“هاوپه‌یمانى نیشتمانى رێككه‌وتننامه‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان تاوتوێ ده‌كات”

0
4538
لۆگۆى پارتى دیموكراتى كوردستان و ئارام قادر، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتمانى | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
هاوپه‌یمانى نیشتمانى كوردستان به‌نیازن به‌ چه‌ند قۆناغێك بچنه‌ ناو پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌ڵێت: “ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هاتنى هه‌ر هێزێكى سیاسى بۆ ناو ریزه‌كانمان”.

له‌ باره‌ى ورده‌كارى چوونى هاوپه‌یمانى نیشتمانى بۆ ناو ریزه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌رپرسێكى باڵاى هاوپه‌یمانى كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ SNNى راگه‌یاند :”دوای وازهێنانی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سه‌رۆكى ئه‌وكاتى ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، حزبه‌كه‌مان بە سەرۆكایەتی ئارام قادر، سه‌رۆكى ئێستا به‌ ره‌وتێكى نوێوه‌ ده‌ستيپێكرده‌وه‌ و ناویشى گۆڕا بۆ هاوپه‌یمانى نیشتمانى، به‌ڵام دواتر رووبەڕووی چەندین كێشەی ناوخۆیی و سیاسی و دارایی بووەوە، بۆ دەرباز بوون لەو كێشانەش سەرۆكی هاوپەیمانی چەند جارێك هەوڵیدا لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكانی وەك یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بكەوێتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی هاوپەیمانی تێكەڵ بكەنەوە، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی ئەوەی رەتكردەوە و كۆمەڵی ئیسلامیش ئامادە نەبوون لەگەڵماندا دانیشتن بكەن”.

وتیشى: “هەوڵەكانی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بەردەوامی هەبوو بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش رووى له‌ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق كرد تاوه‌كو هاوكاریمان بكات لەڕووی داراییەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و دروستكردنی لێكنزیكبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق و هەرێم، بەڵام لەوەشدا سەركەوتوو نەبووین”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى هاوپه‌یمانى نیشتمانى له‌باره‌ى ئه‌و زانیارییه‌ى كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، هاوپه‌یمانى نیشتمانى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان یه‌كده‌گرێت ئاشكرایكرد: “سەرۆكی هاوپەیمانی په‌یوه‌ندى به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن و دەرباز بوون لەم قەیرانەی ئێستا، بۆیە لە ئێستادا گفتوگۆكانی نێوان هاوپەیمانی و پارتی دەستیپێكردووە”.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ زانیارى زیاتریشى خسته‌ڕوو و وتی: “هێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی شێوازی هاریكاری و هەماهەنگی، هەرچی ئارام قادرە دەیەوێت لەم قۆناغەدا پارتی لەڕووی داراییەوە هاوكاری حزبەكەی بكات بە مەرجێك هاوپەیمانیش بە گوێرەی سیاسەتەكانی پارتی هەڵسوكەوت بكات، بۆ قۆناغەكانی داهاتووش یەكگرتنەوە و رۆیشتنە ناو پارتی جێبەجێبكرێت، بەڵام هێشتا وەڵامێكی یەكلاكەرەوەی هاوپەیمانی نەداوەتەوە”.

فارس نەورۆڵی، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ SNNى راگه‌یاند: “من ئاگاداری وردەكاری ئەو بابەتە نیم، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا پارتی دەرگای كراوەتەوە بۆ هەر هێز و لایەنێك كە بیەوێت لەناو ریزەكانی ئێمە درێژە بە خەباتی سیاسی بدات و پێشوازیشیان لێدەكەین، چونكە ئێمە بڕوامان بە دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ هەیە“.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this