SNN زانیارى له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى شیعه‌كان له‌باره‌ى هه‌موارى یاساى بودجه ئاشكرا ده‌كات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
SNN – عەلی حەمەسەعید
وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكرایده‌كات، تاوه‌كو ئێستا لایه‌نه شیعه‌كان نه‌یانوتووه به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌موارى یاساى بودجه ناكه‌ن.
دوێنێ هه‌ینى 16ى شوبات، نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، “چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 بگاتە پەرلەمان و ههمواركردنهوهكهى تاوه‌كو کۆتایی مانگی ئازار بخایەنێت. بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە نێوان هەردوو حکومەتدا بۆ چارەسەر کردنی کێشە داراییەکان”.
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى لایه‌نه شیعه‌كان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 17ى شوبات، سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە SNNی راگەیاند، “ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى كه باس له‌وه ده‌كه‌ن لایه‌نه شیعه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه كه ده‌نگ به هه‌موارى یاساى بودجه نه‌ده‌ن دوورن له راستیيهوه، چونكه تاوه‌كو ئێستا ئه‌و فراكسیۆنانه هه‌ڵوێستى فه‌رمى خۆیان له‌وباره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاندووه و نه‌یانوتووه كه، ده‌نگ به هه‌موارى یاساى بودجه ناده‌ن و ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان نابن”.
به وته‌ى وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى، “ئەو قسانەی باسكراون، گوایه شیعەكان بەشداری كۆبوونەوەی تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە ناكەن، تەنیا لێدوان و قسەی هەندێك لە پەرلەمانتارە و گوزارشت لە بۆچوونی فراكسییۆنە شیعەكان ناكات لە پەرلەمانی عێراق”.
سۆزان مه‌نسور له وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى، ئایا فراكسیۆنه‌كه‌ى قسه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌كان كردووه له‌و باره‌یه‌وه؟ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ” ئێمە بە فراكسیۆنە شیعەكانمان راگەیاندووە، ناكرێت مووچەی فەرمانبەران و بژێوی خەڵك تێكەڵ بە بابەتێكی سیاسی بكرێت و ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەیە كه نابێت ئه‌م دوو بابه‌ته تێكهڵبكرێن”.
رۆژى 10ى شوبات، به واژووى 108 ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى “تاوتوێكار”ى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پێشلكردنى سه‌روه‌رى خاكى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه و ده‌ركردنى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌ڕێوه‌چوو، هیچ یه‌ك له فراكسیۆنه كوردییه‌كان واژوویان له‌سه‌ر نووسراوى كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كرد.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى حه‌ماس و ئیسرائیل له 7ى تشرینى دووه‌مى 2023، گروپهكانى سه‌ربه مقاوه‌مه‌ى ئیسلامى هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا له عێراق و سوریا ده‌ستپێكردووه. له ده‌رئه‌نجامى ئه‌وه‌شدا، شه‌وى 2ى شوبات، هێزه‌كانى ئه‌مریكا له عێراق و سوریا به 125 مووشه‌ك زیاتر له 85 بنكه‌ى گروپه چه‌كدارییه‌كانى نزیك له ئێرانیان كرده ئامانج و كوژراو و بریندارى لێكهوتهوه. پاش تێپه‌ڕینى پێنج رۆژ ئه‌مریكا لە ناوچەی مەشتەلی ڕۆژهەڵاتی بەغدا ئۆتۆمبێلى دوو سه‌ركرده‌ى حیزبوڵاى عێراقیی به ناوه‌كانى ئەبو باقر ساعدی و ئەرکان عەلیاوی كرده ئامانج و له ئه‌نجامدا هه‌ردووكیان گیانیان له‌ده‌ستدا. ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى له سوریا چه‌ند فهرماندهیهكى سوپاى پاسداران كرانه ئامانج. هه‌موو ئه‌مانه ناڕه‌زایه‌تى حكومه‌تى عێراق و لایه‌نه سیاسیه‌كانى به‌دوادا هات و به، “پێشێلكردنى سه‌روه‌رى خاكى عێراق له قه‌ڵه‌میاندا”.
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
3 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
4 hours لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
June 3, 2026
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
3 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
4 hours لهمهوپێش


