نوێترین زانیاری لەبارەی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق

0
465

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات لەكۆبوونەوەی سەركردەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ڕێككەوتن لەسەر مادەی 13ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی كراوە كە تایبەت بەپرسی مامەڵەكردن بە نەوتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ماوەتەوە مادەی 14ی پرۆژەیاساكەیە، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دیارینەكراوە بۆ رادەستكردنی رەشنووسی بودجە بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە.

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە SNN-ی ڕاگەیاند: دوای ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە مادەكانی 13 و 14ی تایبەت بە پشكی كورد روویاندا لە لیژنەی دارایی، دانیشتنەكانی لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ڕاوەستاون، چونكە چاوەڕێی ڕێككەوتنی سیاسی دەكرێت لەنێو سەركردەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، هاوكات لەدواین كۆبوونەوەشیاندا رێككەوتن لەسەر مادەی 13 كراوە و مادەی 14ش هێشتا روون نییە رێككەوتنی لەسەر كرابێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ناكۆكی لەسەر گۆڕانكارییەكانی لیژنەی دارایی لە بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم نەتواندراوە پرۆژەیاساكە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت، هاوكات پرسی گواستنەوەی پارە لە سێكتەرێكەوە بۆ سێكتەرێكی دیكە كە بە ( موناقەلە) ناودەبرێت هێشتا ڕێككەوتنی لەبارەوە نەكراوە، بۆیە هێشتا كۆبوونەوەی لیژنەكە دیارینەكراوە بۆ ئەوەی دوایین گۆڕانكاری بكرێت و رەشنووسەكە رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی بكرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتەكەی نییە چ هەناردەبكرێت یان لە نێوخۆدا بەكاربهێنرێت وەك لەمادەی 13 ڕێككەوتنی لەسەركراوە، رازییە بەوەی نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بەڵام تائێستا بابەتەكانی داهات و هەناردەی نەوت و هەژماری بانكی و كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و نەینەوا رێككەوتنیان لەبارەوە نەكراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this