جگە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بەغدا هیچ بژاردەیەكی دیكە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا نییە

0
524

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەبەرامبەر ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەت كە ئاماژەیان بەوەكردبوو هیچ هێزێك ناتوانێت یاسای نەوت و غازی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات لەڕووی یاساییەوە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی ویەكلاكەرەوەن، بۆیە جگە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بەغدا هیچ بژاردەیەكی دیكە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا نییە.

دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو دۆخەی ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا دەگوزەرێت دەبێت حكومەتی هەرێم زۆر بە ژیرانە مامەڵەبكات و بەحیكمەتەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكات، چونكە هەموولایەك دەزانن كە بڕیارەكانی دادگای فیدرڵی بڕیای كۆتایی و یەكلاكەرەوەن و هیچ كەسێكیش مافی تانەلێدانی نییە لەسەر هیچ بڕیارێك، بۆیە كاتێك دادگای فیدراڵی لە 15/2/2022 بڕیارَكی دەركردووە دەڵێت” پرۆسەی دەرهێنن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم نایاسایی یان نادەستوورییە” ئەمە تەواو یەكلاكەرەوەیەو ئەركی حكومەتی عێراقییە بڕیارەكە جێبەجی بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پەیوەندی بە یاسای نەوت و غازی هەرێمەوە هەیە ڕاستە لە عێراق پرۆژەیاسای نەوت و غاز بوونی نییە بەڵام لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام حكومەتی عێراق دوو فاكتەری بەهێزیان بەدەستەوەیە كە دەتوانن مامەڵەی پێوەبكەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، یەكێكیان ئەوەیە لە دەستووری عێراق ئاماژە بەوەكراوە داهاتی نەوت لەهەر شوێنێكی عێراق هەبێت دەبێت داهاتەكەی بۆ سەرجەم گەلانی عێراق بێت، دووەمیش هەر لە دەستوور ئەوە دیاریكراوە كە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەندا بكرێت، لەكاتێكدا هیچكام لەو دوو خاڵە لە دۆسەی نەوتی هەرێم جێبەجێنەكراون.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ڕوونكردەوە، ئێمە دڵمان بەوەخۆش بوو كاتێك شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردوو هەر لە بەغدا ڕایان گەیاند كە لێكتێگەیشتنی باش هاتووەتە ئاراوە، بەڵام كاتێك گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان پێچەوانەكیمان بینی و ئەوە ڕاگەیەندرا كە حكومەتی هەرێم پابەند نابێت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، بۆیە ئەگەر بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەكرێت دوور نییە لێكەوتەی ئابووری و سیاسی زۆر خراپ بەدوای خۆیدا نەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، هەرئەوەش وادەكات كە جگە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بەغدا هیچ بژاردەیەكی دیكە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا نییە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this