لە کوردستان توشبوون بە شێرپەنجە لەهەڵکشاندایە و خراپی خۆراک بەهۆکاری سەرەکی دادەنرێت

0
1197

SNN -عەلی حەمەسەعید

بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لەسلێمانی “تادێت ژمارەی توشبوون بەنەحۆشی شێرپەنجە ڕوو لەزیادبوون دەکات و لەئێستاشدا گرفتی کەمی درمانیان هەیە”، پزیشکێکی پسپۆڕیش خراپی خۆراک و پیسبوونی ژینگە بەهۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجە دەزانێت.

یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بەچارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: “مانگانە و ساڵانە ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و سنوری پرێزگای سلێمانی ڕوو لەزیاد بوون دەکات، بەجۆرێک لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەی هیوا هەزار و 31 توشبووی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “لەساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و 200 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون کە زیاد لە %11 ی ئەو کەسانەی تۆمارکراون خەڵکی پرێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوون زیاد لە %80ی توشبووانیش خەڵکی سنوری پرێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بوون، هاوکات بەهۆی ئەو ڕێژە کەمە پارەیەی کە بۆ کڕینی دەرمان دیاریکراوە، رووبەڕووی كێشەی كەمی دەرمان بوینەتەوە وكۆمپانیاكانی دەرمانیش ئامادەنین دەرمانمان پێبفرشن”.

لای خۆیەوە نەسرەدین عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک چاودێری خێزان، بۆ SNNی ڕوونکردەوە: “ئەگەر بەراوردبکرێت بە توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نێوان شارە قەرەباڵغەکان و قەزاو ناحییە وگوندەکان، دەردەکەوێت لە%80توشبووانی شێرپەنجە دانیشتووانی شارە قەرەباڵغەکانن پاشان قەزا و ناحییە و کەمترین توشبووش لە گوندەکانن، چونکە لەلایەک ژینگەی گوندەکان پاکترە لەشارەکان لەلایەکی دیکەشەوە خۆراکی خۆماڵی و سروشتی، کە لەگوندەکاندا زۆرتر بەکاردەهێندرێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە رێگریی لە تووشبوون بە شێرپەنجە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “بەشێکی زۆری ئەو خواردن و خۆراکانەی کە لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمەوە هاوردە دەکرێن، کوالیتیان زۆر خراپە و مادەی پارێزەری زۆری تیادا بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی ماوەی بەسەرچوونی درێژتربێت، بەتایبەت خۆراکە لەقتونراوەکان و شیرەمەنییەکان، کە بێگومان ئەو مادەپارێزەرانە هۆکارێکی دیکەی توشبوونن بە شێرپەنجە”.

ئەو پزیشکە پسپۆڕەی بواری خۆراک، ئامۆژگاری هاووڵاتیانیشکرد بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە توشبوون بە شێرپەنجە، “هەتا بۆیان دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لەکڕینی خواردن و خۆراکی لەقتونراو هەروەها بگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی خۆراکە سروشییەکان و دوورکەوتنەوە لە ژینگە قەرەباڵغەکان، چونکە ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت بەردەوام بێت، ئەوا لەچەندساڵی داهاتوودا توشبوون بەشێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان دەبێتە یەکەم نەخۆشی بەربڵاو بەراورد بە نەخۆشییەکانی دیکە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this