دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە بە لێبڕینەوە دەبێت

0
1940

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە وا بڕیاربوو دوای خستنەبواری جێبەجێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بێ‌ لێبڕین دابەشبكرێت، بەڵام بۆ ئەم مانگەش مووچە بە لێبڕینەوە دابەشكدەكرێت، هاوكات بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایش وادەی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی بە SNN وەرگیراون، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا لەلایەن بەغداوە هیچ بڕە پارەیەك ڕەوانەی هەرێم نەكراوە و هاوكات لە 25 مانگیش دەستبەدابەشكردنی مووچە دەكرێت، بۆیە ئەگەر حكومەتی عێراق ئەمڕۆش پارە بنێرێت، ئەوا فریاناكەوین بە لێبڕین دەستبەدابەشكردنی مووچە بكەین بۆیە بەدڵنیاییەوە مووچەی مانگی پێنج-یش بە لێبڕین دابەشدەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: دەبوو دوێنێ‌ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەبچوویایە تیایدا بڕو ڕێژەی لێبڕین بۆ مووچەی ئەم مانگە دیاری بكردایە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە بەڕێوە نەچوو، هاوكات دەسەڵات دراوەتە وەزارەتی دارایی كە بە گوێرەی داهاتی بەردەست رێژەی لێبڕین دیاری بكەن بۆیە بەدڵنیاییەوە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕێژەی لێبڕینی مووچەش دیاری دەكرێت و داوا لە گەنجینەكان دەكرێت بە گوێرەی ئەو لێبڕینە لیستی مووچە ئامادە بكەن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم جەختی لەوەشكردەوە: هەر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی تەكنیكی كە لە نوێنەری وەزارەتی دارایی و نەوت و چاودێری دارایی هەرێم پێكهاتوون دەڕۆنە بەغدا و لەگەڵ هاوتاكانیان لە بەغدا دەستبەگفتوگۆدەكەن بۆ ئەوەی ڕێژەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دیاری بكەن و هاوكات ئەو پێنج مانگەی رابردووش كە تیایدا پشكی هەرێم ڕەوانە نەكراوە یەكلایی بكرێتەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this