شاندی هەرێم لە بەغدا دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکان لە بودجەی 2027

کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و فالح ساری
SNN –
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەستپێکرد. سەردانەکە بە مەبەستی بەشداریکردنە لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم.
کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ
شاندەکە لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت کۆبووەوە.
شاندی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی هەرێمی لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بودجەدا بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند.
جەختکرایە سەر پێویستیی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا.
وەزیری دارایی فیدڕاڵ وێڕای پێشوازیکردن، دڵنیایی دا کە وەزارەتەکەی لە ڕۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات.
کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ
دواتر، شاندەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەبەرهێنانی حکومی ئەنجامدرا.
داواکرا هەرێمی کوردستان شایستەی خۆی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان وەربگرێت بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، لەگەڵ پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم، پارێزگاکان و پترۆدۆلار.
داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێم کرا لە وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان، بەو پێیەی هەرێم بە ڕێژەی پشکی خۆی لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان و سوودەکانیان بەشدارە.
شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارەکان دەربڕی و هەردوو لا لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی تەکنیکی ڕێککەوتن.
کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ
لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کۆبووەوە.
بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027
ئەجیندای کۆبوونەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن (بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمیشەوە)، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.
داهاتی نەوت
شاندی هەرێم جەختیکردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو حکومەت.
وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاساییەکان دووپاتکردەوە، و لە بەرامبەردا جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدڕاڵ کرا بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
More News
-
شاندێکی باڵای نەوەی نوێ سەردانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات
8 hours لهمهوپێش -
هەواڵێکی نوێ لەبارەی مووچە
8 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
شاندێکی باڵای نەوەی نوێ سەردانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات
8 hours لهمهوپێش



