
دۆلار و تمەن
SNN
بەهۆی لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان تاران و واشنتن، بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد و تەنیا لە چوار ڕۆژدا هەر 100 دۆلارێک 3.5 ملیۆن تمەن لە بەهاکەی لەدەستداوە.
نرخی نوێی تمەن بەرامبەر دۆلار و دینار
دانا مەولود، مامەڵەکاری ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 15,500,000 تمەنە بە شێوازی حەواڵە، کە هاوشێوەی نرخی بۆرسەی تارانە. سەبارەت بە نرخی کاش، 100 دۆلار بەرامبەر 12,500,000 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها بەهای 100,000 تمەن بەرامبەر 1,250 دیناری عێراقییە.
کاریگەریی ڕێککەوتنی تاران و واشنتن
بەرزبوونەوەی بەهای دراوی ئێرانی پەیوەستە بەو لێکتێگەیشتنانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان ئێران و ئەمریکا هاتوونەتە ئاراوە. ئەم لێکتێگەیشتنانە کە وەک ڕێککەوتن دەبینرێن، بوونەتە هۆی بەهێزبوونی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی دیکە لە ناوخۆی ئێران و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
دابەزینی نرخ لە ماوەی 4 ڕۆژدا
لە ماوەی تەنیا 4 ڕۆژدا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە نرخەکاندا ڕوویداوە. پێشتر بەهای 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە گەیشتبووە 18,000,000 تمەن، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزیران، نرخەکەی بۆ 15,500,000 تمەن دابەزیوە، واتە بۆ هەر 100 دۆلارێک 3,500,000 تمەن لە نرخەکەی کەمبووەتەوە.
جموجۆڵی بازاڕ و کڕینی تمەن
بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی لە بەهای دراوەکەدا ڕوویداوە، بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو جموجۆڵیان تێکەوتووە. دانا مەولود ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان ڕوویان لە بازاڕەکان کردووە و دەستیان بە کڕینی تمەنی کاش کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بەرزبوونەوەی بەهای ئەو دراوە.
More News
-
بەهای تمەن بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ 15.5 ملیۆن تمەن دابەزی
22 mins لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



