“ئارد به گران مه‌كڕن چونكه نرخه‌كه‌ى له‌ژێر كۆنترۆڵدایه”

كۆگایهكى ئارد | فۆتۆ: SNN
SNN
وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق رایگه‌یاند: نرخى ئارد له‌ژێر كۆنترۆڵدایه و به وردى چاودێرى نرخه‌كه‌ى ده‌كه‌ین له بازاڕدا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2ى ئازار، باسم عكیلى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیاى بازرگانى گه‌نم له وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق رایگه‌یاند: “داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین گه‌نم له بازاڕه‌كاندا به گران نه‌كڕن، چونكه نرخى گه‌نم له‌ژێر كۆنترۆڵدایه و وه‌زاره‌تى بازرگانى به وردى چاودێرى نرخه‌كه‌ى ده‌كات له بازاڕدا”.
باسم عكیلى باس له زیاتر دابه‌زینى نرخى ئارد ده‌كات له بازاڕه‌كاندا و ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه: “به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماوه پێشبینى ده‌كه‌ین نرخى ئارد زیاتر دابه‌زێت، چونكه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى وه‌رزى گه‌رما گه‌نمى ناو عه‌مباره‌كان خاڵى ده‌كرێت و ده‌كرێنه ئارد، هه‌ربۆیه له‌م كاته‌دا ئاردى زیاتر ده‌خه‌ینه بازاڕه‌وه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، بۆیه داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین ئارد به گران نه‌كڕن”.
به وته‌ى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره له وه‌زاره‌تى بازرگانى، “له ئێستادا وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ده‌ستى به پلانێك كردووه بۆ كۆنترۆڵكردنى نرخى ئارد به‌پێى ژماره‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا و ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاسایشى گه‌نم و ئارد له عێراق پارێزراو بێت”.
باسم عكیلى ئاشكراشیده‌كات، “قۆستنه‌وه‌ى هه‌ل و به‌كارهێنانى شه‌ڕى ئۆكرانیا و رووسیا وه‌ك بیانویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى نرخى گه‌نم و ئارد گرانبكرێت له بازاڕه‌كانى عێراقدا به رێژه‌ى 2٪ه، ئه‌و حاڵه‌تانه‌شى كه تۆماركراون دراونه‌ته دادگا”.
گرانبوونى نرخى ئارد یه‌كێكه له‌و گۆڕانكارییه ئابوورییانه‌ى كه به‌هۆى شه‌ڕى رووسیا و ئۆكرانیاوه له جیهاندا هه‌ستیپێده‌كرێت، چونكه ئۆكرانیا به‌ته‌نیا رێژه‌ى 10٪ى گه‌نمى جیهان دابینده‌كات، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى رووسیا خاوه‌نى پشكى گه‌وره‌یه له‌م بازرگانیه‌دا و رێژه‌ى 22٪ى كۆمپانیاكانى بوارى بازرگانى گه‌نم رووسین.







