“دەبێت عێراق وریابێت لەوەی گروپێكی چەكدار وڵات پەلكێشی شەڕێكی نەخوازراو نەكات”

0
507

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەشێكی شیعەكان نیگەرانن لەوەی كە لایەنی كورد و سونەكان بەشداری كۆبوونەوەكەی تایبەت بە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیان نەكردووە و ئەوەیان پێڕاگەیاندوین كە كاتێك هێرشكرایەسەر هەولێر ئەوان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، بەڵام ئێستا كورد هەڵوێستی نییە لە كردنەدەرەوەی ئەو هێزە بیانیانە، دەبێت عێراق وریابێت لەوەی گروپێكی چەكدار وڵات پەلكێشی شەڕێكی نەخوازراو نەكات

دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەSNNی ڕایگەیاند: لە عێراق بەگشتی و لە ناو پەرلەمان دۆخێك هاتووەتە ئاروە كە بەتەنها لایەنێكی سیاسی ناتوانێت هیچ پرۆژەیاسایەك لە بەرژەوەندی خۆی یەكلای بكاتەوە، بە تایبەت ئێمەی كورد لە پەرلەمانی عێراق هیچ پڕۆژەیاسایەك بە تەنها بە دەنگی كورد تێناپەڕێت، بۆیە پەرلەمانتارە شیعەكان گلەییان لە كورد و سوننە كرد و نیگەرانییەكانیان لەوە دەربڕیوە كاتێك هێرشكرایەسەر هەولێر ئەوان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و بە بەشێك لە سەروەری عێراقیان داناوە، بەڵام ئێستا كورد هەڵوێستی نییە و ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان نەبوون لەبارەی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەدوای دانیشتنەكەی پەرلەمان ئەوان بەڕوونی ئەوەیان پیراگەیاندین كە ئەوانیش پێویستیان بە شیعەكان دەبێت بۆ دەنگدان بە هەندێك پرۆژەیاسا و هەمواركردنەوەی هەندێك پرۆژەیاسای دیكە، بەڵام ئەو كاتە ئەوانیش هەڵوێستیان دەبێت، بۆیە لەبەرئەوەی ئێمە كاری زۆرمان ماوە لە پەرلەمان و هیچ پڕۆژەیاسایەك بە تەنها بە دەنگی كورد تێناپەڕێت، پێویستیمان بە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هەمواری یاسای بودجە و ماددەی 140هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مافە دەستورییەكان و شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان دەبوو ئەو دۆخەمان لەبەرچاو بگرتایە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پێویستمان بە لایەنی شیعەكان و سوننەكان دەبێت، چونكە هیچ یاسایەك بە تەنها بە دەنگی پەرلەمانتاری كورد تێناپەڕێت، بۆیە دەكرا كورد بەشداری كۆبوونەوەكە بكات، بەڵام دەنگ بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نەدات، چونكە ئێمە دژی هەر دەستێوەردان و دەستدرێژییەكین و پێویستە ڕەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەكان بكرێت و پێویستە عێراق وریابێت لەوەی گروپێكی چەكدار وڵاتەكە پەلكێشنەكاتە ناو شەڕێكی نەخوازراوەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this