گوھدار زێباری مانیگرتووە و تەندروستی تێکچووە، هۆشداری لە دۆخی دەدرێت

0
426

SNN

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان رایگەیاند، ئەو تۆمەتە نوێیەی کە ئاڕاستەی گوهدار زێباری کراوە پەیوەست بە بونی چەک “ناڕاستە”، ناوبراو لەماڵی خۆی نەبوە لەمیوانییەک بوە و تاپڕەکە هی ئەو نەبوە و هی ماڵەکە بوە تەنانەت دەستیشی بەرینەکەوتوە، دەشڵێت، “گوھدار زێباری ئێستا لە ئاسایشی گشتی لە مانگرتنێکی وشکدایە و مەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانی ھەیە”.

ئەیھان سەعید لەبارەی ئەو تۆمەتە نوێیەی کە ئاڕاستەی گوهدار زێباری کراوە، رایگەیاند، “کاتێک گوهدار زێباری لە رێککەوتی 22ی 10ی 2020 دەستگیرکرا لەماڵی خۆی نەبووە لە میوانییەک بوە و تاپرەکە هی ئەو نەبوە و هی ماڵەکە بوە تەنانەت دەستیشی بەرینەکەوتوە ئەوەش واتای هیچ دەلیلێک نییە هی ئەوبێت، تاپرەکە لەکارکەوتوە و ھی سەردەمی ئینگلیزە و تەنها وەک شتێکی کەلەپوری ھەلگیراوە، نەک وەک ئەو تۆمەتەی کودەتا کە خراوەتە پاڵی”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشوتر و لەکاتێکدا گوهدار لە ئاسایش بو برابوە دادگا، پێش ئەوەی ببرێتە چاکسازی، وەک جۆرە دادگاییکردنێک تحقیقی لەگەڵ کرابو لەوبارەیەوە بە بێ پارێزەرەکەی بەڵام گوهدار ڕەتیکردبویەوە بەبێ پارێزەرەکەی لێدوان بدات و واتە ئەوکات نیازێک هەبو بەرلەوەی ببرێتە چاکسازی سزا بدرێت، بەڵام هەرئەوکات رەفزکرایەوە و داخرا .

نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت، “گوهدار وتویەتی پشکنین بۆ پەنجە مۆرم بکەن کە بەهیچ جۆرێک هی من نییە و تەنانەت دەستیشم بەرینەکەوتوە، بۆچی دوای نێزیکەی سێ ساڵ ئێستا دەیانەوێت ماددەی 15ی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەسەری بکەنەوە لە کاتێکدا ھی خۆی نیە”.

ئەوەشی خستوەتەڕو، “بەپێی (أصول المحاكمات الجزائية) و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هیچ کەسێک بەهۆی هەمان تۆمەتەوە دوجار سزانادرێت، لە 16ی ی 2021 لەکاتێکدا گوهدار زێباری و چوار لەهاورێیانی سزای شەش ساڵیان بەسەردا سەپێندرا، ئەم بابەتی چەک کەدەوترێت لەکاتێکدا چەک نەبوە تاپڕ بوە، بوبویە بەشێک لەکەیسەکە و لەدژیان وەک بەشێک لەدۆسیەکە بەکارهات کە دەیانوت چەکیان پێبوە، هەر ئەوکات لەدادگاییەکە وترا کە بابەتی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکە جیابکرێتەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک باس لە تاپر نەکرا کە جیا بکرێتەوە، هەر ئەوکات وەک بەشێک لەکەیسەکەیان پێی سزادران”.

نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت، “گوھدار زێباری ئێستا لە ئاسایشی گشتی لە مانگرتنێکی وشکدایە و مەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانی ھەیە و تاکە رێگاچارەی یاسایی و دادپەروەر ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی ھەرێم واز لە دەستێوەردان لە کاروباری دادگا بێنێت، گوھدار زێباری، شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و نەزیر بەرواری ئازادبکرێن و دەستبەرداری رق و تەحەدا و بەکارهێنانی دەزگا ئەمنیەکانی بێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە کەسانێک کە جگە لە خەباتی مەدەنی و قەڵەم هیچ ئامرازێکی دیکە بەکارناهێنن”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this