داهاتی گومرگ لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە تریلیۆنێك و 500 ملیار دینار

0
412

SNN-عەلی حەمەسەعید

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات لە ساڵی ڕابردوودا لە %95 ی ئەو كاڵایانەی گومرگ كراون كاڵای هاوردەكراو بوون و تەنها لە %5 كاڵا هەناردە كراوە، هاوكات ئاشكراشی دەكات قەبارەی داهاتی گومرگ و باج لە دەروازە سنوورییەكان گەیشتووەتە ترلیۆنێك 500 ملیار دینار.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە %95ی ئەو كاڵاو شەمەكانەی كە گومرگ كراون ئەو كاڵایانە بوون كە هاوردەكراون و تەنها لە %5ی گومرگ و باج لەو كاڵایانە بووە كە هەناردەكراون، هاوكات بەرنامە و پلانمان داناوە بۆ ئەوەی لەمساڵدا ئاسانكاری زیاتر بكەین بۆ بازرگانان بۆ هەناردەكردن و هاوردەكردنی كاڵاو شەمەك لە دەروازە فەرمی و سەرەكییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەومەبەستەش بەرنامەمان هەیە لەڕێگەی كەمكردنەوەی باج قەبارەی هاوردە و هەناردە زیاد بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ساڵی ڕابردوودا قەبارەی داهاتی گومرگ و باج لە دەروازە سنوورییەكان گەیشتووەتە نزیكەی ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار، ئەوەش ڕێژەیەكی باشە لە داهات، هاوكات لەگەڵ حكوومەتی عێراقی لە پەیوەندیداین و گەیشتووینەتە لێكگەیشتن لەبارەی بابەتە داراییەكان و گومرگ و باج بەتایبەت لە بوارەكانی كشتوكاڵ بەجۆرێك لیستێكی یەكگرتووی كشتوكاڵی دابنێین بۆ دیاریكردنی ئەو جۆرە مادانەی كە پێویستە هاوردە یان هەناردە بكرێن ساڵانە و مانگانە.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی زیاتركردنی داهاتی گومرگ و باج لەمساڵدا دەمانەوێت ئاسانكاری زیاتر بۆ بازرگانان بكەین لە رێگەی كەمكردنەوەی باج لەسەر هەندێك مادەی هاوردەكراو كە بازاڕ پێویستی پێیەتی، هەندێكیشی باجی لەسەر زیاد دەكرێت، بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، نرخی هەر مادەیەكیش كە دیاری دەكەین بەهەماهەنگی دەبێت لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this