شوراش ناتوانێت تانە بدات لە بڕیارەكانی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكوو كاری ئەنجومەنی شورا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كێشە و گرفتانەیە كە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا ڕوو دەدەن نەك دەسەڵاتی یاسادانان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this