بایدن هه‌ڕه‌شه‌ى تووند له پوتین ده‌كات

جۆو بایدن، سه‌رۆكى ئه‌مریكا | فۆتۆ: AFP
SNN
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان سزاى تووند به‌سه‌ر ڕوسیادا ده‌سه‌پێنین، ده‌شڵێت: “به‌رده‌وامده‌بین له هاوكارییه‌كانمان بۆ ئۆكرانیا و هاووڵاتییه‌كانى”.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 24ى شوبات، سوپاى ڕوسیا هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد و له نوێترین پێشهاتیشدا سوپاى ئۆكرانیا توانى فڕۆكه‌یه‌كى ڕوسى بخاته‌خواره‌وه، هاوكات ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى ڕوسیا له وتارێكیدا ده‌ستپێكى شه‌ڕى راگه‌یاند و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: “هێرشناكهینه سه‌ر دامه‌زراوه حكومییه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ى كه هاووڵاتیانى تێدان”.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر جۆو بایدن، سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: “سه‌رۆك زیلینسكى په‌یوه‌ندى پێوه‌كردم و كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر گفتوگۆكه‌مان ته‌واوبوو، سه‌ركۆنه‌ى ئه‌م هێرشه بێبنه‌ما و ناهاوسهنگهى سوپاى ڕوسیام كرد. باسى ئه‌و هه‌نگاوانه‌م بۆ كرد كه وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌نیازین بیانگرينهبهر، ئه‌مه جگه له‌و هه‌نگاوانه‌ى ئه‌مشه‌و له ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى ئه‌مریكا ده‌یانگرینه‌به‌ر. سه‌رۆكى ئۆكرانیا داواى لێكردم كه داوا له سه‌ركرده‌كانى جیهان بكه‌م دژى جوڵه شهڕانگێزانهكانى پوتین بوه‌ستنه‌وه و له‌پشت خه‌ڵكى ئۆكرانیا بوه‌ستن”.
له به‌شێكى تر‌ى په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكى ئه‌مریكا باس له‌وه‌شده‌كات: “سبه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى (G7) چاومانبهیهك ده‌كه‌وێت، ئێمه وه‌ك ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیشمان سزاى تووند به‌سه‌ر ڕوسیادا ده‌سه‌پێنین، به‌رده‌وامیش ده‌بین له هاوكاریی و پشتیوانییه‌كانمان بۆ خه‌ڵكى ئۆكرانیا”.








