
ئایا له‌كوردستاندا ئه‌و هه‌موو یانه وهرزشیهمان پێویسته، ئایا زۆربوونى یانه‌ى وه‌رزشى چ سوودێكى هه‌یه بۆ بڵاوبوونه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنى بوارى وه‌رزش له‌كوردستاندا، بۆچى نه‌توانراوه رێگه له‌زۆربوون و كردنه‌وه‌ى یانه‌كان بگیرێت، ئایا ئه‌و هه‌موو یانه‌یه له‌لایه‌نى دارایی بارگرانى نیه بۆسه‌ر حكومه‌ت، ئایا حكومه‌ت تا چه‌ند ده‌توانێت هاوكاریان بكات و پلانى كهمكردنهوهیانى هه‌یه، چى بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ئه‌م پرسه بكرێ و كێ رێگره و بۆچى وه‌ك پێویست هه‌نگاوى بۆنهنراوه، بۆ ده‌ستكه‌وتنى وه‌ڵامه‌كانى ئه‌و هه‌موو پرسیاره، تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN Sport) به‌ڕێوه‌به‌رى یانه‌كان و جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌رزشى له‌وه‌زاره‌تى رۆشبیرى و لاوان و میدیاكارێكى وه‌رزشى دواند و ئه‌وانیش به‌مشێوه‌یه باسیان له‌هۆكار و چاره‌سه‌ره‌كانى كردووه:-
“شه‌ڕى داعش هاته ئاراوه و ئه‌و پلانه‌ى هه‌مانبوو جێبه‌جێ نه‌كرا”
*سه‌ره‌تا سه‌ردار حه‌یده‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى یانه‌كان لهبهڕێوهبهرایهتى گشتى وه‌رزشى سه‌ر به وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى (بۆ كوردستان به‌شارى كه‌ركوك-یشه‌وه ئه‌و هه‌موو یانه‌یه زۆر نین) وتى:” یانه‌كانمان زۆرن و له‌ئێستادا 95 یانه‌ى وه‌رزشى و تایبه‌تمه‌ند بهوهرزشێك هه‌یه، ئێمه ساڵى 2006 له‌پاش كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوانى ئه‌وكات و لیژنه‌ى ئۆڵۆمپى كوردستان، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى وه‌رزش بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین یانه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه و هه‌ندێكیان تێكه‌ڵاو بكه‌ین، چه‌ند رێنماییه‌كمان ده‌ركرد، بڕیاربوو هه‌ولێر و سلێمانى هه‌ریه‌كه‌ى شه‌ش یانه و دهۆك و كه‌ركوك-یش هه‌ریه‌كه‌یان پێنج یانه و هه‌ر شارۆچكه‌یه‌كیش یه‌ك یانه‌ى هه‌بێت و لهشارهدێكانیش یانه نه‌بێت و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى وه‌رزش و لاوان دابنرێ تا گه‌نجه‌كان په‌یڕه‌وى وه‌رزش و تواناكانیان بكه‌ن و تا راده‌یه‌كى باش سه‌ركه‌وتووبوین، ئه‌وكات به دوو قۆناغ ئه‌وه كرا و 159 یانه‌مان هه‌بوو دواى ئه‌وه ژماره‌كه‌مان بۆ 75 یانه كه‌مكرده‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى ململانێ و فشارێكى زۆر هاته به‌رهه‌م، له‌قۆناغى سێیه‌مدا پلانه‌كه‌مان وابوو 75 یانه‌كه بكه‌ین به 50 یانه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نوسراو و بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانمان هه‌بوو كه واژووى كاك عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى له‌سه‌ربوو، لیژنه‌یه‌كمان پێكهێنا و به‌شێوه‌ى مه‌یدانى و بهدیكۆمێنتى نوسراو و ڤیدیۆ هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ هه‌موو یانه‌كان كرد له‌ڕووى ژێرخان و لایه‌نى كارگێڕیی و تیپه‌كانیان و هاتینه سه‌رئه‌وه‌ى كه ژماره‌ى یانه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه، شه‌ڕى داعش هاته ئاراوه و ئه‌و پلانه‌ى هه‌مانبوو جێبه‌جێ نه‌كرا”.
