ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی عێراق: بەهۆی پاڵپشتی هێزە عێراقییەکان پەکەکە دەوروبەری شەنگال چۆڵناکات

0
1221

SNN

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هێزە چەکدارییەکانی سەربە پەکەکە لە دەوروبەری شەنگال ماون، ئۆباڵی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی شەنگال وەکو خۆی بۆ “بەرژەوەندی تاکی و حزبی” دەگەڕێنێتەوە.

نازم هەرکی لە لێدوانێکیدا بۆ SNN رایگەیاند: رێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە ئەگەرچی هەنگاوی باشی ناوە، لە ئێستادا لە ناوخۆی قەزای شەنگال جگە لە پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانی هێزی فیرقەی ١٥ هیچ هێز و چەکدارێکی دیکەی لێنەماوە.

راشیگەیاند: هێزە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە لە ناوچەکانی سەر بە شەنگال ماونەتەوە، ئەوەش بە پاڵپشتی هێزی عێراقی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “لە عێراق بڕیار دەدرێت و یاسا دەردەچێت بەڵام جێبەجێکردنی هێندە ئاسان نییە لەبەر بوونی سەرچاوەی بڕیاری زۆر و بوونی بەرژەوەندی تاکی و حزبی ئەمانە هەموویان هۆکارن”.

راشیگەیاند: “دەبێت رێککەوتنی شەنگال جێبەجێ بکرێت چونکە لە بەرژەوەندی خەڵکی شەنگالدایە، خەڵکی شەنگال ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ قەزاکە چونکە ئیدارەیەکی ناتەندروست بەڕێوەی دەبات”.

دەشڵێت: “ئەگەرچی ئەو وادەیەی حکومەتی فیدراڵی دیاریکردبوو بۆ ئەوەی چەکداران شەنگال جێبهێڵن تەواوبووە، بەڵام بەغدا دەستبەرداری ئەو رێککەوتنە نەبووە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەسەر هێڵە لەسەر ئەو پرسە، دەسەڵاتی جێبەجێکار چاوەڕوانی کاتێکی پێویستە بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکان لە شەنگال”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this