بەنزینە 690 دینارییەكە بۆ سلێمانی ڕاگیراوە لە هەولێر بەردەوامە

پڕكردنهوهى بهنزین له وێستگهیهكى سووتهمهنى | فۆتۆ: AFP
SNN-عەلی حەمەسەعید
هەرچەندە وابڕیاربوو كە دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری لە سلێمانی بەردەوامی هەبێت و بڕێكی زیاتر لەو بەنزینە بێتە سنورەكەوە، بەڵام تەنها یەك ڕۆژ بەنزین دابەشكرا و ماوەی دوو ڕۆژە هیچ بڕە بەنزینێك ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی نەكراوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش سەرەڕای ئەوەی هۆكاری ڕاگرتنی بەنزینەكە نازانن ئاماژە بەوەشدەكەن كە ناردنی ئەو بەنزینە گرفتی كەمی بەنزین لە سنوری پارێزگای سلێمانی چارەسەر ناكات ئەگەر حكومەت مەبەستی بێت دەتوانێت چارەسەری كەمی بەنزین بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی SNN لە پێش جەژنی رەمەزانەوە ناردنی بەنزینی 690دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگیراوە، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو پاڵاوگەیەی پشكی بەنزینی سلێمانی و هەڵەبجە دەپاڵێوێت گرفتی بۆ دروستبووە لەكاتێكدا ناردنی بەنزین بۆ پارێزگای هەولێر بەردەوام بووە، بەڵام هەفتەی پێشوو بە فشاری لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی پارێزگای سلیمانی وابڕیاردرا كە دەستبكرێتەوە بە ناردنەوەی بەنزینی 690 دیناری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە.
بەڵام ئەو بڕیارە تەنها یەك ڕۆژ كاری پێكراوە جگە لەوەی ڕۆژی پێنج شەممە 9/6/2022 بڕێك بەنزینی 690 دیناری ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی كراوە، لەدوێنێ و ئەمڕۆوە هیچ بڕە بەنزینێك ڕەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین نەكراوە، SNN پەیوەندی بە خاوەنی چەندبەنزینخانیەك لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە كرد بەڵام ئەوانیش ئاماژەیان بەوەكرد كە هیچ هۆكارێكمان بۆ ڕوونەكراوەتەوە لەبارەی ڕاگرتنی ئەو بەنزینە بۆ سنورەكە.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە SNNی راگەیاند: هەر لەیەكەم ساتی ناردنی بەنزینی 690 دیناری بۆ سلێمانی و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم ئەوەمان وتووە كە ئەمە چارەسەری گرفتی كەمی بەنزین ناكات لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری زۆریشی نابێت لەسەر نزمبوونەوەی نرخەكەی، چونكە هچ ڕێككەوتنێكی نوسراو لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا نییە بۆ بەردەوامدان بە ناردنی ئەو بەنزینە بۆ پارێزگاكانی هەرێم.
جەختی لەوەشكردەوە، چارەسەری گرفتی كەمی بەنزین و هەروەها بەرزی نرخی بەنزین لەدەستی حكومەتی هەرێمدایە و ئەگەر بیەوێت زۆر بەئاسانی گرفتەكە چارەسەر دەكات و نرخەكەشی دادەبەزێنێت، ئەوەش بەوەدەكرێت كە ڕێژەی نەفتا بۆ پاڵاوگەكانی هەرێم زیاد بكات و پاڵاوگەكان ناچار بكات ئەو بەنزینەی دەیپاڵێوێن بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاربێت و هیچ بڕە بەنزینێك بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق نەپاڵێون، بەلام حكومەت خۆی بەمەبەست ئەم گرفتە چارەسەر ناكات و كەرتی سوتمەنی قۆرخكراوە بۆ چەند كەس و كۆمپانیایەك.
بۆوەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی هۆكاری ڕاگرتنی بەنزینە 690 دینارییەكەی بەغدا بۆ پارێزگای سلێمانی، SNN چەند جارێك پەیوەندی بە بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی كرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.
هەواڵی زیاتر
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
20كاتژمێر لهمهوپێش -
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
21كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
20كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021








