“حكومهتى ههرێم پلانى ههیه نرخى بهنزین زیاتر بهرزبكاتهوه”

وێستگهیهكى بهنزین تێكردن | فۆتۆ: CR
SNN – عەلی حەمە سەعید
سهرۆكى لیژنهى وزه له ئهنجوومهنى پارێزگاى سلێمانى رایدهگهیهنێت: پێشبینى ئهوه دهكهین نرخى بهنزین زیاتر بهرزبێتهوه، دهشڵێت: “حكومەتى ههرێم هیچ پلانێكی نیە بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزين، بهپێچهوانهوه پلانی بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی هەیە”.
چەند رۆژێكە جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم بەرزبووەتەوە و لیترێك بەنزینی نۆرمال لە 850 دینارەوە بهرزبووهتهوه بۆ 875 دینار.
لهو بارهیهوه كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە SNNی راگەیاند: “بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی چاوەڕوانكراوە، ئێمە پێشتر هۆشداریمان داوەتە حكومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە كە ئەگەر سنوورێك بۆ كۆمپانیاكان و دەستڕۆیشتووی بەرپرسانی حزبی دانەنرێت نرخی بەنزین زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەڵام نەك گوێمان لێنەگیرا بەڵكو پلاندانرا بۆ ئەوەی زیاتر نرخی سووتەمەنی بەرزبكرێتەوە”.
وتیشى: “لەئێستادا هیچ شتێكی ئەوتۆ لە دۆسیەی نەوت لە دەستی حكومەت نەماوە و سەرجەمی كەوتووەتە دەستی كۆمپانیا و كەرتی تایبەت، ئەوەش لە بەرژەوەندی بەرپرسانی حزبی و كۆمپانیا حزبییەكاندایە و بە ئارەزووی خۆشیان نرخی سووتەمەنی بەرزدەكەنەوە و كەسیش نییە هیچ لێپرسینەوەیهكیان لەگەڵدا بكات، بەڵكو كارئاسانیشیان بۆ دەكرێت بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی نرخەكان، چونكە هاوردەكردنی سووتەمەنی لەدەستی كەرتی تایبەتە و هەتا نرخەكانیش بەرزبێتەوە سوودی زیاتری دەبێت بۆ ئەوان”.
سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە: “بەدڵنیاییەوە نرخی سووتهمەنی بەتایبەت بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە، چونكە هیچ چاودێرییەك لەسەر كەرتی سووتەمەنی بوونی نیە و ئەو نووسراو و بەدواداچوونانەی ئێمە كردوومانە و دەیكەین حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ وەڵامێكی نییە بۆمان و پشتگوێیان دەخەن و پەرلەمانیش بێدەنگە لەم بابەتە”.







