هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بۆكاتی یەكلاكردنەوەی سكاڵاكانی پەرلەمان دواخرا

0
462

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە وابڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نوێی بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام بەوتەی پەرلەمانتارێكی كورد بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەو بڕگەیە بۆ كاتی یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دواخرا.

د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: لە دانیشتنكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمان دواخرا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو بڕگەیە خرایە دەنگدانەوە و دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەمان سەرۆكی نوێ‌ هەڵبژێردرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بۆ كاتی یەكلایی كردنەوەی ئەو سكاڵایانە دواخرا كە لە دادگای فیدراڵی تۆماركراون لەبارەی یەكێك لە كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان و هەروەها چۆنیەتی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان، بۆیە تا ئەوكاتەی سكاڵاكان یەکلایی دەكرێنەوە سەرۆكی نوێ‌ هەڵنابژێردرێت.

دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق 13-01-2024 بوو كە یەكەم دانیشتنی بوو لە ساڵی نوێدا و تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 314 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەكە بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كرا، هەریەك لە شەعلان كەریم لە تەقەدووم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی، سالم عیساوی لە سەروەریی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر، مەحموود مەشهەدانی و تەڵاڵ زەوبەعی لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆكایەتیی موسەننا سامەرائی و عامر عەبدولجەبار كە وەك سەربەخۆ و شیعە خۆیان کاندید كرد، لە گەڕی یەكەمی دەنگداندا هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی نەهێنا و ئەنجامەكە بەم شێوەیە بوو، شەعلان كەریم؛ 152 دەنگ، سالم عیساوی؛ 97 دەنگ، مەحمود مەشهەدانی؛ 48 دەنگ، عامر عەبدولجەبار؛ 6 دەنگ، تەڵاڵ زەوبەعی؛ 1 دنگ، پووچەڵ؛ 10 دەنگ كاندیدی براوە لە خولی یەكەم پێویستی بە 165 دەنگ دەبوو هیچكام لەو كاندیدانە ئەو دەنگەیان بەدەست نەهێنا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this