لەسەر ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی یەکێتی کێشەکانی ئاو و کارەبای چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێن

0
223

SNN-

بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئاو، کارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ پەرلەمانتاران و نوێنەری چالاکوانانی چەمچەماڵ کۆبووەوە و بڕیاری پێویستی بۆ خێراکردنی پڕۆژەکانی قەزاکە دەرکرد.

کۆبوونەوەی نوێنەرانی چەمچەماڵ لەگەڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ جاری دووەم کۆبوونەوەیەک لەنێوان ڕەفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەریەکە لە پەرلەمانتاران (ئازاد محەمەد، هەڵمەت هۆشیار و لاوێن شەهید ئەردەڵان) لەگەڵ ئاوات خەیروڵڵا، نوێنەری چالاکوانانی چەمچەماڵ بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتیی قەزاکە و ئەو فشارە خزمەتگوزارییانە کرا کە لەسەر هاووڵاتییانی ناوچەکە هەیە.

خستنەڕووی گرفتەکانی ئاو، کارەبا و ڕێگەوبان
نوێنەرانی پەرلەمان و چالاکوانانی چەمچەماڵ ڕاپۆرتێکی وردیان لەسەر کۆی کێشە و گرفتەکانی قەزاکە پێشکەش بە جێگری سەرۆکی یەکێتی کرد. تەوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە پێکهاتبوون لە گرفتی کەمیی ئاوی خواردنەوە، کارەبای نیشتمانی، خراپیی ڕێگەوبانەکان و دواکەوتنی کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە، کە وەک داواکاریی سەرەکیی دانیشتووانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.

ڕاسپاردنی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەری کێشەکان
لای خۆیەوە، ڕەفعەت عەبدوڵڵا نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ڕاسپارد تاوەکو بەشێوەیەکی مەیدانی و خێرا کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکەن. بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوڵدەدرێت دۆخی ئاو و کارەبای قەزاکە باشتر بکرێت، ئەوەش لە ڕێگەی دابینکردنی موزەخەی نوێ و زیادکردنی بڕی پێدانی ئاو بۆ ناوچەکە.

خێراکردنی کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە
جگە لە چارەسەرە کاتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ خێراتر بکرێن. ئەم پڕۆژەیە وەک چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی بێئاوی لە قەزاکە دەبینرێت و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە کە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پڕۆژەکە بکەوێتە گەڕ و خزمەت بە دانیشتووانی چەمچەماڵ و دەوروبەری بگەیەنێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this