پەرلەمانتارێک پڕۆژەیەکی بۆ گواستنەوەی راژەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا راگەیاند

0
1174

SNN-هەوراز ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشکی کورد، پڕۆژەیەکی بۆ گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر حکومەتی عێراق راگەیاندووە و لەوبارەیەوە داوای پشتیوانی پەرلەمانتارانی کوردستان دەکات.

رێبوار کەریم، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: پڕۆژەیاساکە تایبەتە بە هەموو پارێزگاکانی هەرێم و بە جۆرێکە کە هەر شایستەیەکی دارایی کە مووچەخۆرانی عێراق لێی سوودمەندبن، مووچەخۆرانی هەرێمیش بگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد: پڕۆژەکە بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەکەم تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان 753 هەزار و 880 کەسە.

وتیشی: قۆناغی دووەم تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی و شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی کە ژمارەیان 502 هەزار و 907 کەسە.

رێبوار کەریم باسی لەوەشکرد کۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆرانی فعلی لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 کەسە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەشکرد: حکومەتی هەرێم دژی ئەو پڕۆژەیەیە و ئامادە نیە لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بانکی رافیدەین بکات، لەکاتێکدا بانکی رافیدەین رەزامەندی نیشانداوە لەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو بانکەوە دابەشبکرێت.

راشیگەیاند: ئەگەر حکومەت بیەوێت 30  رۆژ جارێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت ئەم پڕۆژەیە بژاردەیەکی گونجاوە ئەگەرنا دۆخەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

هەروەها وتیشی: “ژمارەیەک لە فراکسیۆن و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتی لە پڕۆژەکە دەکەن”، بە بێ ئەوەی ناویان بهێنێت، داواشیکرد پەرلەمانتارانی کوردستان پشتیوانی لە پڕۆژەکەی بکەن.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this