ئایا فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دەدەن؟

0
1260
دانیشتنێكى په‌رله‌مانى عێراق | فۆتۆ: AFP

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2020 پەسەندكرد و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقى كرد بەمەبەستی خوێندنەوە و گفتوگۆكردن لەسەر بڕگەكانی و دواتر پەسەند كردنی، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ چوونی جیاوازیان لەسه‌ر ئه‌م پرۆژەیاسایە هەیە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “لە ئێستادا پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق هاتووەتە پەرلەمانی عێراق، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستبكرێت بە دانیشتنەكانی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەباره‌یه‌وه‌ كه‌ پشكی هەرێم بە 12 ترلیۆن دینار دیاریكراوە، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك ئۆفەری باشی تێدایە بۆ حكومەتی هەرێم، بەڵام كۆمەڵێك كەموكورتی تێدایە كە گرنگترینیان بەشە بودجەی حەشدی شەعبییە كە بە چوار هێندەی بەشە بودجەی پێشمەرگە دیاریكراوە، بۆیە ئێمە گروپێك لە پەرلەمانتاری كورد كە ژمارەمان نۆ پەرلەمانتارە دەمانەوێت بۆچوونی خۆمان یەك بخەین و پاشان بڕیار بدەین دەنگی پێبدەین یاخود نا”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق نەكراوە لە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكەین ئەوەیە كە لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هەتا رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەنێوان عێراق و هەرێم نه‌یه‌ته‌ ئاراوە و هەرێم پێوەی پابەند نەبێت، ناتوانین دڵنیایی بدەینە هاووڵاتییانی خۆمان كە لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی عێراق گرفتی مووچەی هەرێم چارەسەر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناردنی بەشێك لە بودجەی عێراق بۆ هەرێم ئیلتیزاماتێكی یاساییەوە دەبێت عێراق پێوەی پابەند بێت”.

هاوكات سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری سەربەخۆی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ SNN ئەوەی خستەڕوو: “هەرچەندە بە گوێرەی ئەو رێژەیە بەشی هەرێم دیارینەكراوە كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانه‌وه‌ ئاماژەی پێكراوە كە دەگاتە لە %14، بەڵام دیاریكردنی رێژەی لە %12.67 جگە لە مووچەی پێشمەرگە هەروەها بودجەی حاكیمە، ئەگەر وەك خۆی بنێردرێت و حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەو رێككەوتنەی لەبارەی بودجەوە دەكرێت، دەتوانین بڵێین بودجەیەكی خراپ نابێت بۆ گەلی كورد ، بۆیە پێشبینی دەكەین لە پەرلەمان گرفتی زۆری بۆ نەیەتە پێش و تێپەڕێندرێت”.

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتيی نيشتمانيی كوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆچوونى له‌و باره‌یه‌وه‌ جیاوازه‌ و به‌ SNNی راگەیاند: پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بە لە%12.67 دیاریكراوە، بەو پێیەش پشكی هەرێم بریتی دەبێت لە 12 ترلیۆن دینار لە كۆی گشتی بودجەی عێراق، پەسەندكردنی ئەم بودجەیەش بنەمایەك دەبێت بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 و ساڵانی داهاتوو، هاوكات مووچەی پێشمەرگەش لەو 12 ترلیۆن دینارە جێی كراوەتەوە، بۆیە دەبێت بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆژەیاسایەدا بكەین و كۆدەنگی فراكسیۆنە كوردییەكانی بۆ كۆبكیەنەوە لەوەی ئایا دەنگی پێبدەین یاخود نا”.

 

بەشی بکە لە
تاگەکانعێراق
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this