بەهۆی تێکچوونی تەندروستی شا سەلمان سەردانەکەی کازمی بۆ سعودیە دواخرا

0
1259

SNN

وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند :”بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە سەردانی ئەمڕۆی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە دواخرا”.

عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیە لە تویتێکدا دەڵێت: ” سعودیە سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ وڵاتەکەی وەک یەکەم وڵات پاش دەستبەکاربوونی بەهەند وەردەگرێت و بەوپەڕی سەرکەوتنەوە تەماشای دەکات، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە بەرامبەر ئەو کارانەی ئەنجامی داوە و ئەو هەماهەنگییە پتەوەی لەگەڵ گەلانی عێراق هەیەتی، بۆیە سەردانەکەی بۆ وڵاتی سعودیە دواخرا تا پادشای وڵاتەکە لە نەخۆشخانە دێتە دەرەوە”.

هاوکار دیوانی شای سعودیە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: “شا سەلمان بن عەبدول عەزیز، داخڵی نەخۆشخانەی (مەلیک فەیسەڵ)ی تایبەت کرا بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بۆ زراوی و چاودێری کردنی باری تەندروستی”.

وابڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە وەفدێکی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی سەردانی وڵاتی سعودیە بکەن و لەو سەردانەدا چاویان بە شای سعودیە و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بکەوێت، وەک یەکەم سەردانی کازمی بۆ وڵاتانی دەرەوە دوای دەستبەکاربوونی، بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی شا سەلمان سەردانەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this