گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک، ئاسایشی ئاوی دانیشتووانی دەوروبەری زێیەکەی خستووەتە مەترسییەوە

0
419
وشكبوونى زێى بچووك له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى گۆڕانى كه‌شوهه‌واوه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN

 ماوەی پێنج ڕۆژە ئێران دووبارە ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دانیشتووانی شاری قەڵادزێ و دەوروبەری دروست کردووە.

پرۆژەی ئاوی خاسە کە لەسەر زێی بچووکە، بەیەكێك لە پرۆژە ستراتیجییەكانی شاری قەڵادزێ‌ دادەنرێت و ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی شارەکە دابین دەکات کە نزیکەی 100 هەزار کەس دەبن.

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی بەنداوی کۆلەسە لە سەردەشت لە سنووری ئێران، ئاستی ئاوی زێی بچووک بەشێوەیەکی بەچاو دابەزیوە، بەوەیش کێشەی کەم ئاوی لە ناوچەکە سەریهەڵداوە و هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی ئاوی ناوچەکە دروست کردووە.

سەلام عومەر بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە لێدوانێکیدا، باسی لەوە کرد کە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی بەنداوی کۆلەسە کێشەی زۆریان بۆ دروست بووە و وتی: ”لە ئێستادا پرۆژەکەمان بە نیوەی توانای خۆی کار دەکات، ئەمەیش وای کردووە کارمەندانمان شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەک و 24 کاتژمێر لە کاردابن بۆ ئەوەی بتوانن بەنداوی کاتیی دروست بکەن، چونکە ئەو بەربەستە کاتییانە دەتوانن ئەو ئاوە کەمەی هەیە بگێڕنەوە بۆ پرۆژەکەمان بۆئەوەی پرۆژەکە بە تەواوی نەوەستێت”.

سەلام عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە جاری دووەمە ئێران ئەو ئاوە دەگرێتەوە و وتی: ”گرتنەوەی ئاوی بەنداوی کۆلەسە لە ساڵی 2017ەوە بەو شێوەیە بەردەوامە. ساڵانە لە مانگەکانی تەمووز و ئاب و ئەیلوول گرفتی ئاوی خواردنەوەمان بۆ دروست دەبێت، ئەمەیش بووەتە حاڵەتێکی ئاسایی بۆ ئێمە، چونکە ئەم کێشەیە شەش ساڵە بەردەوامە”.

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، سەلام عومەر باسی لەوە کرد کە چارەسەری بنەڕەتی کێشەکە بە دروستکردنی بەنداوێک دەبێت و وتی: ”بەنداوی دەڵگە کە دەکەوێتە سەر پرۆژەی ئاوی خاسە لە قەڵادزێ، ڕەزامەندی حکوومەتی ناوەندی عێراقی هەیە. ئەوە زۆر پێویستە و پرۆژەیەکی ستراتیجییە. هەرکاتێک ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، دەتوانین سەرکەوتووبین لە پاراستنی ئاسایشی ئاو لەم ناوچەیە”.

بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەوەیشی خستەڕوو کە چەند جارێک لە ڕێگەی کەناڵە فەڕمییەکانەوە لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئەو کێشەیەیان لەگەڵ بەپرسانی خۆجێیی ورمێ باس کردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن ئەو کێشەیە مەرکەزیە و پەیوەندی بە تارانەوە هەیە و هیچ پەیوەندی بە ئیدارەی خۆجێییەوە نییە.

هەروەها بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین، سەلام عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو ڕووبارانەی هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتان و بە چەند وڵاتێکدا تێدەپەڕن هەماهەنگی هەبێت و بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بەکاربهێندرێن و هەموولایەک لێی سوودمەند بن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this