شارەزاییەکی ئابوری چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشکرادەکات

0
575

SNN

شارەزایەکی بواری دارایی و ئابوری رایدەگەیەنێت، هۆکاری چارەسەر نەبوونی کێشەی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بەهۆی حکومەتی هەرێم و ناوەندەوەیە، دەڵێت “تا ئێستا نە حکومەتی هەرێم و نە ناوەند ئامادەییان تێدا نییە کێشەیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی دووەم، م. نەبەرد کەریم، شارەزای دارایی و ئابوری، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لێدوانێکدا بە SNNی راگەیاند، “نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی بەغدا ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکەن”.

وتیشی “بەهۆی دوو خاڵەوە ناتوانن کێشەی مووچەخۆران چارەسەر بکەن، یەکەم حکومەتی هەرێم ئامادەی تێدا نییە سەرجەم ئەو داهاتە نانەوتیانەی کە بە رێگەی جۆراوجۆر و لە چوارچێوەی دەستوری حکومەتی عێراقیدا بوونی نییە، ئەو داهاتانە بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی عێراقی، خاڵی دووەمیش، حکومەتی عێراقیش نایەوێت راستەوخۆ سەرجەم پێداویستی  و موستەحەقاتی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات”.

روونیشیکردەوە، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی 2024 بەو ئاراستەیە بێت کە بە قازانجی مووچەخۆرانە یاخود نا، دەشڵێت “تاکو ئێستا من ئومێدێکم نییە کە لایەنە شیعییەکان رێکبکەون لەسەر بنەمای ئەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەو شێوەیە بێت کە بۆ مووچەخۆرانی 15 پارێزگاکەی تری عێراق دابین دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەکردووە، “حکومەتی هەرێم خۆی هۆکارێکە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت، کۆمەڵێک بیرکردنەوەی شۆڤێنی لە حکومەتی عێراقیدا هەیە دەیەوێت هەمیشە سزایی هەرێم و مووچەخۆرانی هەرێم بدات، نەک سیاسییەکان و حاکمەکانی هەرێمی کوردستان”.

هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد، “حکومەتی عێراقی لەبری ئەوەی بێت سزایی بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان بدات، سزایی مووچەخۆرانی هەرێم دەدات، ئەمە جیاوازییەکی زۆر گەورەیە، دەکرێت حکومەتی عێراقی ئەگەر نیاز پاکی و بیرکردنەوەی باشی هەیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەتوانێت رێگەی جیاواز بگرێتە بەر، تیایدا سزایی سیاسییەکانی هەرێم بدات و مووچەخۆران بەدوربگرێت”.

ئەو ئابوریناسە، وتیشی “حکومەتی عێراق سزایی مووچەخۆرانی هەرێم دەدات، ئێستا وای لێهاتووە هانا بۆ حکومەتی هەرێم دەبەیت، سەرجەم بەرپرسەکان ئاماژە بەوە دەکەن مووچەی مووچەخۆران لای حکومەتی عێراقییە نەک لای حکومەتی هەرێم”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this