بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف نرخی مریشك بەرزدەكاتەوە

مریشک
SNN-عەلی حەمەسەعید
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات لەماوەی یەك هەفتەدا بۆ هەر تۆنێك عەلەفی مریشك 80 دۆلار زیادیكردووە، ئەمەش وادەكات كە بەناچاری نرخی مریشك لەسەر هاووڵاتیان گرانبكەین، بۆیە ئەگەر لایەنەپەیوەندیدارەكان نەیەنە سەرهێڵ نرخی مریشك زیاتر بەرز دەبێتەوە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو باجە زۆرەی كە خراوەتە سەر هاوردەكردنی عەلەفی مریشك وایكردووە كە بەناچاری نرخی مریشك بەرز بكەینەوە، هەر لەوچوارچێوەیشدا هەریەكە لە وەزیری كشتوكاڵ و پارێزگاری سلێمانی و قایمقامی سلێمانی و ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ڤێتەرنەری سلێمانی و سامانی ئاژەڵمان لەو بابەتە ئاگاداركردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگاچارەی پێویست بگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی یەك هەفتەدا هەر تۆنێك عەلەف ٨٠ دۆلار گرانبووە، ئەمەش مەترسی گەورە دروست دەكات بۆ بەرهەم هێنانی مریشك و مایەپوچبوونی خاوەن پرۆژەكان وە ڕاگرتنی بەرهەم هێنانی مریشك، ئەوەسەرەڕای ئەوەی كە گرانبوونی نرخی جوجك هۆكارێكی دیكەی كێشەكانمانە وە گرانبونی و ڤیتامینەكان و دەرمان و ڤاكسین بەكوالێتی خراپیانەوە زیانی گەورەی بە كەرتەكەمان گەیاندووە لەگەڵ گرانبونی نرخی غاز و گاز زیانی زۆری پێگەیاندوین.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تاكە چارەسەر بۆ مانەوەی كەرتی پەلەوەر لەهەرێمی كوردستان كردنەوەی ڕێگای ووڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ هاوردەكرنی عەلەف و جوجك بە ئازادانە لەبەر ئەوەی نرخی ئالیك و جوجك لەو ووڵاتە هەرزانەو كولێتی گونجاوە بۆ خاوەن پرۆژەكان.
لەهەرێمی كوردستاندا هەزارو750 پرۆژەی بەرهەم هێنانی مریشك هەن كە زیاتر لە دووهەزارو 500 هۆڵی تایبەت بە بەخێوكردنی مریشك لەخۆدەگرن.







