قوباد تاڵەبانی: هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کەمتەرخەم بێت لە راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت

0
367

SNN-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبووەوە و رایگەیاند، دەبێت تا کۆبوونەوەی داهاتوو کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێت، کێشە و گرفتەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان چارەسەر بکرێن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی حوزەیرانی 2023 لە سلێمانی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبووەوە رایگەیاند، چیتر هیچ کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران قبوڵ ناکرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا، لەنێوان سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بەدواداچون و هەڵسەنگاندن بکەن بۆ کێشە و کەموکوڕییە ئیدارییەکان و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی و گرفتە ئیدارییەکان، هەر لەو ماوەیەشدا مامەڵەکانی پڕۆژەکانی وبەرهێنان تەواوبکرێن و ئامادە بکرین بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند، هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کەمتەرخەم بێت لە راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتیان، یان کێشە و گرفت لەبەردەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دروست بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەشدا، باس لە پلانی قەرەبوکردنەوەی هەموو ئەو زەویە کشتوکاڵیانە کرا کە دەکەونە ناو پرۆژەکانەوە لە سنوری کەلار و رزگاری. بڕیاریش درا کۆمپانیای جێبەجیکار بەزووترین کات دەست بکات بە دروستکردنی سایدی دوەمی شەقامی پشتێنەیی کەلار. هەروەها رێکارەکانی کۆڕنیشی سەر روباری سیروان تەواو بکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دەستبەکار بێت.

جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکان کە وەک یەک تیم کار بکەن و هەماهەنگی تەواو لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن تا لە ماوەیەکی نزیکدا ئامادەکارییەکان بۆ هەموو پڕۆژەکان تەواو بکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی کۆبوونەوەکانی قوباد تاڵەبانیدا بوو لەگەڵ بەرپرسان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە پێش هەفتەیەک بە هەمان شێوە لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و هۆشداری پێدان تا کۆبوونەوەی داهاتوو ئامادەکارییەکان بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری تەواو بکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتریش 4ی ئەیلولی 2022 لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی کۆبووەوە و لە ئەنجامدا توانرا لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی وەبەرهێنان بخرێتە گەڕ.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this