وەزارەتی دارایی: کورتهێنانی مووچەی مانگی 5 بە قەرز پڕ دەکەینەوە و دابەشکردنی مووچە لە جەژنیشدا بەردەوام دەبێت

0
48

SNN

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای ناردنی 50 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی و هەبوونی کورتهێنانی 80 ملیار دینار لە تەمویلەکەی بەغداد، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکات.

ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتی پێش کۆتایی مانگ

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرلەبەیانی ڕۆژی 25-05-2026 بڕی 50,000,000,000 پەنجا ملیار دیناری وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی فیدراڵ. وەزارەت دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاریدا نییە هێشتا 6 ڕۆژی مانگ مابێت و داهات ڕادەست بکرێت، بەڵام بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک، ئەم بڕەیان پێشوەختە ناردووە.

ناردنی تەمویلی کەمتر لە لایەن بەغدادەوە

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆی بڕی پێویست بۆ مووچە 970,741,514,914 دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کاتژمێر 3:00ـی دوانیوەڕۆ و لە کاتی کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی، تەنیا 890,502,000,000 دیناری ناردووە. بەمەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ زیاتر لە 80,000,000,000 هەشتا ملیار دینار کەمتر لە شایستەی ڕاستەقینەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کردووە.

پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە لە ڕێگەی قەرزەوە

وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ئەو کورتهێنانەی کە لە تەمویلی مووچەدا دروستبووە و بڕەکەی 80 ملیار دینارە، لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکاتەوە. ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە کە سەرجەم مووچەخۆران پێش جەژن یان لە ڕۆژانی جەژندا شایستە داراییەکانیان وەربگرن و هیچ کەسێک بەهۆی کەمیی تەمویلەکەی بەغدادەوە بێبەش نەبێت.

کات و خشتەی دابەشکردنی مووچە

وەزارەت سەرجەم بانک و گەنجینەکانی ڕاسپاردووە کە هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن. خشتەی دابەشکردنەکە بەم شێوەیە دەبێت:

ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن، بەهۆی کاتی گواستنەوەی پارە، پێویستە لە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن.

ئەوانەی لە ڕێگەی “هەژماری من” مووچە وەردەگرن، لە کاتژمێر 3:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەتوانن پارەکانیان لە ئامێرەکانی ATM ڕابکێشن.

لە ڕۆژانی جەژندا دابەشکردنی مووچە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە بەردەوام دەبێت.

تێبینی بۆ مووچەخۆران

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە کە هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک نەتوانێت لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا مووچەکەی وەربگرێت، دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی سەردانی بانکەکان بکات و شایستە داراییەکانی وەربگرێت. پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی جەژندا بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت تاوەکو هەمووان مووچە وەردەگرن

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this