“لێتان ناشارمه‌وه ئێمه به ته‌نیا ناتوانین یانه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه”
*سه‌ردار حه‌یده‌ر سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ى كه (بۆچى ژماره‌ى یانه‌كان له 75 بوو به 95 و زیادى كرده‌ووه و حكومه‌ت هیچ پلانێكى نوێى هه‌یه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌یان) ؟، وتى:” زیادبوونى ژماره‌ى یانه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریى و به‌فشارى لایه‌نه‌كان بووه نه‌ك به‌خواست و ویستى ئێمه، پێش بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا و پێش زیاتر له دوو مانگ ئێمه له‌راپۆرتێكى خۆماندا كه بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوان و له‌وێش بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رزكراوه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌داواكاریه‌كانمان كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى یانه‌كانه و ده‌بێت پاڵپشتیشمان لێ بكه‌ن، به‌ڕاستى لێتان ناشارمه‌وه ئێمه به‌ته‌نها ناتوانین یانه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه، له‌وانه‌یه خۆتان بزانن هه‌موو یانه‌كان سه‌ر به‌لایه‌نه سیاسیه‌كانن، ئه‌وه یه‌كێك له‌كاره هه‌ره خراپه‌كان و ئێمه زۆر هه‌وڵماندا یانه سه‌ربه‌خۆ بێ تا بتوانێ وه‌رزش بكات، چونكه وه‌رزشكردن هیچ په‌یوه‌ندى به‌سیاسه‌ته‌وه نیه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وه‌رزش به‌ره‌وپێش ببه‌ین و حكومه‌تیش هاوكارییان بكات، 50 یانه هه‌بێت له‌كوردستان زۆره كه‌م نیه”.
“ئه‌و پاره‌یه‌ى حكومه‌ت هه‌تا سه‌ر نیه و بارودۆخێك بێته‌پێشه‌وه نامێنێت”
*به‌ڕێوه‌به‌رى یانه‌كان له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى (حكومه‌ت چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانێ هاوكاری یانه‌كان بكات) ؟، وتى:” ئێمه له‌سه‌ره‌تاى سه‌ردانیكردنمان بۆ لاى یانه‌كان له‌زاخۆ تا خانه‌قین له‌كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانماندا له‌گه‌ڵ هه‌موو یانه‌كان داوامان لێیانكرد و پێمان وتن ئێوه ده‌بێ پشت به‌خۆتان ببه‌ستن، راسته ئێستا حكومه‌ت هاوكاریتان ده‌كات، به‌ڵام ده‌كرێ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و له‌سه‌ر پێى خۆتان بوه‌ستن و ئه‌و پاره‌یه‌ى حكومه‌ت هه‌تاسه‌ر نیه و باروودۆخێك بێته‌پێشه‌وه نامێنێت، ئه‌وه‌بوو هه‌ر كه قه‌یرانێك درووستبوو حكومه‌ت ده‌ستى بۆ هاوكارى یانه‌كان برد و له‌ساڵى 2014 و مانگه‌كانى 1و 2 و3ى ساڵى 2015 حكومه‌ت له‌سه‌دا په‌نجا پاره‌ى پێدان له‌پاش ئه‌وه ئێمه وه‌ك حكومه‌ت هیچ هاوكاریمان نه‌كردن و ئه‌وانیش لهقهیرانێكى زۆر دابوون، پاش ئه‌وه‌ى كه هیچ هاوكارییه‌كى حكومه‌ت بۆ یانه‌كانیش نه‌ما، ئێمه ئه‌وكات به نوسراوى فه‌رمى ئاگادارى یانه‌كانمان كرده‌وه كه هیچ یانه‌یه‌ك په‌نا بۆ قه‌رزكردن نه‌با و هه‌ر یانه‌یه‌ك په‌نا بباته به‌ر قه‌رزكردن خۆى لێى به‌رپرسیاره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه پێمان راگه‌یەندراوه كه له‌م كاته‌دا حكومه‌ت هیچ هاوكارى وه‌رزش ناكات، پاش ئه‌وه ته‌نها ساڵى 2019ى رابردوو حكومه‌ت بڕى دوو ملیار دینارى تر‌ى بۆ یانه‌كان ته‌رخان كرد و ئێمه‌ش به‌سه‌ریاندا دابهشمانكرد”.

