“مه‌سرور بارزانى لێ به‌ده‌ر، ته‌نانه‌ت وه‌زیرى داراییش نازانێت داهاتى ئه‌م هه‌رێمه‌ چه‌نده‌”

0
314

SNN – عەلی حەمە سەعید
جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بایكۆتكردنى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانیه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سى خۆیه‌وه‌ نییه‌، ده‌شڵێت: “مه‌سرور بارزانى لێ به‌ده‌ر كه‌س نازانێت داهاتى ئه‌م هه‌رێمه‌ چه‌نده‌”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى نیسان، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند، “ئەو هەڵوێسته‌ى كه‌ قوباد تاڵەبانی، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و تیمی یەكێتی لە حكومەت وەریانگرتووە و بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران ناكەن، هیچ پەیوەندیی به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سى، یاخود هیچ دۆسیەیەكی دیكەوە نییە، په‌یوه‌ندى به‌وه‌ هه‌یه‌ لە مێژە یەكێتی لە هەڵسووكەوتەكانی سەرۆكی حكومەت نیگەرانە، بەڵام زۆر دانی بەخۆیدا گرت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە مامەڵەكانی بكات لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان، بەڵام تادەهات زیاتر لەخۆی بایی دەبوو، ئەمە وای لە جێگری سەرۆكی حكومەت و تیمی وزاری یەكێتی كرد هەڵوێست وەربگرن”.

له‌باره‌ى هۆكارى نیگه‌رانى تیمى وزارى یه‌كێتى له‌ مه‌سرور بارزانى؟ لوقمان وه‌ردى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، “ئەوەی زیاتر جێگری سەرۆكی حكومەت و تیمی وزاری یەكێتی نیگەران كردووە ئەوەیە، داهات لەم كابینەیەدا ناشەفافە و تەنانە وەزیری دارایی ئاگاداری داهات و خەرجییەكانیش نییە. ئه‌مه‌ سەرەڕای ئەوەی بە مەبەست لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە گەمارۆ خراوەتە سەر سلێمانی و سزای هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدرێت”.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، “جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌هۆى هه‌ڵوێستى كه‌سییه‌وه‌ بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى كردووه‌”، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “نیگەرانی و ناڕەزایی قوباد تاڵەبانی هەڵوێستێكی كەسی نییە و هەڵوێستی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە لەڕێگەی بەیاننامە و لەڕێگەی راگەیاندنەكانەوە ئەو هەڵوێستەی جێگری سەرۆكی حكومەتی ناگۆڕدرێت تا ئەوكاتەی ئەو مامەڵەیەی سەرۆكی حكومەت بەرامبەر بە سلێمانی و داهاتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و بەیەك چاو سەیری هەموو شارەكانی هەرێم دەكرێت و كۆتایی بە جیاكاری دەهێندرێت”.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ سه‌میر هه‌ورامى، وته‌بێژى قوباد تاڵه‌بانى، جێگیرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ نوێترین لێدوانى میدیاییدا رایگه‌یاند، “هه‌ركات حكومه‌تى هه‌رێم توانى كێشه‌ى مووچه‌ى سلێمانى چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وكات تیمى یه‌كێتیش له‌ حكومه‌ت له‌باره‌ى پرسى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران قسه‌ى خۆمان ده‌بێت”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this