“ئه‌گه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى خۆپاڵاوتن یاسایی بێت تا مانگێكى تر سه‌رۆككۆمار هه‌ڵنابژێردرێت”.

0
555

SNN – عەلی حەمەسەعید
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بووە، بەڵام نازاندرێت ئایا یاساییە یان نایاسایی، ده‌شڵێت: “ئەگەر یاسایی بێت ئەوا مانگێكی دیكە ئەم دۆخەی ئێستا درێژە دەكێشێت تا سەرۆككۆمار هەڵدەبژێردرێت”.

د.جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “ئەگەر دووبارەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار یاسایی بێت ئەوا ماوەی مانگێكی دیكە ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، چونكە ئەو كەسانەی كە سیڤیان پێشكەشكردووە دەبێت سیڤییەكانیان بچێتە بەردەم دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، هاوكات وردەكاری بكرێت لە یاسایبوونی بڕوانامە و چەندین بابەتی دیكە كە ئەمە ماوەی مانگێكی بۆ دیاریكراوە”.

وتیشى: “ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا كە ئەم كارەی دەستەی سەرۆكایەتی نایاساییە ئەوا رێگاكە كورتدەبێتەوە و دەبێت تەنیا ئەو كەسانە هەڵبژێردرێن بە سەرۆككۆمار كە پێشتر سیڤییان پێشكەشكردووە، بۆیە دووبارەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بە پێشنیارى دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بووە و ئەوان پێیانوابووە بەهۆی ئەوەی نەتوانرا لەوادەی دیاریكراودا سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت ئەوا دەبێت دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە”.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا پێى وایه‌ ئه‌م كاره‌ یاساییه‌ یاخود نا؟ د. جه‌مال كۆچه‌ر باس له‌وه‌شده‌كات: “له‌ راستیدا نازانرێت ئایا ئەم كارە یاساییە یان نایاسایی، چونكه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ كه‌ پێویسته‌ دادگای باڵای فیدراڵی یەكلایی بكاته‌وه‌.

وتەكانی سەرۆكی فركسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتێكدایە كە وابڕیارە رۆژی چوارشەممە 23ى شوباتى 2022 دادگای باڵای فیدراڵی كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر یاسایی بوون یان نایاسایبوونی دووبارەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بدات.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this