“له‌بێ یاسایی وه‌رزش زۆر شت له‌كوردستان ناكرێ”
*هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه و له‌وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى (پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌ت هاوكارى دارایی پێشكه‌شى یانه‌كان بكات؟ ) ، مه‌حمود عه‌زیز جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌رزش له‌وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وتى:” پێویسته یانه‌كان پشت به‌خۆیان ببه‌ستن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حكومه‌ت به‌زۆر بارودۆخدا تێده‌په‌ڕى، بۆ نموونه زۆر گیروگرفتى دارایی دێته پێش حكومه‌ت وه‌ك ئه‌م كاته‌ى ئێستا كه ناتوانێ مووچه‌ى خه‌ڵك دابین بكات، چۆن ده‌توانێ هاوكاری یانه‌كان بكات، بۆیه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر خاڵى یه‌كه‌م پێویسته یانه‌كان پشت به‌خۆیان ببه‌ستن، به‌ڵام له‌م كاته‌شدا ده‌بێت حكومه‌ت ئاسانكارییان بۆ بكات به‌دابینكردنى زه‌وى یان وه‌به‌رهێنانى وه‌رزشى كه ئه‌میش پێویسته یاسایه‌كى بۆ ده‌ربچێت چونكه له‌بێ یاسایی وه‌رزش زۆر شت له‌كوردستان ناكرێ، ئه‌گه‌ر بێت و یاسایه‌ك هه‌بوایه حكومه‌ت ده‌یتوانى هاوكارى یانه‌كان بكات تا وه‌به‌رهێنانى وه‌رزشى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان به‌خێو بكه‌ن و پێویستیان به‌حكومه‌ت نه‌بێت”.
“ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێ یانه كهمبكهیهوه رێگرى زۆر ده‌بێت”
*جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌رزش له‌باره‌ى (ئه‌و ژماره زۆره‌ى یانه‌كان كه ئێستا بوونى هه‌یه و تاچه‌ند بۆته بارگرانى له‌سه‌ر حكومه‌ت و بۆچى كه‌م ناكرێنه‌وه) ؟، وتى:” بێگومان ژماره‌كه زۆر زۆره و زۆربوونى ئه‌و هه‌موو یانه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش ساڵى 2006 كه دوو ده‌زگاى وه‌رزشى له‌كوردستان هه‌بوو دواتر تێكهڵكرایهوه و هه‌ڵمه‌تێك كرا یانه‌كان كه‌م بكرێته‌وه، به‌ڵام رێگرییه‌كان زۆربوو، ئێستاش وا هه‌ڵمه‌تێك هه‌یه و به‌ڕاستى ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێ یانه كهمبكهیهوه رێگرى زۆر ده‌بێت، با به‌ئاشكرا باسى بكه‌ین یانه‌كان سه‌ر به‌لایه‌نه سیاسیه‌كانن و دوور مه‌ڕۆ تۆ بته‌وێ له‌هه‌ولێر یانه‌یه‌ك لهپارتى كهمبكهیهوه ده‌بێت له‌سلێمانى یانه‌یه‌كیش له یه‌كێتى كهمبكهیهوه، هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له‌سلێمانى یانه‌یه‌كى پارتى كهمبكهیهوه ده‌بێت له‌هه‌ولێریش یانه‌یه‌كى یه‌كێتى كهمبكهیهوه، ئه‌وه به‌ڕاستى گرفتى زۆره، یانه هه‌بووه هه‌موو سیفاتێكى تێدا بووه مۆڵه‌تى لێوهرگراوهتهوه به‌وه‌ى كه نابێت له‌قه‌زا و ناحیه‌كان یانه هه‌بێت، كه‌چى شوێنى تریش كه قه‌زاو ناحیه‌یه یانه‌ى هه‌یه، به‌ڕاستى رێگرى حزبى زۆره، ئه‌وه‌ى جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه هه‌تاوه‌كوو له‌كوردستان یه‌ك بڕیار نه‌بێ، هه‌تاوه‌كوو یاسایه‌ك هه‌روه‌ها ده‌زگایه‌كى تایبه‌ت به‌وه‌رزش له‌كوردستان نه‌بێ ئه‌و ده‌زگایه له‌ژێر هه‌ر ناوێك دابێت، ئێمه ناتوانین وه‌رزش بخه‌ینه سه‌ر رێچكه‌ى راسته‌قینه‌ى خۆى، ئێمه یاساى وه‌زاره‌تى رۆشنبیریمان هه‌یه له‌سه‌رى ده‌ڕۆین و پێش ئه‌وه‌ى وه‌زیرى نوێ كاك محه‌مه‌د حەمە سەعید دهستهبهكاربێت، ده‌سه‌ڵات لاى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌رزش بووه، به‌ڵام ئێستا بڕگه‌یه‌ك له‌یاساكه زیادبووه كه ده‌ڵێت دواى ره‌زامه‌ندى وه‌زیر یانه مۆڵه‌تى پێده‌درێت”.

