فالح ساری: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرم

مووچە بودجە
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ لە پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان ببڕێت و بڕی 830 ملیار دینارەکەی دیکە ڕەوانە بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆداوە داهاتی ناوخۆی هەرێم بەڕێژەی %60 کەمبووەتەوە و حکومەتی هەرێمیش پێشنیازی کەمکردنەوەی ئەو بڕەی بۆ 60 ملیار دینار کردووە.
کەمکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و پێشنیازی هەرێم
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی عێراق 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ، لە مووچە دەبڕێت و 830 ملیار دینارەکەی دیکە وەک مووچە دەنێرێت، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆشەوە، هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە، مانگانە 60 ملیار دینار بدات بە بەغدا.
ڕژدبوونی وەزیری دارایی لەسەر بڕینی 120 ملیار دینارەکە
بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ڕژدە لەسەر داواکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا مانگی پێشوو چاوەڕێی کرد تاوەکو هەرێمی کوردستان 50 ملیار دیناری نارد، بەڵام ئەم مانگە وەزیری دارایی عێراق، هیچ چاوەڕێ ناکات، هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ لە مووچە دەبڕێت و ئەویدیكەی کە 830 ملیارێک بۆ مووچەی مانگی حوزەیران دەنێرێت.
مەرجی کەمکردنەوەی بڕی پارەکە لەلایەن بەغداوە
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی پشکی داهاتی ناوخۆ بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە، تاوەکو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری نوێ لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەو بڕە کەمناکاتەوە و وەزارەتی دارایی 120 ملیار دیناری دەوێت.
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەڕی ئێران و ئەمریکا بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی %60ـی داهاتی ناوخۆ، بەجۆرێک پێش شەڕ و سەپاندنی سیستمی ئەسیکۆدا، مانگانە هەرێمی کوردستان 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، بەڵام مانگی پێشوو هەرێمی کوردستان تەنیا 86 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە.
کاریگەریی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل
بەرپرسی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆوە ڕوونیشیکردووە، سەرچاوەی گەورەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەسیکۆداوە تەنیا ڕێگە دەدرێت خۆراک و دەرمان هاوردە بکرێت، ئەویش دەبێت گومرگەکەی بدرێت بە وەزارەتی دارایی عێراق نەک هەرێمی کوردستان.
ڕێکارە داراییە نوێیەکان و زیانی بازرگانانی هەرێم
ئەو سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی گواستنەوەی مامەڵەی بازرگانان بۆ عێراق ڕایگەیاند، سیستمی ئەسیکۆدا ڕێگە نادات یەک دۆلار بدرێت بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان تاوەکو لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاڵا هاوردە بکەن، بەڵکو دەبێت لە دەروازەکانی عێراقەوە کاڵاکانیان هاوردە بکەن و پێش هێنانی کاڵاکان و لە کاتی کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی، دەبێت هەموو گومرگی کاڵاکانیان بدەن بە عێراق، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بەڕێژەی زیاتر لە %60.
بارگرانییە داراییەکانی سەر شانی هەرێمی کوردستان
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پابەندییانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ هەیە، بارگرانییە بۆ کۆکردنەوەی داهات، بەوپێیەی مانگانە لە داهاتی ناوخۆ دەبێت 43 ملیار دینار بۆ مووچەی گرێبەستەکان تەرخان بکرێت، چونکە ئەمە لە لیستی مووچەدا جێگەی نەکراوەتەوە و بەغدا خەرجی ناکات، جگە لەمەش مانگانە بۆ پرۆژەی ڕووناکی 45 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە کۆمپانیای داناغاز لەبەرامبەر پێدانی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.
پێشنیازی هەرێم بۆ نیوەکردنی بڕی پارەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 لە ئەنجوومەنی وەزیران، هەرێمی کوردستان پێشنیازی بۆ بەغدا کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، ئەو داهاتی ناوخۆیەی کە دەدرێت بە عێراق، بۆ %50 کەمبکرێتەوە و مانگانە ببێت بە 60 ملیار دینار، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا بەم داواکارییە ڕازی نەبووە.
چارەسەری کێشەکە و سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا
ئەو سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی داهاتووی داهاتی ناوخۆ و چارەسەری کێشەکان ڕایگەیاند، تاوەکو بابەتی ئەسیکۆدا چارەسەر نەکرێت بەردەوام داهاتی ناوخۆ کەمدەبێتەوە، بەڵام چارەسەر بکرێت بەئاسانی داهاتی ناوخۆ دەگاتەوە ئاستی جاران کە زیاترە لە 320 ملیار دینار و هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن، هەر بۆیە هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەسیکۆدا.
More News
-
فالح ساری: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرم
48 mins لهمهوپێش -
پەنا بۆ دادگا دەبەم و ڤیدیۆکە دەستکاریکراوە
8 hours لهمهوپێش -
کارێک بۆ ئەردۆغان دەکەم دڵی زۆر خۆش دەکەم
9 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
فالح ساری: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرم
48 mins لهمهوپێش -
پەنا بۆ دادگا دەبەم و ڤیدیۆکە دەستکاریکراوە
8 hours لهمهوپێش



