“لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسانه‌ى هه‌رێم ده‌كه‌ین كه پاره‌ى نه‌وتیان راده‌ستنه‌كردووه”

ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت | فۆتۆ: SNN
SNN
ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى هه‌رێم تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیووه پاره‌ى نه‌وت وه‌ك ئه‌وه‌ى له پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021دا هاتووه راده‌ستى به‌غدا بكات، ده‌شڵێت: “په‌رله‌مان لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه ده‌كات كه پرۆژه‌یاساى بودجه‌یان پێشێلكردووه و پاره‌ى نه‌وتیان راده‌ستنه‌كردووه”.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22ى شوباتى 2022، محه‌مه‌د رازى، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا رایگه‌یاند: “به‌پێى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویسته سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌یه راده‌ستى به‌غدا بكاته‌وه كه له ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتدا ده‌ستیكه‌وتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌رێمى كوردستان ئه‌م كاره‌ى نه‌كردووه و تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌كى راده‌ستى به‌غدا نه‌كردووه”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ى لێپێچینه‌وه له به‌رپرسانى هه‌رێم ده‌كات له‌سه‌ر كه‌یسى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: “ئه‌م كاره‌ى حكومه‌تى هه‌رێم وایكردووه حكومه‌تى داهاتووى عێراق ناچاربێت ئه‌و پاره‌یه له هه‌رێمى كوردستان وه‌ربگرێت، هاوكات په‌رله‌مانى عێراق ناچاره لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه بكات كه تاوانبارن به جێبه‌جێنه‌كردنى بڕگه‌كانى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق و پاره‌ى نه‌وتیان راده‌ستنه‌كردووه”.
به وته‌ى محه‌مه‌د رازى په‌رله‌مانى عێراق به‌رده‌وامده‌بێت له به‌دواداچوون بۆ رێژه‌ى نه‌وتى فرۆشراوى هه‌رێم و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه له‌برى ئه‌و نه‌وته وه‌رگیراوه، چونكه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا ئاماده‌نه‌بووه كه به‌شێوه‌یه‌كى روون داتاكانى تایبه‌ت به كه‌رتى نه‌وت پێشكه‌شى به‌غدا بكات”.
قسه‌كانى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق دواى ئه‌وه دێت رۆژى سێشه‌ممه 15ى شوبات، دادگاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و غازى هه‌رێم به ناده‌ستوورى له قه‌ڵه‌مبدات، دواتریش ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كه تایبه‌تى له‌باره‌ى وه‌رگرته‌وه‌ى مه‌له‌فى نه‌وت له حكومه‌تى هه‌رێم سازكرد و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق وه‌زاره‌تى نه‌وتى راسپارد كه ئاماده‌كاریبكات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌له‌فه.