“ده‌كرێ هه‌ندێك له‌یانه گه‌وره‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان بن”
*دواجاریش راوبۆچونى سامان بریفكانى میدیاكارى وه‌رزشیمان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه وه‌رگرت و ئه‌میش جگه له‌وه‌ى باسى له‌هۆكاره‌كانى زۆربوونى یانه و خه‌رجییه‌كانیان كرد، پێشنیازى خۆشى خسته به‌رده‌م به‌رپرسانى وه‌رزشى و وتى:”زۆرى و بۆرى له‌ژماره‌ى یانه وه‌رزشییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیستمى پڕكهموكوڕى ده‌زگا خاوه‌ن بڕیاره‌كانى وه‌رزش له‌كوردستان، به‌پێى ده‌سه‌ڵاتى حزبى ئه‌و یانانه دامه‌زراون و هه‌ر حزبێك پێویست بوو یانه‌یه‌كى هه‌بێت، ئه‌مه‌ش كاره‌ساته، بێگومان ته‌رخانكردنى بودجه بۆ ئه‌و هه‌موو یانه‌یه‌ش كارێكى ئاسان نیه و هه‌روه‌ك ئاشكراشه له‌گه‌ڵ شه‌ڕى داعش بودجه كه‌مى كرد و قه‌یرانى دارایی رووى له‌یانه‌كان كرد، چونكه ته‌نها پشتیان به بودجه‌ى حكومه‌ت ده‌به‌ست، ئه‌وكاتیش شتێك نه‌ما به‌ناوى وه‌رزش، بۆ چاكسازى بڕیاردرا بهكهمكردنهوى یانه‌كان كه ده‌بوایه ئه‌مه‌ش بهپلانێكى داڕێژراو به‌بنه‌ما دوورخستنه‌وه‌ى سیاسه‌ت و حزبایه‌تى هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندى بوایه، له‌گه‌ڵ هاتنى میوانى ناوه‌خت ڤایرۆسى كۆرۆنا كێشه‌كان زه‌قتر بوون و زیاتر به‌ده‌ركه‌وتن، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى یانه‌كان یان تێكه‌ڵ كردنیان بكات له‌سه‌ر بنه‌ماى شار و ناوچه و قه‌زاكان و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌یه‌كتره‌وه نزیكن، هه‌روه‌ها به‌رگى حزبایه‌تى فڕێ بده‌ن و گه‌نجانى ناوچه‌كان وه‌رزش بكه‌ن و په‌ره‌ى پێ بده‌ن، ده‌كرێ هه‌ندێك له‌یانه گه‌وره‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان بن تا پاڵپشتى دارایی بكرێن وه‌ك عێراق كه چه‌ند یانه‌یه‌ك سه‌ر به وه‌زاره‌تى نه‌وته و یانه‌ى تریش هه‌ن سه‌ر بهوهزارهتهكانى تر، ئه‌وانى تریش وه‌به‌رهێنانیان بۆ بكرێ تا پشت به‌خۆیان ببه‌ستن و بتوانن له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان بخه‌نه نێو ئه‌جێندای خۆیان له‌جیاتى وه‌رنه‌گرتنى بودجه و داڕمان و نه‌مانیان به‌وه چالاكییه‌كانیان په‌ره پێبده‌ن و خۆیان پێ به‌ڕێوه‌ببه‌ن، بۆ ئه‌م كاره‌ش پێویسته حكومه‌ت پشت به‌كه‌سانى پسپۆڕ و ئابووریناس و ئه‌كادیمى ببه‌ستیت، مه‌رج نیه كه‌سه‌كان ئه‌و كۆمه‌ڵه كه‌سه بن كه ئێستا له‌نێو بوارى وه‌رزش باڵاده‌ستن و پۆست وپله‌یان هه‌یه”.

گۆڵکاری برایەتی زیاتر لە مانگێک دووردەکەوێتەوە
كانونی دووه‌م 17, 2021یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەم هەفتەیەدا چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت
كانونی دووه‌م 16, 2021
هەواڵی زیاتر
-
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
20 خولهك لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
21كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
23كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
20 خولهك لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
21كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووه‌م 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









