مەسرور بارزانى: کێشەى ئێمە لەگەڵ حکومەتى عێراقە نەوەک هاووڵاتییانى عێراق

0
1166
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

SNN

سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت: حکومەتى ناوەندى نەیتوانیوە ئەرکەکانى سەرشانى بەرامبەر هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکات، دەشڵێت: بەغدا نەیتوانیووە قەرەبووى ئەو هێرشانەمان پێ بداتەوە کە رژێمەکەى سەدام حسێن کردییە سەر هەرێمى کوردستان.

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا کە لەگەڵ میدیا عەرەبى و عێراقییەکان کردوویەتى رایگەیاندووە: “بەداخەوە لەدواى ساڵى 2005ەوە کە دەستوورى عێراق پەسەند کراوە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بە روونى هەست بەوەدەکەن کە حکومەتى ناوەندى بە باشى ئەرکەکانى سەرشانى بەرامبەریان جێبەجێى ناکان، چونکە بەپێى یاسا پشکى هەرێم لە بودجە 17٪ لەکاتێکدا ئەوان ئەو کاتەشى کە ناردوویانە تەنیا 12.67٪ ناردووە، دواتریش ئەوەیان نەناردووە، هۆکارى نەناردنى پارەش لە ئێستادا ئەوە نییە کە ئێمە داهات رادەستى بەغدا ناکەین”.

سەرۆکوەزیرانى حکومەتى هەرێم لە بەشێکى دیدارەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات: “حکومەتى ناوەندى قەرزدارى هەرێمى کوردستانە و نەیتوانیوە ئەرکى سەرشانى بەرامبەرى بەگوێرەى پێویست بەجێبهێنێت، چونکە تا ئێستاش قەرەبووى هێرشەکانى سەردام حسێن بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان نەکراوینەتەوە، هاوکاریش نەکراوین لە بەخێوکردنى ئەو دوو ملیۆن ئاوارەیەى کە لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان دەژین”.

مەسرور بارزانى لە بارەى هێزى پێشمەرگە و شەڕى داعشەوە لە دیدارەکەدا باس لەوەشدەکات: “پێشمەرگە داعشى تێکشکاند، لە کاتێکدا حکومەتى عێراق لە رووبەڕووبوونەوەى داعشدا هاوکارى پێشمەرگەى نەکرد، لەبەر ئەوە کێشەى ئێمە لەگەڵ عێراقییەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ حکومەتى عێراقە، دەرگاى ئێمە هەمیشە کراوەیە بۆ هەموو عێراقییەکان”.

بەشێکى دیدارەکەى سەرۆکوەزیرانى هەرێم تەرخانکراوە بۆ باسکرد لە شەکرکێشییەکانى تورکیا و هەبوونى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان لە هەرێمى کوردستان لەو بارەیەوە دەڵێت: “پارتى کرێکارانى کوردستان لێرە میوانە و پێویستە رێزى میوانبوونى خۆى بگرێت، هۆکارى هاتنى سوپاى تورکیاش بۆ ناو خاکى هەرێمى کوردستان هەبوونى پەکەکەیە، لەبەر ئەوە پێویستە پارتى کرێکارانى کوردستان رێزى قەوارەى دەستوورى هەرێم بگرێت کە خوێنێکى زۆرى لەپێناودا رژاوە”.

لەبارەى سیاسەتى فرۆشتنى نەوت بە سەربەخۆ مەسرور بارزانى جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە: “هەرێمى کوردستان بەهۆى شکستهێنانى سیاسەتى حکومەتى فیدراڵى و نەناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان دەستى بە فرۆشتنى نەوت بە سەربەخۆ کرد”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this