دواکەوتنی مووچە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی بازاڕەکان دروستکردووە

0
1046

SNN- محەمەد مستەفا

دواکەوتنی مووچە بە تەواوی جوڵەی ئابووری بازاڕەکانی راپەڕینی سست و لاواز کردووە و کڕیار و فڕۆشیارش نائومێد بوون لەو دۆخەکە و کڕیار گلەیی ئەوە دەکات پارە نیە کەچی کەل و پەل و شتومەک هەر گرانە و فڕۆشیار و دوکاندارەکانیش دەڵێن بەهۆی بێ بازاڕیەوە کاڵاکانیان ساغ نابێتەوە و ناتوانن کرێی مانگانەی دوکانەکانییان پڕ بکەنەوە.

“خەڵک دەناسم هەموو مانگێک 2 دەستە جلی کڕیووە ئێستا بە 4 مانگ دەستە جلێک ناکڕێت”.

سەرهەد حوسێن خاوەن دوکانی جل و پیاوانە لە بازاڕی ڕانیە و بە SNN ی راگەیاند: لە رووکەشدا بازاڕ قەرەباڵغە بەڵام کڕیار زۆر کەمە، دواکەوتنی مووچە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر جوڵەی بازاڕ دروستکردووە، کڕیار بە جۆرێک کەم بووە کە بەشی زۆرینەی دوکاندارەکان وەک پێویست ناتوانن کرێی مانگانەی دوکانەکانیان پەیدا بکەن، بە نموونە ئەو خۆی مانگانە 500 هەزار کرێی دوکان دەداتە خاوەن موڵک و خاوەن موڵکیش ئامادە نییە کرێی دوکانەکەی بۆ کەمبکاتەوە.

ئەو خاوەن دوکانە دەشڵێت “پێش قەیرانی دارایی کڕیاری تایبەتی خۆم هەبووە هەموو مانگێک 2 دەستە جلی کڕیوە بەڵام بەهۆی بێ مووچەی ئێستا بە 4 مانگ جارێک دەستێک جل و بەرگ دەکرێت، وە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانیش ئێستا قەرزاری بازاڕن چونکە بڕێکی زۆر کەل و پەل بە قەرز دەکڕن، ئەمەش دووبارە بە زیان دەشکێتەوە بۆ خاوەن دووکان و بازاڕەکان”.

” پارە نیە و بازاڕ سستە، کەچی نرخی شتومەک هەر گرانە”.

ئاراس عەبدوڵا پیشەی مامۆستایە و لە باسی دۆخی بازاڕ بۆ SNN ووتی ” مووچە نیە و کڕین و فڕۆشتنیش لە بازاڕەکاندا زۆر لاوازە، کەچی لە بەرامبەردا نرخی کاڵا و خواردن و پێداویستیەکان هەر گرانن، کاتێکیش ئەم پرسیارە لە دوکاندارەکان دەکەین ئەوانیش دەڵێن پارەی کرێی دوکان زۆر دەدەن”.

مامۆستا ئاراس باس لەوەش دەکات: “دۆخی ئابووری هاووڵاتییان بە گشتی و مووچە خۆران بە تایبەتی زۆر خراپە، دەبێت حکومەتی هەرێم و حیزبەکان بیر لە رێگا چارەیەکی زۆر بەپەلە بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێت چونکە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان قەرزداری بازاڕن کە بە قەرزی مووچە کاڵا و پێداویستیان کڕیووە، ئەمەش حاڵی مووچەیە کە هیچ کەسێک نازانێت کەی مووچە دێت” .

” کاڵاکانمان هەڕاج کردووە کەچی کڕیارمان نیە ”

سەرتیپ محەمەد دوکاندارێکی بازاڕی رانیە و جل و بەرگی منداڵان دەفڕۆشێت ئەو بە SNN ی راگەیاند : بەهۆی بێ بازاڕی و نەبوونی کڕیار سەرجەم کاڵاکانی ناو دوکانەکەیان هەراج کردوە و نرخەکانیان دابەزاندووە بەڵام بەو جۆرەش هێشتا کڕیاریان نیە و بەگشتی جوڵەی ئابووری لەناو بازاڕ لە ئەوپەڕی سستی و لاوازی دایە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this