لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی توركیا، یاداشتێك ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرێت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی فۆتۆ مەودا مستەفا
SNN- مەودا مستەفا
بەئامانجی رێگریكردن لەهێرش و پەلامار و لەشكركێشی توركیا بۆ سەر هەرێمی کورستان، كۆمیتەی بەرگری لەنیشتیمان یاداشتێك ئاڕاستەی هەریەك لە پاپای ڤاتیكان نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرۆكانی وڵاتانی جیهان، پەرلەمانتارانی پەرلەمانی وڵاتانی جیهان، رێكخراوەكانی داكۆكیكەر لە مافی مرۆڤ لە جیهان و كونسوڵی وڵاتان لە كوردستان دەكەن.
ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا یاداشتەكە لە لایەن (قاسم مەرزانی) خوێندرایەوە كە تیایدا هاتووە، لە كاتێكدا جیهان خەریكی شەڕی هاوبەشە بەرامبەر نەخۆشی كۆرۆنا و گەلی ئێمەش زیانی كەم نییە و هەروەها هەڵمەتی راوەستانی شەڕ لە جیهاندا هەیەو ئێمەش وەك قوربانی شەڕ پشتیوانی لەو هەڵمەتە جیهانییە بەسەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین، لەم كاتە ناخۆشەدا ئاگادارن كە توركیا شەڕێكی بەرفراوانی دژی میللەتی كورد و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی ناوچەكە هەڵگیرساندووە.
وتیشی “لە هەرێمی كوردستانی عێراق لەڕێگای پەلاماری زەمینی و هێزی ئاسمانییەوه گوندو ناوچە سڤیلییەكان ئاگرباران دەكات و پەلاماری كەمپی مەخمور دەدات بە چەكی زیرەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، لەكاتێكدا ئەوكەمپە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریدایە، هاوكات هاوشێوەی داعش پەلاماری ئێزدیەكانی شەنگال و كریستانەكانی دەڤەری ئامێدی و باتوفە دەدات وسەرلەنوێ ئاوارەیان دەكاتەوە، هێزی سەربازی خۆی لەناوچەكە جێگیردەكات وبەشێوەیەكی ئاشكراو روون ئەو شوێنانە داگیردەكات بەجۆرێك تا ئێستا لە 36 ساڵی رابردوو، 31 جار پەلاماری هەرێمی كوردستانی عێراقی داوەو سەدان كەسی سڤیلی كردۆتە قوربانی و بێدەرەتانی كردوون. توركیا لەئیستادا 29 بارەگای ئاشكرای لە هەرێمەكە هەیە، هەرئێستاش شەڕێكی بەرفراوانی بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر، لە زاخۆوە بۆ سیدەكانی، سەپاندووە بەسەر خەڵكی ناوچەكە، لەوكاتەی بەدەست نەخۆشی كۆرۆناوە گرفتار بوون.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، خەریكە لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گوندو شارەكانی كوردستان وێران و خاپوور دەكات، لە رۆژئاوای “سوریا” بە ئاشكرا سەروەری دەوڵەتێكی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشێل دەكات، شاری عەفرین و گرێ سپی و سەرێكانی و چەندین ناوچەی تری بە پاڵپشتی گرووپە تیرۆریستەكان داگیركردووە، چەكی فسفۆڕو قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بەپێی رێكەتنامەی جنێف دژی خەڵكی سڤیل بەكاردێنێت، دەیان نموونەی تاوانی زەق لە میدیاكانی جیهان بڵاوكراونەتەوە، كە ئەم راستیانە دەسەلمێنن، بەشیوەیەكی پلان بۆداڕێژراو دانیشتووانە رەسەنەكەی عفرین و سەرێكانی جینۆساید دەكات و خانەوادەی گرووپە تیرۆریستیەكان لە ناوچەكە نیشتەجێ دەكات لە پەنای دروستكردنی ناوچەی ئارام، كە لەراستیدا ناوچەی تاوانە، بەشێوەیەكی رێكخراو دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە دەگۆڕێت.
كۆمیتەی بەرگری لە نیشتیمان باسیانلەوەش كردووە، ئەو رەفتارانەی توركیا بەگشتی پێشێلكردنی یاسا نیودەوڵەتیەكان و مادەكانی پەیوەست بە مافی مرۆڤە لە راگەیەنراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەكەوێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەیتەوە، ئەو تاوانانەی دەوڵەتی توركیا هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكەو جیهان دەكات. بەمەستی كۆتاییهێنان بەو لاپەڕە خوێناویانەی مێژووی ئەو وڵاتەی داگیركردووەو خەریكە هەموو ناوچەكە دەكاتە گۆماوی خوێن، پێویستە رێز لە بوون و مافەكانی كورد و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان بگیرێت و خاكەكەیان بپارێزرێت.
لە یاداشتەكەدا ئاماژەی بۆئەوەش كردووە، له باشوور و ڕۆژهەڵاتی توركیا ( باكووری كوردستان) رۆژانە زیندانی نوێ دروست دەكات و شۆڕگێران و رۆشنبیرانی كوردو توركی تێدا دەئاخنێت، بەهاكانی دیموكراسی و مرۆڤایەتی چرووك دەكات و نوێنەرانی راستەقینەی خەڵك لە شارەوانییەكان و پەرلەمان دەردەكات.
لەكۆتایی یاداشتەكەدا هاتووە ، ئێمە داوا لەبەڕێزتان دەكەین بە ئەركی مێژوویی خۆتان هەڵسن و رادەیەك بۆئەو هەموو تاوانانە دابنێن، دەسەڵاتی خۆتان بەكاربێنن بۆ هێنانە سەرخەت و بزواندنی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بەداخەوە تا ئێستا بێدەنگە لەبەرامبەر ئەم هەموو تاوانە زەقە نێودەوڵەتیانە، پێوێستە لەو قۆناغە هەستیارەدا بەبەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆتان هەڵستن وژیانی دەیان ملیۆن مرۆڤ لە لەناوچوون و سڕینەوە بپارێزن، داواتان لێدەكەین ئەو بێدەنگییە بشكێنن و ببنە بەرگریكار لە پڕەنسیپ و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی، بێدەنگ بوونی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست جینۆسایدی میللەتێك، شەرمەزاریەكی زەق و بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی گەورەیە.
More News
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
6 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
11 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
12 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
6 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
11 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
12 hours لهمهوپێش


