تورکیا هاوکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قبوڵناکات

0
2320

SNN

سەرباری ئەوەی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و یۆرۆ، بۆ کەمترین ئاستی دابەزی، تورکیا داوای هاوکاری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ناکات.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار نزیکەی 20% دابەزیووە، بەڵام ئەنقەرە رەتیدەکاتەوە کە پەنا بباتەبەر هاوکارییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لەوبارەیەوە پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن لەکاتێکدا کە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە تورکیا بەهێزە، داواکردنی ئەو هاوکارییە زەبرێکی سیاسی بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەگەیەنێت.

لەوبارەیەوە نیکۆلای مارکۆڤ ئابووریناس لە بەڕێوەبەرایەتی پیکتێت لە لەندەن، رایگەیاندووە: “ئەگەر رەوشی ئابووری تورکیا زیاتر پاشەکشەبکات، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنقەرە داوای قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بکات، ئەمەش بە دواچارەسەر بۆ رزگارکردنی ئابووری تورکیا دادەنرێت”.

پێشبینی دەکرێت، بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا، ئابووری تورکیا پاشەکشە بکات، ئەو پاشەکشەیەش پێشبینی دەکرێت بەرێژەی 5% بێت.

وەک شارەزایان دەڵێن ئەم کێشەیە بەهۆی هەڵاوسانی ئابوورییە واتە وڵاتەکە خەرجییەکانی زیاترە لە داهاتەکەی ئەمەش وای لە حکومەت کردووە ژمارەیەک رێوشوێنی ئابووری بگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە داشکانی لیرەی تورکی بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

شارەزایان پێیان وایە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تێکچوونی باری ئابووری تورکیا لە ئێستادا ئەوەیە کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا زیانێکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزاری گەیشتووە کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووری تورکیا.

هۆکارێکی تریش گرژی و ئاڵۆزییەکانە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی ئەوەی تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا بەدوای نەوت و غازدا دەگەڕێت و ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزاییەکی زۆری وڵاتی یۆنانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this